زارا
#گۆران سەباح#
پێشکەشە بە زارا
دادگەی هەولێر جمەی دەهات. جێ نەبوو، خەڵک نۆرەی گرتبوو. ڕیز گەیشتبووە ئەوسەری شەقامی موسڵ. ئەو ڕۆژە یەکشەم بوو.
دادگەی هەولێر جمەی دەهات. جێ نەبوو، خەڵک نۆرەی گرتبوو. ڕیز گەیشتبووە ئەوسەری شەقامی موسڵ. ئەو ڕۆژە دووشەم بوو.
دادگەی هەولێر جمەی دەهات. جێ نەبوو، خەڵک نۆرەی گرتبوو. ڕیز گەیشتبووە ئەوسەری شەقامی موسڵ. ئەو ڕۆژە سێشەم بوو.
ساڵ سووڕاوە، بووە 2023، ڕۆژ بە ڕۆژ دادگە پڕتر دەبوو. لە 2022، سێ سەت دادوەر وازیان لە کارەکەیان هێنا. لەبەر یەک شت.
کەیسی وا دەهات گورگ پێکەنینی پێ دەهات. ئەندازیارێک گیرابوو لەسەر ئەوەی بیست کەیسی گەندەڵی لە بواری تەلارسازیدا کەشف کردبوو. بەڕێوەبەری بانکێک گیرابوو لەسەر نەهێشتنی پارە ساغکردنەوە. مرورێک گیرابوو لەبەرئەوەی کەشفی کردبوو بەڕێوەبەرەکەی بەرتیل لە شوفێران وەردەگرێت. مامۆستایەک گیرابوو لەبەرئەوەی باندێکی کەشف کردبوو ئەسیلەیان دەفرۆشت. کارەباچییەک گیرابوو لەبەرئەوەی کەشفی کردبوو دائیرەی کارەبا فێڵ لە خەڵکی دەکات.
ساڵ سووڕاوە، بووە 2024، ڕۆژ بە ڕۆژ دادگە پڕتر دەبوو. لە 2023، چار سەت دادوەر وازیان لە کارەکەیان هێنا. لەبەر یەک شت.
کەیسی وا دەهات کەر پێکەنینی پێ دەهات. کەنناسێک گیرابوو لەبەرئەوەی باندێکی لە شارەوانی کەشفکردبوو پارەیان لێ دەدا بە ناوی پاککردنەوەی شار. میراوێک گیرابوو لەبەرئەوەی کەشفی کردبوو دائیرەی ئاوێ فێڵ لە خەڵکی دەکات. بەنگلادیشییەک گیرابوو چونکە خەبەری دابوو بەڕێوەبەرەکەی چتی عادی بە قیمەتی ئەسڵی دەفرۆشت. ڕۆشنبیرێک گیرابوو لەبەرئەوەی گوتبووی، خوێندنەوە هەوێنی شۆڕشە. مامۆستایەکی زانکۆ گیرابوو لەبەرئەوەی باندێکی کەشف کردبوو توێژینەوەیان بە پارە بۆ قوتابیان دەنووسی.
ساڵ سووڕاوە، بووە 2025، ڕۆژ بە ڕۆژ دادگە پڕتر دەبوو. لە 2024، پێنج سەت دادوەر وازیان لە کارەکەیان هێنا. لەبەر یەک شت.
کەیسی وا دەهات پشیلە پێکەنینی پێ دەهات. بەڕێوەبەری کارەکانی بازرگانێک گیرابوو لەبەرئەوەی ڕازی نەبووبوو فێڵ لە کارەکەیدا بکات. نوێژکەرێک گیرابوو لەبەرئەوەی بە مەلای گەڕەکێی گوتبوو، مەلا، شەرمت بەخۆ نییە دەچییە کۆبوونەوەی حزبی. جووتیارێک گیرابوو لەبەرئەوەی کەشفی کردبوو چەند بەرپرسێک خیار و تەماتەیان بە قاچاخ داخیل دەکرد. پینەدۆزێک گیرابوو لەبەرئەوەی لە کن موشتەرییەک گوتبووی، بەرپرس پێڵاوی پەنجا وەرەقەیی نەبی لەبەری ناکەن. ئەندام پەرلەمانێک گیرابوو لەبەرئەوەی لە شوێنێک گوتبووی، ئەمە وەک داشی دامەینە، هیچمان لە دەست نییە.
ساڵ سووڕاوە، بووە 2026، ڕۆژ بە ڕۆژ دادگە پڕتر دەبوو. لە 2025، شەش سەت دادوەر وازیان لە کارەکەیان هێنا. لەبەر یەک شت.
کەیسی وا دەهات سەگ پێکەنینی پێ دەهات. ڕۆژنامەنووسێک گیرابوو لەبەرئەوەی بە بەڕێوەبەرەکەی گوتبوو، لۆ خۆت حیز دەکەیەوە لۆ هەواڵی گەندەڵی. پزیشکێک گیرابوو لەبەرئەوەی گوتبووی، پزیشکەکان قەسابن، سەتا نەوەتی عەمەلیاتەکان بۆ پارە بەردانەوەیە. کتێبفرۆشێک گیرابوو لەبەرئەوەی گوتبووی، نابی چیتر منحە بۆ نووسەر سەرف بکرێت چونکە کتێبەکان بەلاش تەوزیع دەکەن. غازفرۆشێک گیرابوو لەبەرئەوەی باندێکی ئاشکرا کردبوو قەیرانی غازیان دروست دەکرد. خێرخوازێک گیرابوو لەبەرئەوەی نەوتی بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد.
ساڵ سووڕاوە، بووە 2027، ڕۆژ بە ڕۆژ دادگە پڕتر دەبوو. لە 2026، حەفت سەت دادوەر وازیان لە کارەکەیان هێنا. لەبەر یەک شت. ئەویش ئەوە بوو هەموو ئەوانەی گیرابوون و کەیسیان دەهاتە دادگە ناویان (زارا) بوو.[1]