بەخێوتان کردم
بەخێوتان کردم هۆ: بابە و، دایە
ویژدانم لە ژێر قەرزتان دایە
وامداری ئێوەم بۆیە لە تاوان
پێم وایە ئێسکم ئەکرۆژێ تاوان
تاوانی ئەوەی لە پێناوی من
ڕێتان کەوتۆتە بەر ماڵی دوژمن
تاوانی ئەوەی بۆم نەلوا دەرفەت
لابەم لەسەرتان ئازاری خەفەت
قەرزی ووڵات و گەلم دایەوە
بەڵام هی ئێوەم لەسەر مایەوە
خاڵ و خوشکەزا، ئامۆژن و مام
خوشک و برازا، براژن و برام
دۆست و دراوسێ، برادەر و هاوڕێ
ئەوەی جارێک دیم لە دوو هەنگاو ڕێ
پورزاو، خاڵۆژن، ئامۆزام و، پور
خزم و کەس و کار، لە نزیک و دوور
ئەڕۆم پێشوازی لە مردن ئەکەم
لە ئێوەش داوای لێبوردن ئەکەم
لە دڵ ڕەنجانی ئێوە ئەترسام
دەنا بێ سڵ بووم، لە مەرگی بەسام
ئاواتە خواز بووم لە دوای ڕۆژی ڕەش
بووکی ئازادی بگرمە باوەش...
بچمە سەر لوتکەی بەرزی حەسارۆست
بانگ بدەم بە گوێ ی خزم و برا و دۆست
کەم خواست و خۆزگەم گەیشتە ئەنجام
هێشتا لە ڕۆژی هیوا نەڕەنجام
هەر بە ماندوویی ماوم تا ئێستا
لە ڕێ ی چاکە بووم سوێند بە ئاوێستا
ئەوەی چاکە بوو لە ژینا کردم
هەر بە سەربەرزی ژیام و مردم
وەسیەتم وایە هەتا بمێنن
لە خۆتانەوە کەس مەڕەنجێنن
پرسەم بۆ مەگرن نەکەن بۆم بگرین
مەڵێن با قوڕی بۆ لەسەر بگرین
گریان کردەوەی بێ دەسەڵاتە
(توڕەیی شۆڕش) خەندەی ووڵاتە
دەرمانی دەردم ناکا شۆڕ و شین
چۆن ڕزگار ئەبین بەبێ (شۆڕ) و (ش)
لە بری بەرگی ڕەش سەرتاپا (خاکی)
لەبەر کەن هەتا نامێنێ ماکی
ئیمپریالیزم و بازرگانی جەنگ
دەرئەپەڕێنن بە لوولەی تفەنگ
ووڵات جێ دێڵن دوژمنانی گەل
خۆری ئازادی هەڵدێ لە دەم کەل
کاتێ ووڵاتی لە خوێنا ڕەنگاو
ڕزگاری ئەبێ هەنگاو بە هەنگاو
زانست و بیرو پێنوس و مەچەک،
شەن و پاچ و بێڵ، چەکوش وداس و چەک
بۆ گەل بێ، پیر و مناڵ و، گەنجی
نۆشی گیانی کات بەرهەمی ڕەنجی
تا ئەوسا ناوی ئێمەش ئەمێنێ
پەیکەرمان خەڵکی ی تێ ڕائەمێنێ
تا بەزیندوویی لەم سەر خاکە بن
وەسیەتم وایە ڕوو لە چاکە بن
سەر ئەنجامی ژین تەنها مردنە
ئەوەی زیندوو بێ، چاکە کردنە
هەیئەی تەحقیقی خاسە
کەرکووک
#03-01-1979#