ناو: فەرهاد
نازناو: فەرهاد شاکر
ناوی باوک: شاکر
ساڵی لەدایکبوون: 1936
شوێنی لەدایکبوون: #چەمچەماڵ#
$ژیاننامە$
فەرهاد شاکر عەبدولعەزیز مەجروم لە ساڵی 1936 لە چەمچەماڵ لە دایکبووە، چونکە باوکی ئەوکات کاتبی دادگای بەرایی چەمچەماڵ بووە. لە شاری #ڕواندز# خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی خوێندووە. لە ساڵی 1957 خانەی مامۆستایانی بەعقوبە تەواو دەکات. لە ساڵی 1958 لە گوندی دەرگەڵە دەبێتە مامۆستا. لە ساڵی 1953 لەگەڵ لەتیف نادر پەیوەندی دەکەن بە #پارتی دیموکراتی کوردستان#. لە ساڵی 1961_1963 لەسەر کاری سیاسیی و چالاکیی کوردایەتیی لە کوت زیندان دەکرێت. دواتر زیندان دەشکێنێت و ڕادەکات. پاشی لە گوندێکی نزیک بەغدا، بەناوی سەعیدە دادەمەزرێتەوە. لە ساڵی 1965 دەگوازرێتەوە بۆ گوندی (باوەکوچک) لە #هەڵەبجە#. لە ساڵی 1969 دەگوازرێتەوە بۆ نێو شاری #سلێمانی#، لە قوتابخانەی زانستی ئێواران، وانە دەڵێتەوە. پاشی دەگوازرێتەوە پارێزگای #هەولێر# و قەزای ڕواندز لە قوتابخانەی جوندیان و دواتر قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز. لە ساڵی 1972 لە ڕواندز دەیگوازنەوە بۆ شارۆچکەی #مەخموور# و پاشان بۆ #هەریر# و بۆ شاری هەولێر و دواتر دەیگوازنەوە هەمان قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز. لە ساڵی 1974 ئاوارەی ئێران دەبێت. دوای گەڕانەوە لە قوتابخانەی مهاباد لە گەڕەکی ئازادی شاری هەولێر دەبێتە مامۆستا. لەبەر شارەزایی لە بواری شێوەکاری و خۆشنووسیدا، وەکو هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و ڕۆشنبیرێکی خاوەن هەڵوێست و مامۆستایێکی بە ئەزموون دەیگوازنەوە بۆ فەرمانگەی هۆیەکانی فێرکردن وەکوو سەرپەرشتیاری چاپ و دیزاین، دەستبەکاردەبێت. تا ناوەڕاستی نەوەهەدەکان، لەم فەرمانگەیە خزمەتی کردووە و جێی پەنجەی دیاربووە. نزیکی 15 ساڵ، بە سەدان لە هۆیەکانی فێرکردنی بۆ گشت وانەکان و سەرجەم قوتابخانەکان دروستکردووە. سەرپەرشتی ژمارێکی زۆری پەرتووکی قوتابخانەی کردووە، تا ئه و ڕۆژەی خانەنشین دەبێت. لە ساڵانی هەشتایەکان لەگەڵ پێنج کەس ڕەوانەی سوێد دەکرێت، شارەزایێکی باشی وەردەگرێت لەکارکردن لەسەر چاپخانەکانی ئەوکاتەی پەروەردە. بەشی زۆری پۆستەرەکانی بابەتی فیزیا و ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و کۆمەڵەی خۆر و زیندەوەرزانی و بابەتەکانی تر بۆ پەروەردەی چاپکردوون، ئەمەش نەک هەر بۆ پەروەردەکانی کوردستان، بەڵکوو بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق دەنێردران، لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک وانەی بە عەرەبی وتووتەوە و بەهۆی سەفەر و گەشتکردنیش، شارەزایێکی باشی لە زمانی تورکی و ئینگلیزی هەیە.
لەناوەڕاستی پەنجایەکان بەسەرەوە و شیعری نووسیوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوسای کوردستانی بڵاو کردۆتەوە، بە تایبەتی گۆڤاری هەتاو (1954_1960). شیعرەکانی باسی کوردایەتی و سروشتی جوانی کوردستان و هوشیاری کۆمەڵایەتی کردووە. شارەزایێکی باشی لە شیعر و ئەدەبی کوردی هەیە و شیعری زۆریشی لەبەرە. لە خێزانێکی شیعردۆست پەروەردەبووە و (مەجروم)ی باپیری شاعیریکی دیاربووە و چەند زمانێکی زانیووە. باوکیشی هاوڕێیەکی نزیکی #شێخ مەحمودی نەمر# بووە، لە حکوومەتەکەی ئەویش دەبێتە بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن. دوای هاتنی ئینگلیزەکان بۆ شارەکە، لە سلێمانی دووری دەخەنەوە بۆ بەغدا. ناهێلن بە هیچ شێوەیێک ڕوو بکاتەوە ئه و شارە. ئەوە بوو لە دوایدا ڕوو دەکاتە قەزای ڕواندز و نیشتەجێ دەبێت. شاکر مەجروم، باوەڕپێکراوی ڕۆژنامەی ژیانەوە و ژین و گۆڤاری پەیژە و گۆڤاری زاری کرمانجیی بووە لە بەغدا و لە ڕواندزیش تا ڕۆژی مردنی باوەڕپێکراوی گۆڤاری هەتاو بوو. فەرهادیش لە بنەماڵێکی کوردپەروەر و ڕۆشنبیر، دەبێتە شیعردۆستێکی باش و شیعری چەندین شاعیری کورد لەبەر دەکات. بە خۆشی شیعر دەهۆنێتەوە. خاوەن شیعری زۆر بووە لە ڕووداوەکانی ساڵی 1974 بەشێکی زۆری ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی ئه و بنەماڵەیە دەفەوتێت و بەم شێوەیەش شیعرەکانیش دەبنە خۆڵەمێش شەڕ و بارودوخی ئەوکاتەی کوردستان.
مامۆستا فەرهاد، ئێستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و کەسێکی ڕووناکبیر و شارەزایە لە بواری مێژوو و ئەدەب و شیعر بەتایبەتی مێژووی شاری ڕواندز و جوڵانەوەی سیاسیی و شۆڕشگێریی و حزبایەتی و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول. کەسێکی خاوەن هەڵوێست و بوێربووە. کەسێکی خۆشەویست و دڵسۆز و چالاک و پڕ وزە و توانا بووە. هەر ئەمەش وایکردووە، باجی ئه و کوردبوونەی بدات، ڕەنگە گواستنەوەی لە کاری مامۆستایەتی له و شارە بۆ ئەم شارە گەواهی ئەم ڕاستیەمان بێ.[1]