دەقی ڕوونکردنەوەکە:
روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە ڕێککەوتنی ئۆپێک پڵەس.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو بووە لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس (+OPEC) بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەو بڕەی لە کێڵگەکان بەرهەمهێنراوە.
وەک ئاشکراشە بەرهەمی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان ڕێژەکەی لە 10% تێپەڕناکات لەکۆی بەرهەمی گشتیی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی لە کەمکردنەوەی بەرهەم نییە بەپێی ڕێژەیەکی دادپەروەرانە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، بەرانبەر ئەوە حکومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی کوردستان دابین بکات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم کەمکردنەوەیە لەدەستی دەدات، بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت کاروباری خۆی بەڕێوەببات و ناشتوانێت خەرجییە سەرەکییەکانی خۆی دابینبکات، لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران، هەروەها بودجەی دابینکراو بۆ بەشێک لە قەرەبووی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانە کەمکرایەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی نانەوتی بەهۆی کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا (کوفید- 19) و نەناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج و شەش و حەوتی 2020.
ئەم بارودۆخە پێویستی بەوەیە حکومەتی فیدراڵ ڕەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی کوردستان بکات، کە لە شوباتی 2014ەوە پێیدا تێدەپەڕێت.
ئەوەی شیاوی باسە، لەم بارەیەوە لە ڕۆژی 18-4-2020 ڕێککەوتنێک لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، شاندی حکومەتی فیدراڵ کە لە جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە – وەزیری نەوتەوە سەرۆکایەتی کرا و، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزیری دارایی و ئابوورییەوە سەرۆکایەتی کرا، ئەم ڕێککەوتنە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیەندرا و، هەردوولاش دووپاتیان کردەوە پێویستە ڕەچاوی دادپەروەری بکرێت لە دەستنیشانکردنی ڕێژەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان و، لەسەر بنەمای ڕێژەی کۆی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق بێت و، نەبێتە هۆکارێک بۆ زیانی زیاتری ماددی بۆ هەرێمی کوردستان.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
22 ئوکتۆبەر 2020[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!