کاتێک وینستۆن چەرچڵ داوای کرد شیعرێکی مەلای جزیری بۆ وەربگێڕن:
کتێبی “بیرەوەرییەکانم”ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراوی کورد موسا عەنتەر[2] (1920-1992) لێوان لێوە لە ڕووداوی مێژوویی و سەربووردەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کوردەکانی سەدەی بیستەم و هەندێک کەسایەتیی تورک و بیانی کە پەیوەندیان بە کورد و دۆزەکەیەوە هەبووە. یەکێک لەو ڕووداوانە بەسەرهاتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ونستن چەرچڵ و سەرۆک کۆماری تورکیا عیسمەت ئینوینووە.
موسا عەنتەر ساڵی 1956 لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ ڕێستۆرانت کانتینێکی گەورە و بەناوبانگی دەبێت و هەر خۆیشی بەڕێوەی دەبات. ڕۆژێک تەماشا دەکات وا دوو پیاوی بەتەمەن بەرەو ڕێستۆرانتەکەی ئەم دێن. ئەمیش لە دوورەوە هەردووکیان دەناسێتەوە؛ یەکێکیان پرۆفیسۆر تاهیر تانەرە کە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ مامۆستای موسا عەنتەر بووە و ئەویتریشیان وەزیری پێشووتری دەرەوە نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵووە.
ئەم جووتە هەفتەی چەند جارێک دێن بۆ لای موسا عەنتەر و ئەمیش خزمەتێکی جوانیان دەکات. دوای ئەوەی ڕایەڵەی متمانە لە نێوانیاندا پەیدا دەبێت، ڕۆژێک مەنەمەنجیئۆغڵو ئەم بەسەرهاتە بۆ موسا عەنتەر دەگێڕێتەوە:
هاوینی ساڵی 1943 و لە گەرمی شەڕی دووەمی جیهاندا سەرۆکی ئەمریکا ڕۆزڤێلت و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چەرچڵ، ئینوینوو و منیان بانگهێشت کرد بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی قایلمان بکەن ئێمەش بچینە شەڕەوە. ئینوینوو دڵی پێوە نەبوو تورکیا لە شەڕدا بەشدار بێت. ئەو داوای دەکرد هاوپەمانان سوپای تورک پڕ چەک بکەن و ئەوسا داوای شەڕی لێ بکەن. بەڵام نە چەرچڵ و نە ڕۆزڤێلت باوەڕیان بە تورک نەبوو، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دوای پڕ چەککردنمان بچینە پاڵ ئەڵمانیا. کاتێک زانیان ئینوینوو مل نادات، هەردووکیان ویستیان بە پرسی کورد چاوترسێنمان بکەن. چەرچڵ ڕووی لە ئینوینوو کرد و لەپڕ لێی پرسی: “پاشا، تۆ کوردی دەزانیت؟” ئینوینوو سەری لێ شێوا و نەیزانی چی بڵێت. تاوێک چاوەڕێم کرد و ئەو هەر هیچی نەگوت. ئەمجار من هاتمە نێوانەوە و گوتم: “ئەکسیلێنس، ئێمە کوردی نازانین. لای ئێمە کوردی ئاخێو نییە و زمانیکی لەو جۆرەش بوونی نییە.” توومەز چەرچڵ گرووپێک ڕۆژهەڵاتناس و پسپۆری زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ خۆی هێنابوو. لە یەکێک لەوانەی پرسی: “مستەر، وایە؟ زمانێک نییە بەناوی زمانی کوردی؟” کابرا دیار بوو پێشتر خۆی ئامادە کردبوو، یەکسەر هەستایە سەرپێ و گوتی: “چۆن شتی وا دەبێت گەورەم! زمانێکی کوردیی خاوەن ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەند هەیە. ئەگەر مەیلتان لێ بێت، دەتوانم شیعرێک لە دیوانی مەلایێ جزیری بخوێنمەوە.” ئێمە تا ئەو کاتە ناوی ئەو شاعیرەمان نەبیستبوو. چەرچڵ گوتی: “بیخوێنەوە!” کابرا شیعرێکی خوێندەوە کە ئێمە لێی تێ نەگەیشتین، بەڵام زمانێک بوو نزیک لە فارسی و ئاهەنگ و میلۆدییەکی فرە نایابی هەبوو. کابرا گوتی ئەو شیعرە کوردییە. چەرچڵ گوتی: “ئەو شیعرەمان بۆ بنووسەوە!” کابرا شیعرەکەی لەسەر کاغەزێک نووسی. چەرچڵ گوتی: “وەری بگێڕە سەر ئینگلیزی!” ئەمجار داوای کرد وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فەرەنسی و ئەو فەرمانەیشی بەجێ هێندرا. دواجار دەستووری دا شیعرەکە وەرگێڕدرایە سەر زمانی تورکیش. پاشان بە منی گوت: “مسیۆ، تۆش وەرە بڕوانە! با بزانین ئەم تێکستە لەم سێ زمانەدا ناچار بوو بۆ گوزارە لەخۆکردن چەند وشەی بیانی بەکار بهێنێت؟” دەقە فەرەنسییەکەی شیعرەکەی جزیری، جگە لە وشەی فەرەنسی، هیچ وشەیەکی تری بیانی تێدا نەبوو. لە دەقە ئینگلیزییەکەدا سێ و چوار وشەی بەڕەچەڵەک لاتینی هەبوو. لە شیعرە کوردییەکەشدا چوار-پێنج وشەی عەرەبی هەبوو. بەڵام کاتێک هاتینە سەر دەقە تورکییەکە، جگە لە (در) و (ئیلە)، یەک وشەی تورکی تێدا نەمابوو. هەندێک لە وشەکانی دەقە تورکییەکە فارسی و بڕێکیان عەرەبی و ئەوانی تریشیان لە زمانە ئەوروپایییەکانەوە وەرگیرابوون. چەرچڵ هەر چوار لاپەڕەکەی خستە پێش ئێمەیش و بە ئاماژەیەک کە واتای “شەرم لە خۆتان ناکەن!”ی دەگەیاند، گوتی: “فەرموون بەڕێزینە، دەوڵەمەندیی ئەو زمانی کوردییە ببینن کە زمانی زگماکی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکەتانە و ئێوە نکۆڵی لە هەبوونی دەکەن!” من بە درێژایی سەردەمی مانەوەم لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا ڕۆژێکی ترم بیر ناکەوێتەوە هێندەی ئەو ڕۆژە تیایدا تەنگاو بووبم.
عیسمەت ئینوینوو (1884-1973): لە 1923 تا 1937 سەرۆک وەزیران و لە 1938 تا 1950 سەرۆک کۆماری تورکیا بوو.
نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵو (1891-1958): دیپلۆماتێکی ناسراوی تورک بوو، لە 1942 تا 1944 وەزیری دەرەوە بوو.[1]