دەقی گوتاری #مەسرور بارزانی# لە مەراسیمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی ساڵی خوێندنی 2020/2021:
دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
قوتابیانی زێدە ئازیز و خۆشەویست...
ئامادەبووانی بەڕێز...
زۆر زۆر بەخێربێن...
لە سەرەتا دەمەوێت پیرۆزباییەکی زۆر گەرم لە ئێوەی ئازیز بکەم، بۆ دەرچوونتان و تەواوکردنی ئەم قۆناغە لە خوێندن، بە پلەی یەکەم و دووەم و سێیەم لە سەر ئاستی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. زۆر زۆر لێتان پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانتاندا هەروا سەرکەوتوو بن.
سوپاسی بنەماڵە بەڕێزەکانتان دەکەم، کە پشتیوان بوون له و ماوەیە، کە ئێوە بتوانن ئەم قۆناغە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەن. سوپاسی هەموو مامۆستا بەڕێزەکان دەکەم، کە خۆیان لەگەڵ ئێوە ماندوو کرد، تا بتوانن بەم شێوەیە سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ببنە نموونەیەکی درەوشاوە لە نەوەی نوێی کوردستان، جارێکی دیکە لە هەمووتان پیرۆز بێت و هیوادارم لە قۆناغەکانی داهاتوو، کە دەچنە زانکۆش، هەروا سەرکەوتوو بن و ببنە کەسی کاریگەر و سەرکەوتوو بۆ کۆمەڵگەکەتان.
خۆشحاڵم، کە بینینم ئێوە خۆتان ماندوو کردووە بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی بەهێزتر بۆ خۆتان درووست بکەن. زانست و خوێندن هێزە. چەند زیاتر خۆتان پێبگەیەنن و خۆتان فێر بکەن، ئەوەندە کەسایەتییەکی بەهێزتر بۆ خۆتان درووست بکەن و دەتوانن ببنە کەسێکی کاریگەر بۆ کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان. هیوادارم خوێندن تەنیا لە پێناو خوێندن نەبێت و بۆ ئەوە بێت، وەکو کەرەستەیەک بەکاری بهێنن بۆ ئەوەی چۆن بتوانن کاریگەرییەکی زیاتر لەسەر پێشخستنی کۆمەڵگە و وڵاتەکەتان بکەن، چۆن بتوانن وڵاتەکەتان ئاوەدانتر بکەن و ژینگەیەکی تەندرووستتر لە وڵاتەکەتان درووست بکەن. دڵنیام به و ئاستەی ئێوە توانیوتانە ئەم قۆناغە تەواو بکەن، ئێوە دەتوانن لە داهاتوودا ببنە سەرکردە، ڕێبەر و مامۆستای باش بۆ نەوەکانی دوای خۆتان.
خوشک و برایان.. ئازیزانم..
من داواتان لێدەکەم لەم قۆناغە و لە قۆناغەکانی داهاتووشدا 3 شت لەبەر چاو بگرن: نیشتمانپەروەری، ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی. نیشتمانپەروەر بن بۆ ئەوەی بتوانن وڵاتەکەی خۆتان بپارێزن و بنیاتی بنێن و بەره و پێشەوەی بەرن. ژیاندۆست بن بۆ ئەوەی یەکترتان خۆش بوێت و جیاوازییەکانی نێوان خۆتان قبووڵ بکەن و ئاین و جیاوازییەکانی ئیتنی لەناو وڵاتەکەمان، به و شێوەیەی کە تاکو ئێستا ڕێزی لێگیراوە بەردەوام بێت و ئێوە زیاتر ڕێزی لێبگرن.
ژینگە دۆست بن بۆ ئەوەی سرووشتی وڵاتەکەتان بپارێزن و ئاو، خاک و هەوای وڵاتەکەتان بە پاکی ڕابگرن. وڵاتێک درووست بکەن، کە جێی سرنجی نەک تەنیا خەڵکی کوردستان، بەڵکو گەشتیارانیش بێت، بۆ ئەوەی بێن و ئەم سرووشتە جوانەی کوردستان لە نزیکەوە ببینن.
بێگومان خوێندن لە کابینەی حکومەتدا، بەشێکی سەرەکی بووە لە ئەجێندای ئەم حکومەتە و پێویستە گرنگییەکی یەکجار زۆری پێ بدەین. ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەوڵمانداوە گرنگی بەم کەرتە بدەین. بەداخەوە، کۆرۆنا و چەندین قەیرانی دارایی و ناخۆشیی، کە له و ماوەیەدا ڕووبەڕوومان بوویەوە، وەکو پێویست ئێمە نەمانتوانی لەسەر بەرنامەکانی خۆمان بەردەوام بین، بەڵام سەرەڕای ئەمەش پرۆسەی خوێندن نەوەستا. لێرەدا جێی خۆیەتی من سوپاسێکی زۆری وەزیری پەروەردە و هەموو ئه و وەزیرە بەڕێزانەی دیکە بکەم، کە هاوکار بوون بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن، هەروەها سوپاسی هەموو ئه و مامۆستا و فەرمانبەرە بەڕێزانە بکەم، کە بەردەوام بوون لە درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و درووستکردنی کەش و هەلومەرجێکی وا، کە قوتابییەکان بەردەوام بن، چ بە شێوەی ئامادەبوون لە پۆل و بە شێوەی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی له و کاتانەی نەیانتوانیوە بچنە قوتابخانەش، بەڵام پرۆسەی خوێندن نەوەستێت.
ئەمەش ڕوویەکی دیکەی بەهێزیی ئیرادەی گەلەکەمانە، هی نەوەی نوێی گەلەکەمانە، سەرەڕای ئەم هەموو قەیران و سەختی و دژوارییە، بەڵام پەرۆشی ئەوەیان هەبوو، بەردەوام بن لە خوێندن و ئەنجامەکەشی ئەوەیە، ئێستا ئێمە لێرەین بیبینین، بۆ ئەوەی خەڵاتی ئه و بەڕێزە خۆشەویستانە بکەین، کە زۆر زۆر سەرکەوتووانە توانیان ئه و قۆناغە تەواو بکەن و پلەی یەکەم بەدەستبهێنن. جارێکی دیکە، دەستخۆشیتان لێدەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن.
بەڕێزان..
لە حکومەتدا، هەروەک باسم کرد، گرنگیمان بە کەرتی پەروەردە داوە و بەردەوام دەبین لەوەی گرنگی زیاتری پێبدەین. خوێندنی ئەمڕۆ داهاتووی وڵاتەکەمان وێنا دەکات، توانای ئەمڕۆ هێزی داهاتووی وڵاتەکەمان پیشان دەدات.
ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان و درووستکردنی قوتابخانەی نوێ بۆ قوتابییە ئازیزەکانمان. بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی ئه و پڕۆژەیەی تایبەتە بە ڕاهێنانی مامۆستایان تا بتوانن بە شێوەیەکی باشتر وانە بڵێنەوە و لە خزمەتی وڵاتەکەیاندا بن و نەوەیەکی زیرەکتر، هەستیارتر و وشیارتر بەرهەم بهێنن.
ئێمە لەسەر هەموو ئه و بەرنامانەی حکومەت هەیەتی، بۆ پەرەپێدانی کەرتی خوێندن، بەردەوام دەبین و پێویستیمان بە هاوکاری هەموو لایەکتانە بۆ ئەوەی هاوکار و پشتیوانی حکومەتەکەمان بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە بتوانین وڵاتێکی ئاوەدانتر و پێشکەوتووتر بنیاتبنێین.
بەڕێزان..
داوایەکی دیکەم لێتان هەیە، وەک دەبینن لەم ماوەیە پەتای کۆرۆنا جارێکی دیکە، خەریکە وردە وردە زیاتر دەبێت و بڵاو دەبێتەوە، زۆر جار من داوام لە هاووڵاتیانی خۆشەویست کردووە، خۆیان بپارێزن. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی لە پەیوەندیدا بووم و لەگەڵ وەزیری تەندرووستی قسەم کرد، باسیکرد، ئێمە ژمارەیەکی زۆر ڤاکسینمان لەبەردەستە، بەڵام بەداخەوە وەک پێویست خەڵک ئامادە نییە بچێت ڤاکسین وەربگرێت، داواتان لێدەکەم وەرگرتنی ڤاکسین پاراستنی خۆتان و کەسوکارتانە، کە دەچنە ماڵەوە ئەگەر خوانەخواستە کەسێک ئەم ڤایرۆسەی هەڵگرتبێت، دەتوانێت زۆر بە ئاسانی بڵاوی بکاتەوە. تکاتان لێدەکەم ماسک ببەستن، کە لە شوێنە گشتییەکان کۆدەبنەوە، بەستنی ماسک بۆ پاراستنی خۆتان گرنگە و ڤاکسین وەربگرن، بۆ ئەوەی هەموومان بتوانین بەیەکەوە بە شێوەیەکی ئاسایی دەست بەکارەکانمان بکەینەوە.
ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی لە هەموو قوتابخانەکان ڤاکسین هەبێت، تاکو ئەوانیش بتوانن لە دۆخێکی تەندرووستتر وابکەن قوتابیان بگەڕێنەوه بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
دەزانم زۆرێک لە قوتابیان لە خوار تەمەنی 12، 18 ساڵن و هێشتا لێرە ڤاکسینیان وەرنەگرتوو، بەڵام هیچ نەبێت، ئەوانەی تەمەنیان ڕێگەیان پێدەدات ڤاکسین وەربگرن، داوایان لێدەکەم ڤاکسین وەربگرن. لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتیانی کوردستانیش دەکەم، ڤاکسین وەربگرن و خۆتان بپارێزن، ئەمە بۆ خۆتان و وڵاتەکەتان باشە.
بەڕێزان..
ئێمە ئەمڕۆ هاتووین بۆ ئەوەی ڕێزتان لێبنێین و خەڵاتتان بکەین و دەستخۆشیتان لێ بکەین بۆ سەرکەوتنتان لەم قۆناغە و ئارەزووی سەرکەوتنتان بۆ دەکەم لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیانتان.
دەستخۆشی و پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەمیشە ئاوەدان بێت.[1]