دەقی گوتارەکەی #مەسرور بارزانی# کە بە زمانی ئینگلیزی پێشکەشی کرد و وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی سۆرانی:
قوتابیانی ئازیز و دەرچووانی بەڕێز:
زۆر خۆشحاڵم و مایەی شانازییە لێرە لەگەڵتانم، هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، سوپاسی خێزان و کەسوکارتان دەکەم بۆ پشتیوانیکرنتان.
پیرۆزە، ئێوە توانیتان سەرکەوتن بەدەستبهێنن و قۆناغی قوتابییەتی دەرباز بکەن، لە ڕاستیدا ژیانی قوتابیەتی باشترین ساڵەکانە، بۆیە هیوادارم ئێوە چێژتان لە ژیانی قوتابیەتی دیتبێت، شانازی بکەن بە یادەوەرییەکانی ژیانی قوتابیتان، پابەند بن به و هاوڕێیەتییەی لەم ساڵانە دروستتان کردووە.
ڕەنگە زۆرێک لە ئێوە، یەکەم کەس بن لە ناو خێزانەکانتاندا، کە دەردەچن و هیوادارم ئێوە نەبنە دوایین کەس.
زۆرباش دەزانم ژیانی قوتابیەتی سەختە و منیش ئه و ئەزموونەم هەبووە، ئاشکراشە کۆرۆنا بووە هۆی تێکچوونی باری خوێندن و دابڕان لەگەڵ هاوڕێکانتان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، بوونە بەشێک لە ڕابردوو، وانەکان بوونە ئۆنلاین و ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی دروست کرد، کە زۆر پێویستە بۆ درووستکردنی متمانە و وردبینی ئەکادیمی، بەڵام سەرباری قەیرانی دارایی و کۆرۆنا، کە کاریگەری لەسەر خێزانەکان دروستکرد، ئێوە کۆششتان کرد بۆ ئەوەی بەره و پێشەوە بچن، خۆڕاگری ئێوە ئه و کارەکتەرەی پێشاندا، کە لە هەموو هەرێمی کوردستان خاڵێکی هاوبەشە، کە ئەویش کۆڵنەدانە.
پێشتریش گوتوومە، هەرێمی کوردستان زۆر دەوڵەمەندە بە سەرچاوە مرۆییەکان و من لە هەولێر هەستم بەوە کردووە و لە سەردانەکانیشمدا بۆ #سلێمانی# بە هەمان شێوە بینیومە.
ئەو دەوڵەمەندییەم لە ئافرەتێکی ئێزدی گەنج بیستووە کە نانەواخانەیەکی بچووکی دروست کردووە و داهاتی کۆمەڵێک خێزان دەستەبەر دەکات، یان ئه و گەنجانەی #زاخۆ#، کە قوتابیان و خاوەنکاران کۆدەکەنەوە بۆ کۆنفرانسێک لە ساڵی داهاتوودا، کە هاوکار دەبێت بۆ پڕچەککردنی خەڵک به و بەهرانەی لەم سەردەمە پێویستن، یان ئه و کچە گەنجەی لە دهۆک، کە هەموو ڕۆژێک درەخت دەچێنێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لە لایەن کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا بانگهێشت بکرێت، ئەمانە سەرچاوەی ئومێد و جێی شانازین و بنیاتنەری داهاتوومانن. وەک چۆن ئێوە سەرچاوەی هێز و گەشەسەندنن.
لە ڕاستیدا بە توانای ئێوە، هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە سەنتەرێکی ئابووری و بازرگانی و شوێنی وەبەرهێنان لە عێراق و ناوچەکەدا. پابەندم بەوەی هاوکارتان بم بۆ ئەوەی خەونەکانتان بەدیبهێنن. زۆر خۆشحاڵم ئه و هزرە دەستپێشخەریانە ببینم، کە نەوەی ئێوە گەشەیان پێ دەدات.
ساڵی ڕابردوو، ژمارەیەک له و گەنج و گرووپە خاوەنکارانەم بینی و بەرپرسێکی گرووپەکە گلەیی لە ڕووتین و بیرۆکراسی لە تۆمارکردنی کۆمپانیا و دامەزراوەی نوێ هەبوو ، کاتێکی زۆری خایاند و پارەیەکی زۆری پێویست بوو، ئەمە گیانی کارکردنی گەنجانی ئێمەی ماندوو دەکرد و من ئاگاداری ئه و کێشەیە بووم، بەڵام توانیمان چارەسەری بکەین. هەر بۆیە پابەندم بە هاوکاریکردنی ئێوە بۆ بنیاتنانی داهاتووی کوردستان.
بێگومان کارنامە و پلانی حکومەت هەرگیز بە بێ هاوکاری ئێوە جێبەجێ نابێت ، پێویستمان بە پشتیوانیتانە و پێویستمان بە ئێوەیە، دەمانەوێت ئه و گەنجە بە بەهرەمەند و بە توانایانە، ببنە بەشێک لە پێشخستن و بەهێزکردنی ماڵە گەورەکەمان و ببنە بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتنی هەرێمی کوردستان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کار دەکات بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان بۆ گەنجان، لە ڕێگەی پرۆسەی چاکسازی لە حکومەت و بە مۆدێرنکردنی ئابووری و دروستکردنی ئابوورییەکی دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک.
ئێمە کار دەکەین بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی گەشتر و باشتر بۆ ئێوه. ئێوە داینەمۆ و خاوەنی ئەم وڵاتەن، پێویستە وەبەرهێنان لە تواناکانتان بکەن لە پێناو خزمەتکردن و پێشخستنی کوردستان.
ئێستا، کە ئێوە دەرچوون، کاتی ئەوەیە بچنە گۆڕەپانەکانی کارکردن و ئەرکی سەرشانتان بەجێبهێنن و کار بکەن و دروستکەر و داهێنەر بن، تەواوکەر بن و وڵاتەکەتان بنیاتبنێن، تاوەکو هەموومان چێژ لە داهاتووییەکی باشتر وەربگرین.
زۆر سوپاستان دەکەم.[1]