میتافۆر لە وشەی فەرهەنگیدا:
وشەی (Metaphora)، میتافۆر یۆنانییە و بە مانای گواستنەوە دێت، بۆ یەکەمجار، ئەرستۆ بەکاریهێناوە، وەک ئەوەی سیفەت و تایبەتمەندیی شتێک دەگوێزرێتەوە بۆ شتێکی دیکە، یان بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، یان لە سروشتەوە بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، یان لە مرۆڤەوە بۆ سروشت دەگوێزرێتەوە، میتافۆر گرینگترین و بڵاوترین فیچەری زمانە، کە تێیدا، یەک شت بیر یان کارێک بە وشە و دەربڕین دەگەڕێندرێتەوە بۆ شت، بیر یان کارێکی دیکە، چونکە هەندێ خاسیەتی هاوبەشیان هەیە.
میتافۆر، لەزماندا بۆ بەرهەمهێنانی واتای نوێ بەکاردەهێندرێت، بەڕادەیەکی زۆریش لە ئاخاوتنی ڕۆژانە و دەربڕینە زمانییەکاندا، بەکاردەهێندرێت، هەروەها لەبواری سامانی زاراوەسازیدا، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە مەعریفییەکان سودی لێ وەردەگیرێت.
بەکارهێنانێکی گرنگی میتافۆر، دەوڵەمەندکردنی زمانە، لەبەرئەوەی هەندێک پەرەسەندن و فراوانبوونی واتایی بەهۆی میتافۆرەوە دروست دەبێت، هەندێک له و میتافۆرانەی کە لەلایەن شاعیران و ئەدیبانەوە دادەهێندرێن، بۆی هەیە، بپەڕێتەوە بۆ ناو ئاخاوتنی ڕۆژانە و بەهۆی زۆر بەکارهێنانیانەوە، وەک وشەی فەرهەنگی و بنەڕەتی زمانیان لێ بێت.
مرۆڤ ناتوانێت، تەنیا به و وشانەی لە فەرهەنگی زمانەکەیدا هەیە، لەگەڵ پێویستییەکانی سەردەمدا خۆی بگونجێنێت و جێبەجێیان بکات، هیچ زمانێک ئه و توانایەی نییە، بە تێپەڕبوونی کات و سەردەم، تەنیا بە ڕەگە بنجییەکانی مەبەست دەرببڕێت، بۆیە زمانەکان بۆ دەربڕینی واتا و چەمکی تازە، پەنا دەبەنە بەر چەند ڕێگایەک کە یەکێکیان میتافۆرە.
چەند وشەیەک دەخەینە بەرچاو، بە واتای بنەڕتی و واتا میتافۆریەکەیان (خوازراوەکەیان):
(ڕوخاوە): چاوگی (ڕوخان)، بە واتا فەرهەنگییەکەی بۆ شتێک بەکاردێت، کە چەند تایبەتمەندییەک و سیمایەکی واتایی تێداهەبێت، وەک: + پاشماوە، + دەنگ، + خۆڵوخاشاک، + بەرد، بلۆک، گەچ، چیمەنتۆ، + داتەپین، + هۆکارێک بۆ ڕوخان و تێکچوون...هتد.
بەڵام لە میتافۆردا، ئەم تایبەتمەندییە، بەرجەستانە، بۆ بواری واتایی (مەعنەوی)، دەگوێزرێنەوە و واتای خوازراو دەگەیەنن، وەک:
دیوارەکە ڕوخاوە :(ڕوداوێکی فیزیکی، هەبوونی پاشماوە و لێکەوتەی بەرجەستە)
|
پیاوەکە ڕوخاوە: (لە ڕوی دەرونییەوە، ڕوداوی مەعنەوی)
ڕستەی (پیاوەکە ڕوخاوە)، میتافۆرە.
لە میتافۆردا، بەزاندنی سیما و کۆتەکان هەیە، وەک بەزاندنی کۆتی هاوڕێیەتی و کۆتی هەڵبژاردن، کاری (روخان)، پێویستی بە بەرکارێکی نازیندوو هەیە، بەڵام (پیاو)، گیانلەبەرە.
لە دەربڕینە میتافۆرییەکاندا، هەندێکجار، مەرجی ڕێزمانی پیادە دەکرێت، بەڵام کۆتی واتایی دەبەزێنرێت، بەهۆی ئەمەش میتافۆر دروست دەبێت، لە ڕستەی (پیاوەکە ڕوخاوە)، یاسای ڕێزمانی پەیڕەوکراوە، بەڵام کۆتی واتایی بەزێنراوە، کاری (ڕوخان)، لە ڕستەی دووەمدا، کۆتی هەڵبژاردنی بەزاندووە، لە ڕوی جۆرە، بەرکاری ڕستەی (دیوارەکە ڕوخاوە)، نازیندووە، بەڵام بەرکاری ڕستەی (پیاوەکە ڕوخاوە)، زیندووە، واتە: لە ڕستەی دووەمدا، ڕوداوی مەعنەوی (ئەبستراکت)، جێگەی ڕوداوی فیزیکی و بەرجەستەی گرتۆتەوە. [1]