دەقی پەیامی مەسعود بارزانی لە ڕۆژی ئاڵای کوردستان ساڵی 2021:
پەیامی سەرۆک بارزانی بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵای کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم.
ئاڵای کوردستان هێمای ئازادیخوازی و قوربانیدان و ئاشتیخوازیی گەلی کوردستانە و لەپێناویدا خوێن و قوربانییەکی زۆر دراوە. ئاڵای کوردستان بەهایەکی هاوبەش و هێمای یەکگرتوویی گەلەکەمانە. ئەم ئاڵایە موڵکی تاک تاکی هاووڵاتیانی کوردستانە و، وێڕای هەبوونی بیروڕای جیاواز، لەژێر سێبەری ئەو ئاڵایەدا، هەموومان سەربەرزین و، خاوەنی شانازی و ناسنامەین. لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا پێداگری لە پەیامی ئاشتیخوازانە و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو ئاڵای پیرۆزی کوردستان گیانی خۆیان بەخت کردووە.
مسعود بارزانی
17ی کانوونی یەکەمی 2021[1]