بابەت: کلتوور
نووسین: #مەحمود شێرزاد#
ساڵی ڕابردوو، تەنانەت سەرجەم سەدە و هەزارەکانی ڕابردوو بۆ ئەو کەسانەی ئەرێنی بوون، سەرەڕای ئەوەی لەهەر شوێنێک بووبن، یان لە دەوری هەر پادشایەکدا ژیابن، ئەوان کەسانێکی سەرکەوتوو بوون و چێژیان لە ژیانیان بینیوە. ئەگەر کەسانێکیش نەرێنی بووبن، تەنانەت ئەگەر لە خۆشترین شوێن و لەباشترین بارودۆخیشدا بووبن، چێژیان لە ژیانیان نەبینیوە و هەمیشە دەردەدار بوون. ئەمە یاسایەکی گەردوونییە.
هەمیشە وا بووە و هەمیشەش هەر وا دەبێ، بەڵام چۆن؟ ئەگەر لێگەڕێی لە ڕێگەی هەستەکانی بینین و بیستن و بۆنکردن و تامکردن و بەرکەوتنەوە بەردەوام بابەت و شتی نەرێنی بێتە ناوتەوە، واتە پاڵوێنە و نەرێنیگێڕەوە بۆ دەرگاکانی هاتنە ژوورەوەت دانەنێی، ئەوا بیرکردنەوە و هەستەکانت نەرێنی دەبن، واتە لەرەی نەرێنی بە گەردووندا بڵاو دەکەیتەوە و گەردوونیش لەهەموو ڕوویەکەوە شتی نەرێنی زیاترت بۆ دەنێرێ.
چونکە تۆ داوای ئەوەت کردووە و ئەویش ئەوەت بۆ دەنێرێ کە داوات کردووە. مرۆڤی ئەرێنی بریتییە لەو مرۆڤەی بیرکردنەوەی دروستە، هەستی خۆشە و بەدڵنیایی و بە ئارامی و بێ دوو دڵی دەست پێدەکا و هەنگاو هەڵدێنێەوە. مرۆڤی نەرێنی بریتییە لەو کەسەی بیرکردنەوەی هەڵەیە، هەستی ناخۆشە، هەروەها بە گوومان و نائارامی و دوو دڵییەوە دەست پێدەکا و هەنگاو هەڵدێنێتەوە. مرۆڤی ئەرێنی بیرکردنەوە و هەست و هەوڵەکانی یەک جەوهەریان هەیە، ئەویش باشەیە. مرۆڤی نەرێنی بە پێچەوانە جەوهەری بیرکردنەوە و هەست و هەوڵەکانی لە خراپبووندا هاوجەوهەرن، ئەم جەوهەرە بۆ گەردوون و ژیان گرنگە و کار بەو دەکا. ئەو جەوهەرە لەرەیە و زمانی گەردوون لەرەیە و هەموو لق و پۆپەکانی گەردوون بە لەرە بە یەکەوە قسە دەکەن.
گەروودن وەڵامی قسە ناداتەوە
مرۆڤەکان هەمیشە بەقسە باشترینەکانیان دەوێ و داوا لە گەردوون دەکەن ئەو شتانەیان پێببەخشێ کە دەیانەوێ یان حەزیان لێیەتی، گەردوونیش هەمیشە وەڵامی هەموویان دەداتەوە، بەس بەو جیاوازییەوە وەڵامی هەندێکیان بە ئەرێنی و وەڵامی هەندێکیان بە نەرێنی دەداتەوە. یانی هەندێکیان بە شتەکان و ئامانجەکانیان دەگەن و هەندێکیان ناگەن. لەبەرچی وایە؟ خۆ هەموویان یەک قسە و یەک داواکارییان پێشکەش کردووە، ئەی چی ڕوویداوە؟ بۆ وەڵامەکان وەک یەک نین؟ هۆکارەکەی ڕوون ئاشکرایە، ئەویش ئەوەیە گەردوون کار بە قسە ناکا، بەڵکو بە لەرە کار دەکا، ئەو وەڵامی لەرە دەداتەوە، تۆ ئەو داواکارییەت بە چ لەرەیەکەوە پێشکەش کردووە؟ یانی لەو کاتەدا هەستت خۆش و دڵنیا و ئارام بووە یان هەستت ناخۆش و دوودڵ و نائارام بووی؟ گەردوون وەڵامی هەر دووکیان دەداتەوە، بەڵام وەڵامی یەکەمیان ئەرێنییە و وەڵامی دووەمیان نەرێنی دەبێ، واتە یەکەمیان ئەرێنی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە و دووەمیان نەرێنی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوەی یەکەمیان ئەرێنی و دووەمیان نەرێنی ناردووە.
ئاگایی بنەڕەتی گەردوونی مرۆڤی خەڵق کردووە و مرۆڤ لە ئاگایی بنەڕەتی گەردوونییەوە هاتووە، بەڵام خۆی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی دروست دەکا و گەردوون بۆی دروست ناکا، یانی گەردوون بڕیاری نەداوە تۆ دەوڵەمەند بی یان هەژار و …هتد، بەرهەمی خۆتە، یانی گەردوونی خالق ئێمەی خەڵق کردووە و ئێمەش ژیانی کۆمەڵایەتی خۆمان خەڵق دەکەین. ئێمە بە چ هێزێک ژیانی کۆمەڵایەتی خۆمان خەڵق دەکەین؟ ئەم توانایە لە کوێوە سەرچاوە دەگرێ؟ بۆ لە هەندێ کەسدا بەهێزە و لە هەندێ کەسدا لاوازە؟ چ شتێک بەهێزی دەکا و چ شتێک لاوازی دەکا؟ کە لاواز بوو بە چی بەهێزی بکەینەوە؟
هێزی ئیرادە
ئەو هێزەی ئێمە کە لە پێناو ژیانی ڕۆژانەی خۆماندا بە کاری دێنین هێزی ئیرادەیە، یانی توانای هەڵێنانەوەی هەنگاوەکانمان لە هەموو بوارەکاندا پێی دەگوترێ ئیرادە، لانیکەم مرۆڤ ناوی ناوە ئیرادە. ئیرادە یان توانای دەستپێکردنی کرداریی، توانای هەڵهێنانەوەی هەنگاو و توانای کارکردنی شێلگیرانەی کرداریی لە بوارە جیاجیاکاندا وزەیە. هەروەک چۆن موبایلەکەت و سەرجەم ئامێرەکانمان بە وزە کار دەکەن ئێمەش بە وزە کار دەکەین، بەڵام سەرچاوەی وزەکانمان هەر یەک شتە، ئەویش بۆشاییە، واتە ڕەگەزی فەزا. یانی هەر ئەو وزە کارەباییەی موبایلەکەمانی پێ بارگاوی و پڕوزە دەکەینەوە، بە شێوە دەستکاری نەکراوەکەی هەمان وزە ئێمەش لە ڕێگەی هەناسە و خۆراک و خواردنەوە و…هتدەوە خۆمانی بارگاوی دەکەینەوە و ئاستی وزەی خۆمان بەرز دەکەینەوە، یانی بە فەزا کە بە زمانی سانسکرێتی پێی دەڵێن (پڕانا) و بە زمانی زانستی پێی دەڵێن (فەزا) یان (وزەی ژیان و وزەی گەردوونی) وزەی ئێمە کەم و زیاد دەکا. وەک چۆن لە کەرەستەکانماندا خاڵی وەسڵ و شوێنی وەرگرتن و کۆکردنەوە و هەڵگرتنی وزە هەیە، هێزی گەیەنەر و ڕێگەی گەیاندنی وزە هەیە و سووتاندنی تەزووی کارەبایی لە کەرەستەکانمادا هەیە، بە هەمان شێوە لە ئێمەشدا بێ ئەژمار وەرگر و هەڵگری وزە هەیە، لە ئێمەشدا ئامێری گەیاندنی وزە بۆ بەشە جیاجیاکان هەیە و لە بوارە جیاجیاکاندا ئەو وزەیە دەسووتێنین. بۆ ئەوەی کەرەستەکانمان وزە وەربگرن دەبێ بە کارەبایانەوە بکەین، ئێمەش دەبێ ئاگایانەش بە فەزاوە وەسڵ بین.
خولگەی ئیرادە و کردار
لەلەشی ئێمەدا خولگەیەکی وەرگرتنی وزە هەیە پێی دەگوترێ خولگەی (مانیپوورا)، مانیپوورا یانی شاری جەواهیرات، بۆیە ئەو ناوەیان لێناوە، چونکە وەکوو خۆر دەدرەوشێتەوە. ئەو ناوەندە لەسەر بڕبڕەی پشتی ئێمە کەوتۆتە سەر گەدەمان و ناوەندی ئیرادە و هەڵێنانەوەی هەنگاوی کرداریی گرنگ و بەکارهێنانی کەرەستە و تواناکانی دەورووبەرمانە بە باشترین شێوە. ئەو ناوەندە ئەگەر بە باشی وزە وەربگرێ کەسەکان ئیرادەیان باشە، بەڵام ئەگەر کەسێک شەرمن بوو، توانای کاری کرداریی کەم بوو، یان نەیتوانی کار بۆ پڕۆژە و ئامانجەکانی بکا ئەوا ئەو ناوەندەی لاوازە.
رێگاکانی چالاک کردن و بەهێزترکردنی خولگەکانمان زۆرن، بەڵام یەکێک لە ڕێگاکانی بەهێزکردنی ئەو خولگەیە و تەنانەت سەرجەم خولگەکانی دیکەی لەشی مرۆڤ کە هەموومان دەتوانین بە ئاسانی و بە بێ پارە خەرجکردن هەموو کات کاری لەسەر بکەین بیرکردنەوە و هەستەکانمانن. یەکەم خاڵ ئەوەیە لە بیرکردنەوەکانی خۆمان بۆ شتەکان ڕابمێنین بزانین ڕاستن یان هەڵەن! بۆ نمونە کەسێک ڕۆژانە لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو خۆی زۆر ماندوو دەکا، بەڵام لەبەر ئەوەی تێگەیشتنی بۆ ئەو شتە و بۆ ئامانجەکەی هەڵەیە، یان شکست دەخوا یان چاکی ناپێکی و بەوەش نائومێد دەبێ و ئیرادەی دادەبەزێ، یانی کەسێک دەیەوێ دەوڵەمەند بێ و شەو و ڕۆژ هەوڵدەدا و خەیاڵی لای پارە و دەوڵەمەندبوونە، بەڵام لەو لاوە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ماڵی دنیا چڵکی دەستە یان هەرچەندیش دەوڵەمەند بێ دەبێ ڕۆژێ بە جێی بێڵێ، ئەم قسانە ڕاستن، بەڵام ئەگەر ببن بە باوەڕی تۆ، لەرەکەیان پارە و دەوڵەمەنبوونت لێ دوور دەکەنەوە. بەم باوەڕ و جۆرە قسانە خولگەی مانیپورا کێشەی بۆ دروست دەبێ و وزە باش وەرناگرێ. کاتێ ئەم خولگەیەش وزە باش وەرناگرێ، ئیمە بیرکردنەوە و کردارمان لاواز دەبێ. واتە لەرەمان دادەبەزێ و لەرەش دابەزێ مرۆڤ نەرێنی دەبێ، دەبێ بە هەڵگری ئەو تایبەتمەندییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێکرا.
کەواتە یەکەم خاڵ و دواهەمین خاڵ ئەوەیە بیرکردنەوەکانمان بە ئاراستەی باشە و دروستیدا بگۆڕین، هەر کەس بتوانێ بیرکردنەوە و باوەڕە هەڵەکانی ڕاست کاتەوە لە هەموو ڕوویەکەوە ژیانی دەگۆڕێ. بەڵام چۆن دەزانی بیرکردنەوەت ڕاستە یان هەڵەیە؟ کاتێ بیرت لە شتێک کردوەوە و هەستت ناخۆش بوو، یان بیرکردنەوەکەت هەڵەیە یان تارادەیەک ڕەشبینی و پێت وایە بەو ئامانجە ناگەی، کەواتە یەکسەر هەوڵبدە هەستت خۆش بکەی، چونکە هەستەکەت لەرەی بیرکردنەوەکانت پێک دێنن، ئەگەر لە کاتی بیر کردنەوە لە ئامانجێک هەستت بەڕاستی خۆش بێ %99 دەیپێکی، ئەگەر ناخۆش بوو ئەوا %99 یان نایپێکی یان زۆر بە ناتەواوی دەیپێکی. هەمیشە هەوڵبدە سێکوچکەی بیر و هەست و هەوڵت هاوجەوهەر بن، یان لانیکەم چاوەدێریان بکە بزانە هاوجەوهەرن یان نا.
ژیانی کۆمەڵایەتی و بارودۆخی کۆمەڵایەتی تۆ بەدەست خۆتە، ئەگەر تا ئێستا ژیان بە دڵی تۆ نەبووە ئەوا بزانە بیرکردنەوە و هەست و باوەڕەکانت هەڵە بوون و وزەکانت بە هەڵە و بۆ شتی بێهوودە بەکار هێناوە.
[1]