دەقی پەیامی #نێچیرڤان بارزانی# بۆ سەری ساڵی 2022:
ساڵی تازەی زايينی لە تەواوی گەلی کوردستان، بەتايبەتی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهيدان، لە پێشمەرگە قارەمانەکان، هێزە ئەمنييەکان، گەنجان و لە کوردستانييانی دەرەوەی وڵات، لە گەلانی عيراق و لە جيهان پيرۆز دەکەم، هيوادارم ساڵی خۆشی و کامەرانی و سەرکەوتن بەسەر کێشە و قەيرانەکاندا و کۆتاييهاتنی پەتا و ناخۆشی بێت. ئومێد، ئاسوودەيی، سەقامگيری و پێشکەوتن بۆ مرۆڤايەتی لەگەڵ خۆيدا بهێنێت.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ جيهاندا بە هۆی پەتای کۆڤيد-19 و لێکەوتەکانييەوە، دوو ساڵی سەختمان بەڕێکرد. لە ڕووبەڕووبوونەوەی تيرۆر بەردەوام بووين، ڕووداو و بەسەرهاتی دڵتەزێنی کۆچ و کاريگەريی خراپی گۆڕانی کەشوهەوا و لافاومان بينی. هاوسۆز و هاوخەمی خانەوادەی سەربەرزی شەهيدان و هەموو ئەوانەم کە ئازيزانيان لە دەست دا و بە ڕێزەوە ياديان دەکەينەوە. سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم کە بەرگەی قەيران و کێشەکانيان گرتووە.
تێپەڕاندنی سەختی و تەحەدييەکان، پاراستنی ماف و دەسکەوته دەستوورييەکان و قەوارەی فيدرا ڵيی هەرێمی کوردستان، ئێستا و داهاتوويەکی باشتر بۆ گەلەکەمان، کار و بەر پرسياريەتيی هاوبەش و يەکڕيزی و تەبايی و پێکەوەيی لە هەموو هێز و لايەن و پێکهاتەکانی کوردستان دەخوازێت.
لە عيراقيش بە سوودوەرگرتن لە هەڵەکانی ڕابردوو، هەڵدانەوەی لاپەڕەيەکی تازە، تێگەيشتنی واقعی و ئيرادەی جددی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، يەکتر قبووڵکردن و هاوبەشيی ڕاستەقينەی هەمووان لە پرۆسەی سياسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا لەسەر بنەمای دروست پێويسته، کە متمانە و ئارامی و سەقامگيری بگێڕێتەوە و بە ژيان و گوزەرانێکی باشتر بۆ هەمووان لە ئێستا و داهاتووی خۆيان دڵنيا بن.
سوپاسی هاوپەيمانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستان دەکەين، کە لە بەرەنگاربوونەوەی تيرۆردا پشتگيری و هاوکارييان کردين. چەمک و بەهای هاوبەش کۆماندەکاتەوە و پێکەوە دەبين. وەک هەميشە ئامادەی ئەرک و بەرپرسياريەتيی هاوبەشين و وەک ئەندامێکی کارای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فاکتەری ئارامی و سەقامگيری لە عيراق و ناوچەکە دەمێنينەوە، هەرێمی کوردستانيش سەرزەمينی پێکەوەژيان و لێبوردەيی و فرەيی دەبێت.
بە ئومێد و گەشبينييەوە لە ژيان و ساڵێکی تازە و داهاتوو دەڕوانين و ساڵی نوێ لە هەمووان پيرۆز بێت، هەر شاد و سەرکەوتوو بن.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2021/12/31[1]