ئاوێنەشیان فێرکرد
#گۆران سەباح#-کولتوری زەمەن
ئاوێنەیەکی گەورەی هێنا. دوو بە مەتر و نیو. لە ناوەڕاستی ژوورەکەی دانا. بەرانبەری دانیشت. پشتی قیت کردەوە. سەری ڕێک کرد. چاوی داخست و هەناسەیەکی قووڵی بە لووت هەڵکێشا و بەهێواشی بە دەم دایەوە. پێنج جاران وای کرد.
چاوی کردەوە و تەماشای نێو ئاوێنەکەی کرد.
پێی گوترابوو ئەوەی ڕاستە لە نێو ئاوێنەیە. بۆ ئەوەی ڕاستییەکان ببینێت، دەبێ حەفتا و دوو سەعات بەڕۆژی بێت، تەماشای هیچ شاشەیەک نەکات، قسە لەگەڵ هیچ مرۆڤێکدا نەکات. پاشان لە شوێنێکی هێمن، لە بەرانبەر ئاوێنەیەک پێنج هەناسەی قووڵ هەڵمژێت. ئەوجە هەرچی ڕاستی هەیە دەیبینێت. وای کرد و ئەمانەی لە ئاوێنەکەدا بینی:
خێزانێک (دێباب و دوو منداڵ) سەعات یازدەی شەو ترش و برنج و گۆشت دەخۆن. دواتر، کێک و چەرەز و چا. دواتر میوە. سەعات سێی شەو دەنوون. بەیانی سەعات نۆ بەتۆبزی هەڵدەستن، درەنگ دەکەون بۆ قوتابخانە و کار. باب خێرا داژوا و چی جوێنی ناشرین هەیە لەبەردەمی منداڵەکانی بە خەڵکی دەدات. دەگەنە جێ: منداڵەکان چار وانەیان فشەیە؛ مامۆستاکانیان لە نێو پۆل خەویان دێ. باب لە فەرمانگەیەکی دەوڵەت خۆی سەرقاڵ دەکات بە ئەتاری. دایک لە فەرمانگەیەکی تر لەگەڵ کۆمەڵێک فەرمانبەری تر قسەیان لێ نابڕێت. سەعات یەک، دێباب هەریەکە بە هۆکارێک لە فەرمانگە دەقوچێنن؛ دەچن منداڵەکان لە قوتابخانە هەڵدەگرن. لە ماڵ دوای نانخواردن دەنوون. عەسرێکی درەنگ هەڵدەستن. منداڵەکان سەرقاڵی شاشەکان دەبن. دێبابیش، بەڵام ئەوان نێرگەلەیەک لە نێوان خۆیان دادەنێن. تاو نا تاوێ قوم لێ دەدەن.
ئاوێنە کۆمەڵێک مەلا پێشان دەدات. هەریەکە وەنەوشەیەک داژوا و سەریان لە دوو قونی یەک ناوە بۆ مەزرەعە. دەگەنە ئەوێ. هەتا تەنگەیان دێشی گۆشت و چەلاو دەخۆن و دواتر دەنوون. دواتر ئەفسەرێک دێت کۆبوونەوەیان پێدەکات.
ئاوێنە پزیشکێک پێشان دەدات. ڕیزێک پشکنین دەنووسێت بۆ نەخۆشێک. دوای پشکنین، ڕیزێک دەرمانی بۆ دەنووسێت. نەخۆش دڵی دادەکەوێت و دەڕوا. یەکێکی تر دێت. دوای چەند پشکنینێک، نەشتەرگەری بۆ دەنووسێت. لە ماوەی دوو سەعاتدا، پزیشکەکە هەژدە نەشتەرگەری دەنووسێت، سەت و هەشتا پشکنین و یەک فەردە دەرمانیش. نەخۆشەکانیش ڕازین. سوپاسگوزاریشن.
ئاوێنە ئاقڵمەندانی وڵات پێشان دەدات وکی مەڕێ لە کۆبوونەوەیەک دانیشتینە و سەر دەلەقێنن بۆ مێردمنداڵێکی دەستڕۆیشتوو.
ئاوێنە ئەکادیمیستێک پێشان دەدات. تۆژینەوەیەکی پێکوەناوە و دڵی زۆر خۆش دەبێت کاتێ خراپترین گۆڤاری ئەکادیمی بۆی بڵاو دەکاتەوە.
ئاوێنە نامەی بەرپرسێکی دەوڵەت پێشان دەدات کە بۆ بەرپرسێکی تر دەنووسێت: تەلەبیاتەکانی جەنابتان گە لێ زۆرە موشکیلە نیە تەر تیبی دە کەین بۆ تان و جەنابیشتان عە جە لە بکەن وەسڵەکان بێنن.ئاوێنە پێشانی دەدات شاعیر و ڕۆماننووسە گەورەکان بۆ بەلاڤۆکی دەوڵەت دەنووسن، هەریەکە سێ مووچەی بندیواری هەیە. لەسەر شاشەیش باسی بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەن. لە دیمەنێکی تردا، کۆمەڵێک نووسەری تر خەڵات دەکرێن و سەر و ئۆتۆمبیلێک و سەفتەیەک پارە وەردەگرن.
ئاوێنە پێشانی دەدات هەرچی ئاقڵە سواری بەلەم بووە و دەپەڕێتەوە ئەودیوی دەوڵەت؛ هەرچی دەبەنگیشە خەنی بووە و پارووی کەوتووەتە نێو ڕۆنی.
ئاوێنە پێشانی دەدات هەرچی بیانی دۆڕاو هەیە لە دنیا لێرە بوونەتە ڕاوێژکار؛ بیرمەندانی ئێرەش بوونەتە قاپشۆر و ئوبەرچی لەوێ.
ئەوەی لە بەرانبەر ئاوێنەکەدا دانیشتبوو سوور سوور ببۆوە. سەر و پۆتەلاکی ئەستوور ببوو. لەگەڵ هەر ڕاستییەک فشاری خوێنی بەرزتر دەبووەوە. سوورتر و ئەستووتر.
ئەو لەباتی ئاوێنەکە شەقی برد و هەر پارچەی کەوتە لایەک.[1]