ئامادەکردنی: #نوری بێخاڵی#
لە ئەرشیفی سەروەرییەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی نامەیەکی شەهیدی سەرکردە #(سەید سەلیم بێخاڵی#)یە بۆ مامۆستایانی قوتابخانەی گوندی #هەرتەل#، ئەو ڕۆژگارەی کە فەرماندەیی و سەرپەرشتیی هەر سێ هەرێمی (10/11/12)ی هێزی پێشمەرگەی لە ناوچەکەدا کردووە.
نامەکە ئاستی ئاگایی و هۆشیاریی ئەو سەرکردەیە نیشان دەدات لە بەرامبەر مەترسیی گەورەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کورد و کوردستان لە لایەن بەعس، کە لە ڕێگای پەروەردە و فێرکردن گرتبوویە بەر.
ناوەڕۆکی نامەکە پێمان دەڵێت، کە ئەو سەرکردەیە لە ئاستی بیر و بازوودا ڕووبەڕووی سیاسەتی تەعریب دەبووەوە، لە یەک کاتدا لە بەرە و سەنگەرەکانی پێشەوە شەڕی لەشکری جەیش و جاشی دەکرد، لە سەنگەری هۆشیاریشدا دژی سیاسەتی تەعریب دەجەنگا و درکی بە هەڕەشە و مەترسییەکانی پەروەردەی تەعریب کردووە.
دەقی نامەکە وەک خۆی:
بۆ/ برایانی بەڕێز، مامۆستایانی هەرتەل
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانەی گەرم
لە پاش سڵاو.. چەند پێشمەرگەیەکمان ناردوون، لەگەڵ کاک (ساڵح) فەرماندەی مەفرەزەکە هاتن بۆ سووتاندنی کتێبەکانی قوتابخانەکەتان و نووسراوم بۆ قائیمقامی شارۆچکەی #ڕانیە# نووسیوە لەو بارەیەوە. تکایە دڵگیر نەبن، چونکە واجبی سەر شانمانە و ئەبێت خۆشتان هەست بەوە بکەن چۆن سیاسەتی کوردکردن بە عەرەب بەردەوامە لە کوردستاندا و بەعسییە شۆڤینییەکان چۆن دەیانەوێ ڕەگەزی کوردایەتیمان لەبن هەڵکەنن، بەڵام خەیاڵیان خاوە، کورد حەبی ئەسپرین نییە قووت بدرێ. زۆر کەس ویستوویەتی قووتی بدا، بەڵام لە ئەنجامدا لە قوڕگی ماوەتەوە و خۆی خنکاوە.
ئیتر هەر بژین
براتان/ #سەید سەلیم سەید نەبی#
#06-11-1978#
دەی، ئەوان بەم گیان و ورەیەوە و بە بیر و بازوو، شەڕی بەعس و سیاسەتەکانیان کرد، کەچی دوای 30 ساڵ لە ڕاپەڕین، ڕۆژ دوای ڕۆژ و تا دێت، پەروەردە و فێرکردنی نیشتمانی و کوردبوون بێ بەها دەکرێت و خەریکە تەعریب بە شێوە و میکانیزمی دیکەی جیاواز دێتەوە ناو ماڵەکانمان و کەسیش باکی پێی نییە!
ئەفسووس، لە بەراوردی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی ئەو ڕۆژگارانە و واقیعی تاڵی ئێستاماندا، خەیاڵم چووەوە سەر دەقی شیعریی (شۆڕەش)ی شاعیر (#موئەیەد تەیب#)، کە تیایدا دەڵێت:
شۆڕەش وەک مرۆڤانە
دەما پیر دبن، گۆهێن وا گران و
چاڤێن وا قوسیر دبن
شۆڕەش وەک ڕیبارانە
دەما ڕێکا خوە بەرزە دکن
نە چیا ل هاوارێ تێن
نە دەریا هەمبێزا خوە بۆ وان ڤە دکن
شۆڕەش وەک خەونا شەڤا سنێلەکینە
بەر سپێدێ دزانی
شەڤێ دی ژ بلی لحێفکا وی پێڤەتر
کەس ل سەر جهێ وی نەبوو
شۆڕەش وەک زیلێن بوهارێنە
زی شین دبن
زی دبەهن
شۆڕەش وەک ددانێت شیرینە
زی سەر دکەڤن
زی ڕەش و کرمی دبن
زی د کەڤن
شۆڕەش وەک مە مرۆڤانە
دەما پیر دبن
بێ هێش و بیر دبن
[1]