ئەو هەڵەیەی دووبارە دەبێتەوە
#عارف قوربانی#
نازانم لەناو میللەتانی دیکەش وایە یاخود هەر ئێمەی کورد واین کە تەنانەت هەڵەکانی خۆشمان دەخەینە ئەستۆی مێژووەوە، دان بەوەدا نانێین ئەوە ئێمەین هەڵەیەک دووبارە دەکەینەوە، یان بە ڕێگەیەکی هەڵەدا دەڕۆین، بەڵکو ڕاستەوخۆ نیگەرانی لە بەختی کورد دەردەبڕین کە گوایە مێژووەکەی زوو زوو خۆی دووبارە دەکاتەوە.
لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە یەکەم ئەزموونی بزاوتی چەکداریی کورد، بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ڕابەرانی بزووتنەوەکەوە، کوردایەتی درزی تێکەوت. بوونە دوو ئاراستەی سیاسیی جیاواز و بە دوو هێزی چەکداری ناکۆک و دژ بەیەک. لەوێوە مێژووی کورد بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشت، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەگەر ئه و ڕووداوانە بەوجۆرە نەبووان مێژووی کورد بەوجۆرە نەدەبوو کە له لاپەڕەکانی مێژوودا نووسراوەتەوە. بەشی هەرە زۆری ئه و نەهامەتییانەی بەسەر میللەتەکە و تەنانەت بەسەر سرووشتی کوردستانیشدا هاتوون، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئه و هەڵانەی سیاسییەکانی ئەوکات کردوویانە.
ئەوەی وادەکات ڕووداوەکان دووبارە ببنەوە، دووبارەبوونەوەی مێژوو نییە، بەڵکو پەند وەرنەگرتنە لە مێژوو. ڕۆیشتنە بەسەر هەمان ڕێگەی هەڵەدا، کە دەمانگەیێنێتە هەمان ئه و دەرئەنجامەی لە ڕابردوودا زیانمان لێکردووە، وادەزانین ئەوە مێژوومانە خۆی دووبارە دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئەوە خۆمانین بە هەمان ئه و ڕێگە هەڵەیەدا ڕۆیشتووین کە پێشتر بەهۆیەوە سەرمان دابووی لە بەرد. بۆچی هەمیشە دەوترێت ئەزموون گرنگە، یاخود کەسانێکی تازە پەیدابوو کە کارێکی خراپ دەکەن دەگوترێت بێ ئەزموونن، ئاخر لەبەرئەوەیە مرۆڤی ژیر کە هەڵەیەکی کرد کەڵک لە هەڵەکەی وەردەگرێت، لانیکەم دووبارەی ناکاتەوە. ئەگەر وەک دەرئەنجام لە ڕووداوەکانەوە حوکم بەسەر ڕابردووی خۆماندا بدەین، دەتوانین بڵێین کورد سەرباری ئەزموونی زۆر و زەوەندی، بەڵام کەڵکی لە هەڵەکان وەرنەگرتووە و زۆرجار چەند بارەمان کردووەتەوە.
ئێستا دۆخێک لە کوردستان دەگوزەرێت ڕێک دووبارەبوونەوەی ڕووداوەکانی سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردووە. ئەوەی لەناو یەکێتی ڕوودەدات هەمان ئه و ئەزموونەیە کە لە شەستەکان لەناو پارتی ڕوویداو بەهۆیەوە کورد به و چارەنووسە خراپانە گەیشت کە مێژووی کوردیان ناشرین کردووە. ڕووداوێک کەس شانازی پێوە ناکات و هەموو ئەوانەی ڕۆڵیان لە بڕیاردا هەبوو لێی پەشیمانن. کەچی سەیرە دووبارەیشی دەکەنەوە. کێشه و ناکۆکییەکانی ناو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەپێی ئه و زانیارییانەی لای من هەن خەریکە سەردەکێشێ بۆ گرتنەوەبەری هەمان ئه و ڕێگە هەڵەیەی نزیک بە شەست ساڵ لەمەوبەر تاقیکرایەوە و بووە هۆکاری ماڵوێرانی گەورە، نەک هەر بۆ ئه و سەردەمە، بەڵکو بەدرێژایی ئه و ماوەیە تاوەکو ئێستا و بەدڵنیاییەوە بۆ داهاتوویش کورد هەر باجی ئه و هەڵەیە دەداتەوە.
رووداوەکە چی بوو؟
رابەران و سیاسییەکانی ئه و سەردەمە پێکەوە نەیانتوانی هەڵبکەن، دەرئەنجام بە ناخۆشی لەیەک جیابوونەوە و کەوتنە گوشار دروستکردن لەسەر یەکدی، شەڕ لەنێوانیان دروستبوو، بەرەیەکیان چووە بەغدا و بە سوود وەرگرتن لە پشتیوانیی عێراق گوشاری خستە سەر بەرەی دووەم، برین گەیشتە سەر ئێسک و تائێستاش دوای نزیکەی شەست ساڵ هێشتا ئه و برینە ساڕێژ نەبووەتەوە، بە هەزاران گەنجی کورد بوونە سووتماکی ئه و ناکۆکییە سیاسییەی کە هەر لە بنەڕەتەوە دەتوانرا چارەسەری سیاسییانەی بۆ بکرێت، یان هەر ڕووی نەدابووایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە ڕێگەی هەڵە دەستیان بۆ چارەسەرەکان برد و بە ڕێگەی هەڵەدا ڕۆیشتن، ئەنجامەکەی لە هەموومانەوە دیارە چ مێژوویەکی شەرمەزارکەر تۆمارکراوە. وەک چۆن ئەوکاتیش بەغدا و لایەنی دیکەش لە دەزگای هەواڵگریی وڵاتان و ناوچەکە دەستیان لە گەورەکردنەوەی کێشەکە و هاندان بۆ گرتنەبەری ڕێگە هەڵەکان هەبوو، ئێستاش بەهەمان شێوە هێزگەلی دیکە و دەزگای هەواڵگریی وڵاتان دان لەسەر ئه و ڕێگەیانە ڕۆدەکەن کە بەره و ئاقارێکی خراپ دەمانبەن. لایەنێکی ناکۆکییەکان خەریکی سەودا و مامەڵەن لەگەڵ بەغدا بەوەی وەک ئاراستەیەکی سیاسی لە بەغداوە کۆمەک بکرێن و بارەگای سەرەکییان ببەنە کەرکووک. لەوێوە درێژە به و ململانێیانە بدەن کە ئایندەی پرۆسەکەیان دەیخوازێت.
هیچ گومان لەوەدا نییە ئەوە ڕووبدات کە ئەگەر باڵێکی یەکێتی خۆیان وەک حیزب یان ئاراستەیەکی جیاواز بناسێنن و کەرکووک بکەنە سەنگەر، وەک چۆن لە نێوەڕاستی شەستەکان ڕوویدا و ئەوکاتیش هەر کەرکووک کرایە چەقی کێشەکان و بەغدا کۆمەکی چەکداری کردن. ئێستاش بە دوور نازانرێت ئه و ئاراستەیە بە کەڵک وەرگرتن له و ڕەوشە سەربازییەی لە عێراق هەیە، کە لە هەمانکاتدا زەوینە و ئامادەیی لەنێو کوردیش هەیە هێزی چەکداریی کورد لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی دروستبکرێت و بەمەش ناکۆکییەکان لە ناکۆکیی سیاسییەوە بۆ ململانێی چەکداری بگۆڕدرێن.
ئەگەر چارەسەرێکی عەقڵانی کێشە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان و ناو یەکێتیی نەکرێت، دەرگاکان بۆ ئەم مەترسییە کراونەتەوە، کە ئامانج لە خستنەڕووی لێرەشدا زەنگی ئاگادارکردنەوەیە، هیوادارم عاقڵمەندانی کورد لەم هاوارە تێبگەن.[1]