ڕۆژی چوارشەممە #05-01-2022# بەرانبەر 15ی بەفرانبار، موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادستانی گشتی و ئینقلابی پارێزگای ئەلبۆرز لەگەڵ ئازادیی موژگان کاووسی بەپێی بڕیارنامەی کەمکردنەوەی ڕێژەی حەشیمەتی زیندانییان ڕەزایەتی داوە و ناوبراو لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرا.
ناوبراو پاش دوایین هاتنە مەرەخەسییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
ڕۆژی چوارشەممە 14ی ڕەزبەر، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ گرتنگەی ژنانی ئاگایی کەرەج ڕاگوێزرا و لە بارودۆخێکی خرپدا ڕاگیرابوو، لە کۆتاییدا ناوبراو ڕۆژی شەممە 17ی ڕەزبەر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند کە بۆ زیندانی کەچوویی کەرەج ڕاگوێزراوە.
موژگان کاووسی، بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشیی برادی کاردی (هێواشیی لێدانی دڵ) و دابەزینی زەختی خوێن، بۆ ماوەی چەندین مانگ بوو کە خوازیاری تاوتوێکردنی پزیشکی یاسایی لەمەڕ نەمانی تاقەت و توانای ناوبراو بۆ تێپەڕاندنی درێژەی حوکمەکەی بوو، بەڵام سەرەڕای ناجێگیربوونی بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو لەو ماوەیەدا، لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە بە نیسبەت ئەم پرسە هیچ بەدواداچوونێک ئەنجام نەدرا.
ڕۆژی چوارشەممە 30ی پووشپەڕ، ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کوردە پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتە مەرەخەسی و ڕۆژی چوارشەممە 20ی گەلاوێژ پاش کۆتاییهاتنی ماوەی مەرەخەسییەکەی گەڕایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
ڕۆژی شەممە 9ی گەلاوێژ، لقی 28ی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران بڕیاری ڕاگواستنی موژگان کاووسیی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی دەرکرد.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 22ی پووشپەڕ، موژگان کاووسی بەپێی داواکاریی خۆی لەمەڕ ڕاگواستن (بەلەبەرچاوگرتنی ئەگەری نیشتەجێبوون هەم لە تاران و هەم لە نەوشەهر) لە زیندانی ئێڤین بۆ نەوشەهر ڕاگوێزرا. پاش تێپەڕاندنی شەو لە گرتنگەی ناجای نەوشەهر، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 23ی پووشپەڕ ناوبراو ڕەوانەی دادگای نەوشەهر کرا تاکوو بە بڕیاری بەرپرسانی قەزایی ئەو شارستانە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگوازرێت بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگینەکردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ بەرپرسانی قەزایی نەوشەهر لەمەڕ ڕاگواستنی موژگان کاووسی بۆ زیندانی نەوشەهر، بەبێ هیچ هەوڵێک بۆ زیندانی ئێڤین گەڕیندراوەتەوە.
موژگان کاووسی، ڕۆژی یەکشەممە 26ی بانەمەڕ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و هەڵاواردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە دانی مەرەخەسی بە زیندانییان لە پەیکی چوارەمی کۆرۆنا، دەستی دابووە مانگرتنی سنووردار.
پێشتر، شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین ئەو نووسەرە کوردەی پاش مانگرتنی لە خواردن لەمەڕ دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسییەکەی، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردبوو.
ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە 11ی خەرمانانی 99، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.
ڕۆژی چوارشەممە 2ی ڕەزبەری 99، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانیی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.
ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی 1 مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانی زیندانی ئێڤین کرا.
ڕۆژی سێشەممە 30ی بانەمەڕی 99، موژگان کاووسی کە به 76 مانگ و 15 ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی تەجمیع، 36 مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا
ڕۆژی هەینی 26ی بانەمەڕی 99، موژگان کاووسی لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.
حوکمی 69 مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ 76 مانگ و 15 ڕۆژ زیندانی زیادی کرد کە بەپێی یاسای تەجمیع 36 مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.
دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر بەبێ هیچ بانگهێشتنامە و ئاگادارییەک حوکمی ممنوع الخروجیی بەسەر ئەو چالاکە کوردە یارسانییە سەپاندبوو.
ڕۆژی پێنجشەممە 28ی سەرماوەزی 98، ئەو نووسەر و چالاکە کوردە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی نەوشەهر کرا و دادگا ناوبراوی بە 69 مانگ زیندان مەحکووم کرد و پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە دانانی بارمتەی 100 ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران، بە 33 مانگ زیندان، هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی بە 30 مانگ زیندان و پڕوپاگەندە دژی نیزام بە 6 مانگ زیندان مەحکووم کرد.
[1]