بابەت: وتار
نووسین: ئەحمەد حسەین ئەحمەد
یادەوەری بەواتا دەربڕینی هەست و نەستی ئەو کەسانەی بەدرێژایی تەمەنیان کاکڵەی ڕووداو و بەسەرهاتەکان چۆنبون وەک خۆیان ڕاستگۆیانە بگێڕنەوە و بیخەنە ناو لاپەڕە سەنگین و گرنگەکانی ژیانەوە. بەڵام بەتێز و هونەری داڕشتنی لەبار و زمانی پاراو، ئەگەر پێویسی کرد وێنە و دیکۆمێنت و سەرچاوەی دروست بخرێتە ڕوو، ئاوێتەی پەرەگرافەکان بکرێت، ئیدی ئەو شاکارە وەک هەڵکردنی هێمنانەی شنەبایەکی خۆشی بزوێنەر و هەرە فێنک بۆ ناو دەروونە بە کوڵەکان بەرجەستە دەبێت و دێتە ئاراوە.
لێرەدا بوێری و ترۆپکی ڕاستگۆیی و مێشکی ئارام و سەلیقە و بیرتیژی دەوری سەرەکی دەبینن، بەو پێیەی گێڕانەوەکان ئەگەر پوخت و گونجاو و کاریگەر و پڕ چێژ و سەرنجڕاکێش بوون، ئەگەر لە هێڵی ڕوون و گەشی ڕاستی مکوڕ و لایان نەدابوو، ئەوە بێ هیچ پێچ و پەناو گرفتێک یەکسەر لە دووتوێی مێژویەکی باوەڕپێکراو و دەوڵەمەنددا خۆیان دەبیننەوە، بە ئاوڕدانەوە بۆ ئەم مەرجە بنەڕەتییانە تێکڕای بابەتە تۆمارکراوەکان بەبیرەوەریی زیندوو و ڕازاوە ناو دەبرێن، لە هەمان کاتدا پێشوازیان لێدەکرێت و دەبێتە شانازی و سامان بۆ نووسەرەکەی.
لەروویەکی دیکەوە، ئەو بیرەوەریانەی لێکترازاندن و لابەلایی پەیڕەو دەکەن کێشە لەدوای کێشە و ئاڵۆزی دروستدەکات دەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزمونی و بێبایەخی، چی هی نووسەرەکەی، چی هی کرچ و کاڵی شێواز و پچڕ پچڕی بابەتە یەک لە دوای یەکەکان، چونکە دەقی مەبەستەکان شێواندن و ڕاچڵەکینێک ڕووبەڕووی خوێنەر دەکاتەوە لادانە لە بەرپرسیارێتی پێویست، کە دەبوو بازی بەسەردا نەنرێت، وەک شپرزەیی و شڵەژانی نووسین و بە مەزنکردنی کوێرانە و ناڕەوا بۆ کەسێکی باڵا دەست یان پتر، کە خودی نووسەرەکە لەوانەیە لە ناخەوە بڕوای پێیان نییە، بەڵام بۆ هەر مەبەستێکی تایبەتی زیادەڕۆیی کردبێت لەپێدا هەڵدانیان بڕگەکانی دەچێتە قوڕگی ناڕەواییەوە، لەم ڕووەوە ئەو کەسە کاتێ بیەوێت نابەرپرسانە هەڵەیەکی زەق تۆمار بکات و بیسەپێنیت، دەبێت دەمودەست چاوەڕوانی ئەوە بکات کە قەڵەمێک یان زیاتر هەیە بە ڕەخنە و ڕاستکردنەوە لە دوایەوە چاوەڕێیەتی وەڵامی شیاو و پڕ بەپێستی بدەنەوە.
خۆ ئەگەر پێداگیری لەو بەلاڕێ بردنەدا بکات ئەڵبەتە ستەمێکی ئاشکرایە لە سپاردە و لەمێژوو، ناکرێ لەکەدار کردنی کەسێتییەک یان پتر کەشایانی ئەو توهمە و هەڵبەستە ناشیرینە نەبێت، ئەم هاتبێت بەقەڵەمێکی کورتەباڵا سەرکۆنەیان بکات، دیارە بەم ئاکارە نالەبارە لە نرخی کتێبەکەی دێنێتە خوارەوە، شایانی وتنە دەبێت پەیڕەوی ئەو ڕاستییە بکەین کە هەموو گێڕانەوە و بابەتێکی نەکڵۆک نابێت بخرێنە ناو نووسینەکانەوە، یان بە خەیاڵ خۆکردن بە قارەمان و فریشتە، کەچی لەهەمان سەردەم و کاتدا لەلای دەوروبەرەکەی پێچەوانە بێت، خۆ ئەگەر ئەو کەسە بەناو نووسەرە لە جێگەی شیاودا ڕەخنە لە خۆی بگرێت ئەوە پێی گەورە دەبێت.
خوێنەر کتێبەکەی ناخەنە لاوە، بێگومان ئەوەی یاداشت دەنووسێت بۆ چەند مانگ و یەک دوو ساڵ نییە، بەڵکو بۆ تەمەنێک و پتر پتر دەبێت، چونکە ئەگەر ئاوا بیر نەکاتەوە بەرهەمەکەی دەبێتە بیرەوەرییەکی مردووی بڕنەکردو هەر گەرما و گەرم خوێنەر و توژێنەر و لێکۆڵەران دەستی لێ دەشۆن، لەوانەیە بەپەلە بکەوێتە بەر توانج و ڕەخنەی قوڕسی بەدواداچوان، ئیتر دەبینی ڕێسەکەی بەرگە ناگرێت و دەبێتەوە بەخوری.
[1]