ڕاوچیی جوانی خوێندنەوەی ڕۆمانی (وەرزی تەنیایی)
#گۆران سەباح#
لە دەروونشیکاریی ئەوڕۆکەدا قۆناخەکانی سێکسیی فرۆید گرنگ نین، هێزی نەست (لاشعور) گرنگە (لۆیس 2020). نەست ناخی مرۆڤ دەکاتەوە. گرێشی دەدات. بێو دەرگەی نەستی هەر کارەکتەرێک واڵا بکرێت، دیوی هەقیقی کارەکتەرەکە دەبینین. وەک ئاوێنە دەیبینین.
(شکۆ) کارەکتەری سەرەکیی ڕۆمانی وەرزی تەنیاییی شاعیر و ڕۆماننووس (#جەلال بەرزنجی#)یە. لەم ڕۆمانەدا، نووسەر یەک ئامانجی هەبووە: کردنەوەی دەرگەی نەستی شکۆ. ئای لەو هەموو گرێ، قووڵی، نۆڕین وردەکارییەی شکۆ!
قیچ قیچ دەرگەی نەستی شکۆ دەکرێتەوە. لەگەڵ هەر قیچێکی، خوێنەر شکۆ باشتر دەناسێت، تێدەگات لە ترسەکانی، گرێیەکانی، قەیرانەکانی، ململانەکانی، برینەکانی، ئاڵۆزییەکانی، هەستەکانی، کپییەکانی، ژیانی منداڵی، جحێڵی، پیری و باری خێزانی. شکۆ مەوسوعەی مرۆڤبوونە.
هێزی شکۆ لە داڕمانی دیواری نەستیدا دەردەکەوێت. (ئید) و (ئیگۆ) و (سوپەرئیگۆ)ی شکۆ لە نێو یادەوەرییەکانیدا وردە وردە بەسەر ئاو دەکەون. بۆ ڕوونکردنەوە: ئید وات لێ دەکات هەر بخۆی و نەجوڵێی، سوپەرئیگۆ وات لێ دەکات بجوڵێی و تەندروست بی، بەڵام کاری ئیگۆ ڕاگرتنی هاوسەنگییە لە نێوان هۆردووکیاندا، وات لێ دەکات ئەو کارە بکەی کە واقیعییە.
لە نێو هۆردوو جیهاندا (داسن لە کەنەدا و کانیی کۆتران لە #هەولێر#) ئیگۆی شکۆ ڕۆڵێکی باش دەگێڕێت. گفتوگۆی نێوان شکۆ و جاک لەندەن (گەورە ڕۆماننووسی ئەمەریکی) ڕەنگدانەوەی نەستی شکۆیە وەک نووسەرێک. هەموو ئەو شتانەی کە بۆ وی ڕوون دەکاتەوە، نیو سەدەیە پەنگ دەخۆنەوە لە نێو نەستی شکۆ.
شکۆ چی بکات؟ بچێتەوە کوردستان؟ لە کەنەدا لێی پاڵ بداتەوە؟ یانیش بچێتە داسن؟ ئیگۆی شکۆ داسن هەڵدەبژێرێت، ئەمەیش بژاردە ڕاستەکەیە. بێو شکۆ بچێتەوە کوردستان یان لە کەنەدا پاڵ بداتەوە، یادەوەرییەکانی هەر لە ژێر گڵدا دەمێننەوە (واتە هەر لە نەستدا دەبن)، دواجار ڕەنگە ئەم کپکردنە سەری بخوات. بژاردەی داسن واتە زیندووبوونەوەی شکۆ، هەرچەندە ژیان لە داسن، ئەگەر بۆ مانگێکیش بێت، هێندە ئاسان نییە. داسن ئەوپەڕی باکورە، لە سارد ساردترە، لە بەفر بەفرتر! ژیان لە داسن واتە چوونە نێو دارەبازی سڕبوون. بۆ شکۆ واتە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو گرێ دەروونییەکانی، واتە پەنایەکی ئارام بۆ بەگۆڕێوەکردنی یادەوەرییەکانی. داسن (وەک شوێن) نەبێ لەم ڕۆمانە، (شکۆ)یش نابێ وەک کارەکتەر، شکۆ نەبێ، یادەوەری نابێ، یادەوەریش نەبێ، ڕۆمانەکە نابێت لەدایک.
داسن شکۆ لە زیندانی یادەوەرییەکانی ئازاد دەکات. لە لاپەڕە (232)دا دەڵێ، من بۆیە دەنووسم تا چی تر دیلی یادەوەرییەکانم نەبم. داسن وا لە شکۆ دەکات ببێتە ڕاوچیی جوانی و ببێتە گەشتیار. ئای لەو هەموو گەشتەی نێو وەرزی تەنیایی!
گەشت و تەنیایی و یادەوەری سێ دینگەی ئەم ڕۆمانەن. هەرسێکیان (شکۆ)ی شەرمن و مات دەگەشێننەوە. وای لێ دەکەن وشەی نەنیشێتەوە. وای لێ دەکەن بچێتە قووڵایی ناخی خۆی، لەوێ، هەرچی هەیە بیهێنتە سەر بەڕێ. ئەم سێ دینگەیە (کانیی کۆتران) و (داسن) هێندە لێک نێزیک دەکەنەوە، هەندێ جار وا دەزانی داسن بەشێکە لە هەولێر و کانیی کۆترانیش بەشێک لە کەنەدا. ئای لەو سیحرە!
ئەو سێ دینگەیە (گەشت و تەنیایی و یادەوەری) وا لە شکۆ دەکەن دار و بەرد و مردوویش بێنێتە گۆ. وای لێ دەکەن لەگەڵ دیتنی هەر شتێک، دەستلێدانی لە هەر شتێک، هەستپێکردنی بە هەر شتێک قاچێکی بچێتەوە کانیی کۆتران. ئای لەو چنینە![1]