ناونیشان: کورد و کوردستان لە پەیماننامەی سیڤەر
دوای جەنگی یەکەمی جیهانی و لەو کاتەی کە براوەکانی جەنگ زەوی دۆڕاوەکانی جەنگیان دابەش دەکرد کە هەریەکە لە (عوسمانی و ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا) بوون کورد وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستی عوسمانی نوێنەری خۆی ناردە کۆنفرانسی ئاشتی لە شاری سیڤەر بە هیوای ئەوەی کە وەکوو نەتەوەکانی تری ژێردەستی عوسمانی ئەمانیش دەوڵەتێکی سەربەخۆیان پێبدرێت لە لایەن براوەکانی جەنگەوە، نوێنەری کورد ژەنەڕاڵ (شەریف پاشا) بوو و توانی مافەکانی کورد جێ بکاتەوە لە بەندەکانی (62 و 63 و 64) لە (پەیماننامەی سیڤەر)، کە ئەمەش لە کۆی 433 بەند لە ڕێکەوتنامەی سیڤەر 1920 تەنیا 3 بەندی تایبەت بوو بە کورد و کوردستان کە ئەمەش دەقی بەندەکانە:-
پەیمانامەی سیڤەر
بەشی سێیەم
کوردستان
بەندی 62/ لیژنەیەک لە (کۆنستانتین) دادەنیشێت و پێک دێت لە سێ ئەندام کە ئەندامەکان دیاری دەکرێن لە لایەن (بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا)، پێویستە حوکمەتەکان بەپێی ڕیزبەندی ڕەشنووسێک لە ماوەی شەش مانگدا ئامادەبکەن لە کاتی چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم پەیمانامەیەدا بەرنامەیەکی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆیی بۆ زۆرینەی کوردەکان لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی فوڕات، باشوور لە باشووری سنوورەکانی ئەرمینیا کە ئەمەش لەوەیە لەمەولا دیاری بکرێت، و باکووری سنووری تورکیا لەگەڵ سووریا و میسۆپۆتامیا، وەک لە بەشی دووەم، بەندی 27 بڕگەکانی 2 و 3 پێناسە کراوە، ئەگەر نەتوانرێت بە گشتی پارێزگاری لەسەر پرسێک بکرێت، ئەوا پەسەند دەکرێت لە لایەن ئەندامانی لیژنەکە بە پلەبەندی حوکمەتەکان، پێویستە بەرنامەیەک دابنرێت تیایدا بەتەواوی پارێزگاری لە (کلد و ئاشوری) و نەتەوە و ئایینەکانی تر بکات لەو ناوچەیە، و لەگەڵ ئەم ئامانجانەشا لیژنەیەکی تێکەڵ کە پێویستە (بەریتانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئێران، کوردەکان) نوێنەری خۆیان هەبێت و سەردانی شوێنەکان بکەن بۆ پشکنین و بڕیار بدەن چی چارەسەر بکرێت، لە کاتی ڕاستکردنەوەی سنوور دەبێت لە سنووری تورکیادا بێت لەژێر ڕۆشنایی ئەم پەیماننامە بێت ئەو سنوورەش لەگەڵ ئێراندا یەکبگرێتەوە.
بەندی 63/ حوکمەتی تورکیا ڕازیبێت بەوەی کە ڕەزامەند و جێبەجێ کاری بڕیارەکانی هەر دوو لیژنەکە کە لەبەندی 62 ئاماژەی پێکراوە لە ماوەی سێ مانگدا لە کاتی ئاگادارکردنەوەی حوکمەت.
بەندی 64/ لە ماوەی یەک ساڵدا لە کاتی چونە بواری جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنامەیە ئەوا کوردەکانی ئەو ناوچانەی کە لە بەندی 62 ئاماژەی پێکراوە ویستی خۆیان دەردەبڕن لە بەردەم (ئەنجوومەنی کۆمەڵەی گەلان) بە شێوەیەک کە پیشانی بەن زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە ویستی ئەوەیان هەبێت کە سەربەخۆبن لە تورکیا، لە پاشاندا ئەنجوومەنکە ڕەچاوی ئەوەدەکات کە ئەو خەڵکە توانای ئە جۆرە سەربەخۆییەیان هەیە، ڕاسپاردەی ئەوە دەکات کە سەربەخۆییان دابینبکرێت، تورکیا ڕازی دەبێت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکە و دەستبەرداری هەموو ماف و ناونیشانەکانی خۆی دەبێت لەو ناوچانەدا.
وردەکاری ئەو دەستبەرداربوونەش بە ڕێکەوتنێکی جیا دەکرێت لەنێوان تورکیا و هاوپەیماناندا.
ئەگەر کاتێک ئەم دەستبەرداربوونە ڕوبدات نابێت هاوپەیمانان ناڕەزایەتی دەرببڕن بۆ ئەو کوردانەی کە خۆبەخشانە دەچنە ناو دەوڵەتە سەربەخۆ کوردیەکەوە لەم جۆرەش ئەو کوردانەی کە دانیشتووی ئەو بەشەی کوردستانن ئەوەی کە تا ئێستا لەژێر ویلایەتی موسڵدا بووە.
لە پاش هەستانەوەی دەوڵەتی تورکیا و ڕووخاندنی خەلافەتی عوسمانی، تورکیا وەک براوەیەک هاوپەیمانانی ناچار کرد کە (پەیمانامەی لۆزان) ببەستنو جێی (پەیمانامەی سیڤەر) بگرێتەوە، بەمەش کورد هەلی بوون بە دەوڵەتی لەدەستدا.
ئامادەکردن: ڕێکان جیهان
نەخشە: مەجید سەرتیپ[1]