یادێکی کوردستان
هاتەوە یادم شەوێکی قەندیل
هێنایە گریان دڵەی مات و دیل
ئەو دەستەی لەوێ بەفراو ئەیتەزاند
داخ کراوە لێرە بە ئاگر و ژیل
بە دەم ڕێگاوە بە نوکتە بازی
پیشا نمان ئەدا وەزعی ناڕازی
نەمان ئەزانی، چۆن ئەبڕێ وازوو
ڕێ ی دووری بەرەو لوتکەی هەورازی
سەرما و هەورازی قەندیل پیرۆز بێ
هەموو ئومێدتان هەر بە نەورۆز بێ
فەرامۆش ئەبێ ئەو کاتە هەرچی
ڕۆژێکی زستان سەخت و ئاڵۆز بێ
قەندیل کوێستانی دڵگیری وڵات
هەر هەتاکو- ئاب- داڵدەتان ئەدات
ئیتر دەواری داڵدە نامێنێ و،
تارای زیوینی نوێ ئەکرێ خەڵات
دواییش جریوە و بەفراوی بەهار
ئەسڕێ لە دڵان خەمی ڕۆژگار
ئەدڕی لە بەریا بەرگی وەرزی کۆن
ئەیگۆڕێتەوە بە شاڵی گوڵدار!
چەندەش ماندوو بن ئەحەسێنەوە
مادام بە ئازاد سەر ئەنێنەوە
مادام بە ویست و ئارەزووی خۆتان
دەستتان بە چەکی تۆڵە سێنەوە
خۆزگە منیش هەر لەوێ مابایەم
چەکەکەم بەس بوو لە جێ ی سەرمایەم
ڕانابرێ تەمەن لەم گەرمە سێرە
چونکە پەروەردەی ئەو جێ سەرمایەم
هاتەوە یادم شەوێکی - سارا -
لە نێو کەژاوەی وەرزی بەهارا
چیمەن ڕاخەر و، ئاسمانی شینی
پڕ لە ئەستێرەش، دەسماڵ و تارا
وەک ڕازانەوەی ئاڵ و واڵای بووک
لە ناو ئامێزیا لەشم ئەبوو سووک
چۆن بەسەر بووکا نوقڵ ئەباری
بە ئێمەش ئەبڕا نوقڵی بەڵاڵوک
کانی بەفراوی پڕ لە زیخ و چەو
ئەفسوونی ئەڕشت لەبەر مانگە شەو
خشەی دارمازووی بەر شنەی فێنک
چپەی دوانی بوو لە جێژوانی ئەو
جریوەی مەلی لانە لێ وون بوو
شمشاڵی شوانی شیعری (هێمن) بوو
داری جێ لانەی شەوی ڕابووردووی
بێ لانەیەکی تری لە بن بوو
شەو ئێشکچی بووم لەگەڵ هاوڕێ یەک
لە شوێنێکی بەرز لە بن هەرمێ یەک
خەیاڵی خاویش خولیا و خەریکی -
گەڕانی خۆی بوو، بۆ هەموو جێ یەک
جارێک پەپوولە و، جارێکیش مەل بوو
جارێک پشت کۆم و دەست کۆڵ و شەل بوو
جارێک فیشەکی ناو لوولەی چەکی
پارتیزانێک بوو، چاوەڕێ ی هەل بوو
جارێک بە هەوای هەناسە ئەبزووت
جارێک جێ گرتوو وەک کێوی - برزووت
جارێک سەهۆڵی چۆڕاوگەی دۆڵی
کوێستان و، جارێک پشکۆی سەرە بزووت
هێندە خێرا بوو ماڵی نەشێوێ
ئەو ناوە گەڕا هەتا پارشێوێ
وەکو تەتەرێک (ئۆرگان) ی پێ بێ
لە قەندیلەوە بۆ - سارا - و – زێوێ
جارێک بە پیادە و، جارێک بە سواری
ڕێ ی سەرەو ژوورو، ڕێ ی بەرەو خواری
ئالان و پشدەر - ئەگەڕاو هەموو
گۆمی چەم و زێ ببوونە بواری
ئەو ڕیزە شاخە تا - پیرەمەگرون-
کە پێستی سەری داگیرکەر ئەگرون
پێیان لە شەختەی سەهۆڵ ئەترازێ و
لاشەیان ئەبێ هەپرون بە هەپرون
بۆ کەشتی خەیاڵ ببوونە بەندەر
بۆ گەشتی ساڵێک لێ ی ئەخست لەنگەر
جارێک ئەبوونە جێ هەواری خێڵ
جارێک ئەبوونە بنکە و جێ ی سەنگەر
جارێک خەیاڵی هەتیوی بێ کراس
یان پێ تەزیوی، مل ڕووتی- پێ خواس
جارێک خەیاڵی باوەشێنی دڵ
بوونە هەوێنی ڕاز و باس و خواس
دوور و نزیک و، (ئاسمان و ڕێسمان)
بوونە تان و پۆی پەخشانی باسمان
مانگ و ئەستێرە ئەڕژانە ئاوی-
دوکان- و، ماسی ئەچوونە ئاسمان
بە ڕووی – دوکان- و، بە ڕووی – سورداشا-
لەو جێ بەرزەوە ئەمکرد تەماشا
ئەو گەڵا سەوزەی، سایەی سەرم بوو
نەم ئەگۆڕیەوە بە تاجی پاشا...
خۆزگە ئەمردم ئەوسا لەو کێوە
چەکەکەم ئەیبرد یەکێک لە ئێوە
وا ئێستا چەک و فیشەکدانەکەم
نازانم لە کوێ، بە شانی کێوە
هاتەوە یادم شەوێکی - قۆپی -
چرا تۆڕی گوند و، قەرەداغ گڵۆپی
بۆ سوخمەی ڕەشی شەو گۆبەرۆکی
زەماوەندێک بوون، قۆپی سەرچۆپی
لە زمناکۆ - وە هەتا - بەرانان –
بە ڕەشبەڵەک و لەنجە و خۆڕانان
ئەدرەوشایەوە (لالا) و لۆکس و
کارەبای خشڵی سابات و بانان
ئەو شار و گوندو، ئەو شاخ و هەردە
لە - باسەڕە - وە هەتا- گڵەزەردە-
هێمنی باڵی بەسەر کێشابوو
وەک بووکی شەرمن چووبێتە پەردە
خوڕەی کانیاویش لەو بەرەو خوارە
لێم بوونە خرمەی کرمەک و گوارە
لە دەستی – (دۆ)دا هێندە خەیاڵم -
هەڵپەڕی، ئێستاش هەناسەم سوارە
گەڵامێو، بوونە ڕستی (لاگیرە)
لاولاویش بوونە ملوانکەی (لیرە)
ئەوەندەم لەوێ تەماشا کردن
لێرەش بابەتی زاخاوی بیرە
ئاسمان ئاوێنەی پێش کەژاوە بوو
ساماڵێکی بێ، هەور و ژاوە بوو
بەڵام ئاسمان و زەوی ئەندێشەم
شانۆی نواندنی سەد ئاژاوە بوو
لە دڵما تۆوی چەند بیرەوەری
سەوز بوو، گوڵی کردو، هەڵوەری
دیسان بۆ وەرزی تازە تۆوی ڕشت
تا، بێ گوڵ نەبێ بۆ کوێرەوەری
لەو جێ ڕەشماڵ و، هۆبەو هەوارە
لوت بە بۆن کەوت و، چاو بە شەوارە
بۆیە تا ئێستاش ناتوانم باسی
تەواو بنوسم، دەست کۆڵەوارە
تاوێک گوێم ئەگرد لە ڕادیۆی ئێران
-ئێرانی ئێستا- ئاڵۆزی، وێران
تاوێ بەستەیەک لەسەر لێوم بوو
بە ئاستەم ئەمووت لەبەر نەوێران
ئەترسام کەسێک گوێی لە دەنگم بێ
بێت و ئاوێزەی گراوی شەنگم بێ
لەو شوێنەی شەوێ شایی سروشت بوو
بەیانی لەگەڵ دوژمن جەنگم بێ
دەستی هاوڕێ یەک نەگاتە دەستم
خۆشم بە تەنیا نەتوانم، هەستم
بەو ئەرکە وپەکی فرمانم کەوێ
نەگاتە ئەنجام وەک خۆی: مەبەستم
خەیاڵ، گەلێ جێی ئاوا کردەوە
گرەوی لە بزەی ساوا بردەوە
چی لە مردن کەم دەرفەتم نادا
نەخشەی خەیاڵم ببنە کردەوە
بەتەنیا شەوم ئاوا بردە سەر
کۆڵەکەم دانا، سەرم کردە سەر
خۆزگە ئەمردم لەوێ تا بۆتان
نەبوومایە هۆی ئێش و دەردی سەر
لەوێ ئەمردم، ئەنێژرام و بەس
ئیتر نەدەهات بۆ دیدەنیم کەس
باوک و دایکی (خۆشی نەچێشتوو)
وا نەدەبوونە خەڵوز و قەقنەس
ئێستا کەوتومە ئەم شوێنە تەنگە
ڕاخەرم خارو سەرینم سەنگە
پەی، بە ڕۆژگاری ئایندە نابەم
ئەپرسم، ئەژیم؟ کەس ناڵێ ڕەنگە
ئەمڕۆ لێرەم و سبەی لە گۆڕێ
چش با ناویشم نەیەتە گۆڕێ
من بەڵێنی خۆم هەر ئەبەمە سەر
ڕێبازم لەناو گۆڕیش نەگۆڕێ
قەندیل - وسارا -و قۆپی - ڕەنگینم
سامان وتاج و تەخت و نگینم
بۆ سەربەخۆیی گەل بوو، خەبات و
لەگەڵ ئارەزووی خۆما جەنگینم
گەرچی وەک ماسی دەریا لە تۆڕا
دیار نیم لە هیچ کەس مەگەر لە تۆ، ڕا
بەڵام ئاسوودەی ئەوەم، باوەڕم
بەسەد ئەشکەنجە و، تەفرە نەدۆڕا
من ئەڕۆم و تا ئێوەش بمێنن
هەزاری وەک من دەستە و دامێنن
ببنە سەربازی سەر لە پێناوتان
بێ ئەوەی بۆ گیان بەخشین دامێنن
زیندانی موسڵ
بەشی سێدارە
#08-06-1979#