بۆ برای زیندانیم
برای زیندانی دوورە دیدارم
ئاخ بۆ بینینت دڵ پڕ جەغارم
تۆ لە زیندانا بێ ئاگای لە من
تۆی لە من دوور کرد خوێن خۆری دوژمن
خۆزگە پاش مردن بمدیبایەوە
تۆڵەی ئەم دووریەم بکردایەوە
بە شێوە و ڕەفتار هەر لە یەک ئەچووین
هەروەک گیانێک بووین لە دوو لەشدا بووین
نازانم دوای من چی بەسەر تۆ دێ!
دێتە بەرچاوت یادگاری دێ
دڵت دێتە جۆش وەکو من، چۆن بووم
کە لەدووری تۆ لە هۆش خۆم ئەچووم!
چەند جارێ (ئاسۆ)م ماچ کرد لە جیاتیت
لە ڕوویا دیار بوو نیشانەی ماتیت..
شیرین، شنۆ گیان، ڕوحەکەم ئاسۆ
سڵاو بۆ خزمان بۆ هەموان بۆ تۆ
من بە قوربانی باب و باپیرت،
پێشمەرگە بە تا حەڵاڵ بێ شیرت
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
حوزەیرانی 1979