دەقی پەیامەکەی #مەسعود بارزانی#:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان،
به بۆنەی شەست و نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییە کەتان، یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی ئێوە و هەموو ئەندامانی ڕێکخراوە تێکۆشەرەکەتان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، ئەزموونێکی سەرکەوتووی بەشداریی ئافرەت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان بووە، یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی شۆڕش کە ڕۆڵی خۆی بۆ چەسپاندن و دەستەبەرکردنی مافی ئافرەتان لە قۆناغە جیاجیاکاندا بە باشی گێڕاوە.
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ڕێکخراوێکی تێکۆشەری ناو شۆڕش و خەباتی گەلی کوردستانە، کە جگە لە پاڵپشتیکردنی شۆڕش و پێشمەرگە، ئەرکی خۆی لە پێگەیاندن و هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان و بەرگریکردن لە مافەکانیان بەجێ گەیاندووە.
لە سەردەمی ئێستاشدا پێویستە یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە چوارچێوەی کولتووری پێکەوەژیان و مەدەنییەت و یەکسانیخوازی و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی و کۆمەڵایەتی، کار بۆ بەهێزکردنی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری و دیموکراسی لەنێو ڕیزەکانیاندا بکەن.
هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
مسعود بارزانی
11ی کانوونی یەکەمی 2021[1]