بابەت: چاوپێکەوتن
سازدانی ڕۆژنامەنوس: هاوڕێ کەریمی
د. #ڕەئوف عوسمان مەعروف#
سازدانی هاوڕێ کەریمی: لەم چاوپێکەوتنەدا، د. ڕەئوف عوسمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانی کوردستان، باس لە کارەکانی چوار ساڵی ڕابردووی پەرلەمانتارانی کورد دەکات لە بەغداد و ئەگەرەکانی داهاتووش تاووتوێدەکات. پێشیوایە خولی داهاتووی پەرلەمان خولێکی دژواردەبێت بۆ کورد...
چاوی خەڵک: چوار ساڵی ڕابردووی کارەکانی پەرلەمانی عێراق و لیستی هاوپەیمانیی کوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
د. ڕەئوف عوسمان: هەموو کارەکانی پەرلەمان چ لیستی هاوپەیمانی و چ لیستەکانی دیکە تاقیکردنەوەیەک بوو، هەموو تاقیکردنەوەیەکیش لایەنی پۆزەتیڤی تێدایە کە سەرکەوتنە و لایەنی نێگەتیڤیش هەیە، دەتوانم بڵێم بە شێوەیەکی گشتی هەندێک سەرکەوتن بەدەستهاتوون و مەرج نییە کە سەد دەر سەد بە دڵی ئێمە بووبێت، بەڵام کاتێک دەگەینە ئه و ئەنجامە، بەشێکی پەیوەندیی بە لایەنی بەرامبەرەوە هەیە، ئێمە کە دەمانویست یاسایەک دەرکەین کە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراق و بەرژەوەندیی کورد بێت بێگومان لایەنەکانی دیکە نەیانهێشتووە.
چاوی خەڵک: ئه و سەرکەوتنانە چین، لە کاتێکدا کە کێشە هەستیارەکانی وەک مادەی 140 و پێشمەرگە و بودجە و یاسای گاز و نەوت و چەندین کێشەی دیکە چارەسەر نەکراون؟
د. ڕەئوف عوسمان: ئێمە توانیمانە 13 بڕیای مەجلیسی سەورە هەڵوەشێنینەوە، کە ئه و بڕیارانە پیلانی زۆر ترسناکی تێدا بووە کە هەندێکی پەیوەندی بە سەڵاحیاتی هەندێک بەرپرس و ڕەهاکردنی دەستی موخابەراتەوە هەبوو.
جگە لەوە ئه و کۆدەنگییەی کە لە ناو هاوپەیمانیی کوردستاندا هەبووە جۆرێک لە هێزی مەعنەوی دابوو بە کورد، شیعە پەرش و بڵاو بوون، سوننەش هەروا؛ ئەوەش جۆرێک لە سایکۆلۆجیەتی هێز لای لایەنی بەرامبەر دەردەخات، یەکهەڵوێستی ئەوە دەردەخات کە کورد کێشەیەکی نەتەوەیی هەیە و لایەنەکانی دیکە کێشەی مەزهەبی و حکومییان هەیه و کێشەی نەتەوەیی بەهێزترە، هەندێک بابەت دژی کورد بوون نەمانهێشتووە بڕوات و هاوپەیمانیی کوردستان هەمیشە یارمەتیی و پاڵپشتی ئه و یاسایانە بووە کە دیموکراسی بەهێزدەکەن و دەنگی بۆداوە، بۆ وێنە یاسای دامەزراوەی شوهەدا و یاسای خانەنشینی و یاسای مافەکانی ژنان. ئێمەی کورد سەرکەوتنمان لە بەهێز بوونی دیموکراسیدایە و ئەگەر حکومەت بەره و دیکتاتۆری بڕوات ئێمە هیچمان بۆ ناکرێت.
سەبارەت به و کێشانەی کە باستکرد ئەوانە هەندێکی پەیوەندیی بە لایەنی جێبەجێکارەوە هەیە، بۆ وێنە یاسای نەوت و گاز یاسایەکی زۆر گرنگە، هەندێک فراکسیۆن دەیانەوێت دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان بسێنێتەوە و نەتوانێت هیچ مامەڵەیەک بە نەوت و گازەوە بکات و دەڵێن موڵکی حکومەتی مەرکەزییە و دەبێت پابەندبین بەوانەوە، ئێمە نەمانهێشتووە به و ئاراستەیە دەرچێت و ئەوەی ئێمەش ویستومانە ئەوان نەیانهێشتووە بۆیە بە پەکخراوی ماوەتەوە، ئەمە جۆرێکە لە بەرەنگارییکردن.
بۆ بودجە و 17 دەبێت بشتببەسترێت بە سەرژمێری لە عێراقدا، لە ساڵی یەکەمدا بە ڕێژەی 17 دانراوە و ئەوە بووە بەعورف و زۆرجار عورف تامی یاسا دەدات، تائێستا وابووە و ئەمساڵ و ساڵی پار جۆرێک لە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و نازانم لەبەرژەوەندیی ئێمە دەکەوێتەوە یان نا، ئەوە سەرژمێری یەکلاییدەکاتەوە، بۆ وێنە دەڵێن 17 دەدەین، بەڵام ئەگەر کەمتر بوو ئەوا لێتاندەستێنینەوە و ئەگەر زیاتر بوو بۆتان زیاددەکەین.
مادەی 140 مادەیەکی گرنگە و ئەم مادەیە پێویستی بە کاری زیاترە و ئێمە پێمانوایە ئه و مادەیە لەپەرلەمان دەرچووه و دەنگی بۆ دراوە، نابێت بخرێتەوە پەرلەمان، بەعسییەکان و شوڤێنییەکان دەڵێن کاتی بەسەر چووە و کاری پێناکرێت، وەڵامی ئێمە ئەوەیە ئەگەر قەرزبدەیت بەیەکێک بۆ ساڵێک و نەتوانێت له و ساڵەدا بیداتەوە، ئایا قەرزەکەی تۆ دەفەوتێت؟ بیگومان نا، ئێمە پێداگریدەکەین لە سەر مادەی 140..
بەڵام ئەوەمان لەبیرنەچێت لەلای کوردەوە کەمتەرخەمی بۆ جێبەجێکردنی کراوە، بەتایبەت لەلایەن لیژنەکانەوە، ئه و کەسانەی کە بۆ لیژنەکان دانراون دەبێت خەڵکێکی تایبەت بن و تەرخانبکرێن بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140، بەڵام ئێستا وانییە، هەرکەس کاری خۆی هەیە و مادەی 140 وەک پاشکۆ کاری بۆ دەکرێت، یەکێک کە وەزیر بێت، ناتوانێت وەزارەتەکەی بەجێبهێڵێت و بێت کار بۆ مادەی 140 بکات، مەگەر ئەوەی کاتی زیادەی هەبێت. ئەوە یەکێک لە هۆکارەکانە، حکومەتی بەغدا 20 ملیۆن دیناری داناوە بۆ ئه و عەرەبانەی دەڕۆنەوە، حکومەتی هەرێمیش دەیتوانی 10 ملیۆن تەرخانبکات کە دەبووە 30 ملیۆن و تەماحێکی زیاتری دەخستە بەردەمیان و ئەوانیش زووتر دەرۆشتنەوە، حکومەت ئه و پارەیەی هەیە و ئەوەش جۆرێکە لەکەمتەرخەمی کە هیچ هەوڵێکیتری نەداوە کە لە ڕێگەیترەوە ئه و کێشەیە چارەسەربکات.
شوێنە جێناکۆکەکان ئێستا یەک لەسەر سێی کوردستانە و ئەگەر بگەڕێتەوە سەر کوردستان پانتایی کوردستان زۆر زیاددەبێت و پانتایی حکومەت زیاددەبێت، ئه و شوێنانە سامانی سروشتیی وەک نەوت و گازی زۆر تێدایە و ئەمەش سەرەتایەکە بۆ دروستبوونی حکومەتی کوردی، ئەمە ترسێکی گەورەیە لەبەردەم دژەکانی ئێمەدا، کە دوو جۆرن: یەکەمیان عەرەبە شوڤێنییەکانن و ئێستا بەداخەوە برا تورکمانەکانیان ڕاکێشاوە، هەروەها دژەکانی دەرەوەی عێراق کە دەکاتە ئه و وڵاتانەی کوردی تێدایە و دەترسن ئەگەر پانتایی و دەسەڵاتی هەرێم زیاد بکات و ببێت بەدەوڵەت ببێتە تیشکێک بۆ پارچەکانی دیکە بۆیە هەموو هۆکارێک بەکاردێنن بۆ ئەوەی جێبەجێنەکرێت.
حەز دەکەم شتێکیتر بڵیم کورد هەڵسوکەوتی لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکانی کەرکووک گوماناوی بووە و بەپێی دەستور نەبووە، بە تایبەت تورکمانەکان، دروستکردنی حیزبی کارتۆنی تورکمانی و عەرەبی کە بەپارەی ئێمە بچێت بەڕێوە ئەنجامینابێت، تورکمانەکان پێماندەڵێن ئێوە ئه و سیاسەتی سەدام دووبارەدەکەنەوە کە حیزبی بۆ کوردەکان دروستدەکرد وەک جاشەکان و ئێستا کورد هەمان هەڵوێستی بەرامبەر تورکمان هەیە، ئەوان ئەوەیان بە من وتووە.
چاوی خەڵک: ئێوە پێتانوایە لایەنی جێبەجێکار هەڵنەستاوە بە چارەسەری ئه و کێشانە، ئەی ئێوە بۆ لەپەرلەمان هیچ کارتێکی فشارتان بەکارنەهێناوە تا لایەنی جێبەجێکار چارەسەری ئه و کێشانە بکات، بۆ وێنە کاتێک سوننە ویستی مالکی لابات، بۆ کورد لەبەرامبەر پشتگیری بۆ مالکی داوای هیچی نەکرد؟
د. ڕەئوف عوسمان: بێگومان دەبوایە ئه و کارە بکرایە، سیاسەت دانوسانە و شتێک دەدەیت و شتێک وەردەکرێت و سیاسەت خۆڕاهێنانە لە گەڵ گۆڕانکارییە خێراکان، پێویست بوو ئه و کاتەی سوننەکان کشانەوه و سەدرییەکان و مەجلیسی ئەعلا خۆی کشاندەوە دەمانتوانی بڵێین بە مەرجێک ناکشێینەوە کە ئەومان بۆ بکەیت، بەڵام ئه و زیرەکییە سیاسییەمان نییە و هەندێک وابیر دەکەنەوە کورد ئەم ڕێژە کەمەی لەحکومەتدا ببێت باشترە تا بوونی نەبێت، پێموایە کورد دەبێت چاوبخشێنێتەوە بە هاوپەیمانییەکانیدا، بە بۆچوونی من ئەوەندەی چاودێری هەڵسوکەوتەکانم کردووە، ئەوە سەلماوە کە کورد هاوپەیمانی ستراتیجی نەبووە و دەبێت هاوپەیمانییەتیەکانی بۆ قۆناغێک بێت. ئێمە یاسای بەکارهێنانی زمانمان پێشکەشکرد کە مافێکی دەستورییە و عەرەبەکان پێیاندەوتین بە زۆر دەتانەوێت بمانکەن بە کورد، ئیتر ئەوە هەڵوێستی ئەوانە.
چاوی خەڵک: چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە بەرپرسانی کورد و ئەندامانی پەرلەمان لاوازبوون و لەئاست ئه و شەڕەدا نەبوون کە لەبەغدا دەکرا؟
د. ڕەئوف عوسمان: ئه و لاوازییە بۆ سێ هۆکار دەگەرێتەوە، یەکەم حکومەتی هەرێم 100 لە پشت هەموو پرۆژەکانی ئێمەوە نەبووە و هەماهەنگییەکی ڕێکوپێک نەبووە لەبەینماندا کە ئەوان هەفتانە کۆبوونەوە لەگەڵ ئێمەدا بکەن و تەوجیهات و ڕێنمایی و زانیاریی بۆ ئێمە بنێرن و پرۆگرام دانێین و سیستماتیک کاربکەین، دەبوو هەموو هەفتەیەک بەرپرسانی کورد بهاتنایە بۆلای ئێمە، پێویست بووە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی کوردستان بەلایەنی کەمەوە مانگی دوو جار کۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنی جێبەجێکاری کورد لەحکومەتی عێراقدا بکردایە.
ئێمە حەوت وەزیر و جیگری سەرۆک وەزیران و بیست تا سی ڕاوێژکار و دەیان بەڕێوەبەری گشتییمان هەیە، ئەوان جێبەجێکارن و ئێمە یاسا دانەرین و ئێمە هیچ کۆبونەوەیەکمان نەبووە بۆ ئەوەی کارەکانمان بە ڕێکوپێکی بڕوات. هۆکارێکی دیکە ئەوە بوو لایەنی بەرامبەرمان زۆر توندوتیژ بوون لەگەڵماندا، لەکاتی تەنگانەدا یەکیاندەگرت و ئەوانەی لە 22 تەموز دژی ئێمە دەنگیاندا هاوپەیمانەکانمان بوون و ئەوە خەتای ئێمە نییە و ژمارەکەشمان ئەوەندە نییە کە خۆمان یاسا دەرکەین، دەتوانین شت تێکبدەین، ئەویش هەموو جارێک نا، لەپەرلەمانی داهاتودا شیعەکان دەتوانن خۆیان 50+1 بن و یاسا دەرکەن و لەگەڵ سوننە سێ لەسەر یەک پێک بێنن، ئەوە خاڵێکی لاوازە بۆ ئێمه و ڤیتۆ نامێنێت ئەوەش لاوازییە.
چاوی خەڵک: واتا لە خولی داهاتوودا پێگەی کورد لاوازتر دەبێت لە ئێستا؟
د. ڕەئوف عوسمان: دەبێت پابەندبن بە بنەمای تەوافق، چونکە لەخولی داهاتوودا بەتەوافق نەبێت کارەکانمان ناڕوات، مالکی زۆرجار داوادەکات زۆرینە و کەمینە هەبێت و حکومەت وا دروستبکرێت ئەوە بۆ وڵاتێک دەبێت کە هەمووی یەک نەتەوە بێت و ئەگەر زۆرینە لایەنی کەمینە بچەوسێنیچتەوە ئەوە دیموکراسیەت نییە.
چاوی خەڵک: ئەگەر زۆرینە لەگەڵ تەوافق نەبێت کورد چ ڕێگاچارەیەکی هەیە؟
د. ڕەئوف عوسمان: دەبێت هەوڵبدات لەسەر بنەمای تەوافق بمێنێتەوە، ئەگەر نا دەبێت داوای دروستکردنی لیژنەیەکی باڵا بکرێت لەسەر بنەمای تەوافق و کۆمەڵێک یاسای خۆی هەبێت و پشتببەستێت به و مادانەی کە دەسەڵاتی هەرێم بەهێزدەکات و لیژنەیەکی سیاسی دروستبکات کە بنەمای تەوافق بە جوانی بەرێت بەرێوە، تەوافق بۆ ئێمە لەبەغدا زۆر باشە و دەبێت سوور بین لەسەر تەوافق و لیژنەیەک بەناوی تەوافق یا یەکخستنی نەتەوەکان دابنرێت کە کار بۆ بنەمای تەوافق بکات.
چاوی خەڵک: لەچوار ساڵی ڕابردوودا ئێوە چەند جار لەگەڵ بەرپرسانی کورد کۆبوونەتەوە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان؟
د. ڕەئوف عوسمان: : ئێمە چەند جارێک لەگەڵ بەرێز مام جەلال دانیشتووین، لەگەڵ بەڕیز کاک مەسعود پێموایە دوو یا سێ جار کۆبووینەتەوە، بەڵام لەگەڵ وەزیرەکان و لایەنی جێبەجێکار کۆبوونەوەمان نەکردووە، جگە لەوەی بە شێوەی شەخسی یا بە تەلەفۆن پەیوەندییمان کردووە، بەڵام بە ڕەسمی هیچ کۆبوونەوەیەکی سیستماتیک وەک لۆبییەکی کوردی یا مەجلیسێک لە بەغدا بۆ دەستنیشانکردنی سیاسەتێکی تایبەت بۆ بەرێوەبردنی پرۆگرامێکی نەتەوەیی و زیاترکردنی دەسەڵاتی هەرێم نەکراوە.
زۆر جار ئێمە داوامانکردووە، بەڵام ئەوان نەیانویستووە و ئەوە کێشەیە، بۆ وێنە دوو جار بەرێز سەربەست بامەڕنی، کە جێگری وەزیری ڕۆشنبیریی بووە و ئێستا بەرێز فەوزی حەریری-یە، تائێستا بیریاننەکردۆتەوە کە یاسایەک دارێژن بۆ زمان، ناچار ئێمە خۆمان لەگەڵ کاک خالید شوانی یاسایەکمان گەڵالەکردووە و داومانەتێ کە بەکۆمەڵێک قۆناغدا ڕویشتووە، ئەگەر کاربەدەستە کوردەکان ئەوەیان بکردایە ئێمە یاساکەمان بەڕێوەبردبوو.
لەبەر ئەوە دەبێت لێپرسینەوە هەبێت و ماف و ئەرک دیاریبکرێت، دەبێت هەر وەزیر و جێگری وەزیر و بەڕێوەبەرێک کە لە کوردستانەوە دانرا دەبێت بیر لەوەبکاتەوە ئه و شوێنەی ئەوی لێیە تاچەند بەشی کوردی تێدایە و چی بکات ئه و بەشە کوردییە ڕاکێشێت، بۆ وێنە بەرێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری کوردی هەیە لە بەغدا کە دەتوانێت کتێب و گۆڤار و ڕۆژنامەی چاپ و بڵاوبکاتەوە و چەندان کۆڕو سمینار بگرێت.
چاوی خەڵک: ئێوە وەک ئەندامی پەرلەمان بۆ بەدواداچوونتان بۆ ئەوانە نەدەکر، نەتاندەتوانی لێپرسینەوە لە بەرپرسە کوردەکان بکەن؟
د. ڕەئوف عوسمان: من جارێک لەسەر وەزیرێکی کورد قسەم کرد پێیخۆشنەبوو، بەرێز بەیان دزەیی، هاتە بەردەم پەرلەمان باسی کومەڵێک پرۆژەی نیشتەجێبوونی کرد کە لە ناسریە و عەممارە و بەغدا کراوە، من وتم هەندێک ناوچە هەن بەر سیاسەتی تەعریب کەوتوون و بەهۆی شەڕی ئێران و عێراقەوە پشتگوێخراون وەک خانەقین و مەندەلی و جەلەولاو چەندین شوێنیتر، بە چ حەقێک خزمەتی ئەوێت نەکردووە ئایا کامیان پێویستیان پێیەتی؟
ئەمە کوردیشە و دواتر پێیناخۆش بوو من لەسەر ئه و قسەم کردووە، ئەوە کوردە و کار بۆ کەرکووک ناکات بۆ بۆ موسڵی نەکردووە، عەرەبەکان دەیانوت کە بۆ لۆمەی ئێمە دەکەی ئەوە لەخۆتانە هیچی بۆ نەکردوون، ئەوانەش وایکرد کورد لە بەغدا دەنگ نەهێنێت هەموو وەزیرێک دەیتوانی 200 بۆ 300 کوردی بەغدا دابمەزرێنێت بۆ نەیانکرد و لایەنەکانی دیکە کردیان.
چاوی خەڵک: باس لەوە دەکرێت کە ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران بەشێک بوو لە سستی کارەکانی پەرلەمان، ئێوە هەمان بۆچوونتان هەیە؟
د. ڕەئوف عوسمان: من پێموایە پێویست بوو ئامادە نەبوونی پەرلەمانتاران و غیاباتیان بکرێتە لیستێک و بنێردرێت بۆ لایەنی پەیوەندیدار، کە مەکتەبی سیاسی حیزبە یا هەر شوێنێکیتر و ئەوان لێپرسینەوەیان بکردایە، بۆ ئەوەی ئێمە لاواز نەبین، جاری وا هەیە بە دەنگێک دەدۆڕێیت، پێموایە بۆ پەرلەمانی داهاتوو پێویستە لیژنەیەک دروستبکرێت، نازانم حیزب یا پەرلەمان یا حکومەت دروستیدەکات و بە یاسا ڕێکبخرێت، ئه و لیژنەیە ڕێگا دابنێت بۆ پەرلەمانتاران و بۆ لێپێچینەوە لە هەموو کەموکوڕییەکانی پەرلەمان و بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی هەرێم و دەترسم ئەم دەورەیە کە لەڕووی چەندێتییەوە کەمتر دەبین لەڕووی چۆنێتیشەوە لاواز بین، بۆیە پێویستە ئەوانەی کاندیدکراون کەسانی ئازا بن و هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و زیرک بن، نەک تەنها دابنرێن بۆ دەنگدان و هۆڵەکە پڕکەنەوە.
[1]