کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان بە دروشمی “چەواشەکاری خیانەتە” گردبونەوە و ڕایانگەیاند، پێداگریی لەسەر داواکاریی ئاشکراکردن و سزادانی بکوژانی شەهید شوکری دەکەین و لەمەودواش شێوازی چالاکیەکانمان دەگۆڕین بۆ بەدواداچونی یاسای لەبارەی ئاشکراکردنی دۆسیەکە.
لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی و لە شوێنی شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، لە 12 یەمین هەفتەی چالاکیی هەفتانەدا، کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، گردبوونەوە و تێیدا داوایانکرد، بکوژەکانی شەهید شوکری ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.
کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، کە لەلایەن ئیبراهیم محەمەدەەوە خوێندرایەوە ئاماژەیان بەوەکرد، 99 ڕۆژ بە سەر تیرۆکردنی شەهید شوکری تێپەڕی، بەڵام هیچ وەڵامێکی ڕوون و ڕوونکردنەوەیەکی داپەروەرانەمان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە نەدراوەتەوە.
باسیان لەوەکرد ئیتر شوێنی چالاکییەکانیان دەگۆڕن و وتیان: بەهۆی کەمتەرخەمی و ناداپەروەری بەرپرسانی هەرێم و چەواشەکاری دەزگا ئەمنیەکان، سەبارەت بە شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، تا ئەمڕۆ لەو شوێنە گرد دەبوینەوە، کە تێیدا شوکری سەرحەد شەهیدکرا، بەڵام ئیتر شێوازی چالاکیەکانمان دەگۆڕین بۆ بەدواداچونی یاسایی لەبارەی ئاشکراکردنی دۆسیەکە.
کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان دووپاتی دەکەنەوە، بەهۆی کەمتەرخەمی و چەواشەکاری لە بەڵگەکاندا، سکاڵا بۆ دادگای سلێمانی بەرز دەکەینەوە و وەکوو خانەوادەی شەهیدان لە سەر خوێنی سوری شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان سۆز دەدەین و هەتا دواین دڵۆپی خوێنمان لە سەر ڕێبازییان بەردەوام دەبین.
لە کۆتایشدا، بە وتنەوەی دروشمەکانی شەهید نامرێ، بمرێ خیانەت و دانانی گوڵ لە شوێنی شەهیدکردنی شوکری سەرحەد، کۆتای بە چالاکیەکە هات.
یاسین بولوت ناسراو بە ‘شوکری سەرحەد’ ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە، ڕۆژی 17 – 9 – 2021 کاتژمێر 9 ی سەرلەبەیانی لە گەڕەکی چوارچرای شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە شەهید کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا بکوژرانی ڕادەستی دادگا نەکراون.[1]