بابەت: ژنان
نووسین: #بەیان ئیبراهیم ڕەحیم#
کوشتن لە کلتوری خێڵ و ئەم بازنە داخراوەی کە ناوی نراوە خێل بە مانا قوڵەکەی بە مانای خۆ پاککردنەوە دێت لە تاوانێک، ئەم تاوانە بە پێ ی کلتوری خێڵ هەمە چەشنە و هەمە جۆرە. کوشتن لە بەرامبەر خۆپاککردنەوەی خێڵ لە هەمان دیدی قوربانی و جەلادەوە بەرهەم دەهێنرێت، لەم چوارچێوەیەدا ژن و جەستەی ژن خاڵی کۆکەرەوەی زۆرترین کلتور شەهامەتی خێڵ و نەریتە باوەکانە، بۆ ئەوەی خێڵ خاوەنی شەهامەتی خۆی بێت دەبێت جەستەی ژن لە کلتورە باوە سەپاوەکە پارێزراو بێت ئەم چوارچێوەش ژینگەیەک بۆ ژن بەرهەم دێنێت کە نەک خاوەنی تەنها جەستەی خۆی نەبێت، بەڵکو خاوەنی بیرکردنەوەی خۆشی نەبێت، خۆ ئەگەر پێمان وا بێت، بەڵێ کلتوری خێل یەکێکە لە هەرە هۆیە کاریگەریەکانی پشتی کوشتنی ژن، ئەوا دەبێت لە خۆمان بپرسین ئاخۆ دەبێت کارئەکتەری ئەم کوشتنەی ژن لە ناو کلتوری خێڵدا کێە و کێ هەڵدەستێ بە جێبەجێ کردنی و کێ سەنتەری بڕیاری ئەم کوشتنانەیە. خۆ ئەگەر پیاو وەک کارئەکتەرێکی جێبەجێکار بۆ کوشتنی ژنێک ببینین ئەوا ئەم کارئەکتەرە بکوژە خۆی بە تەنها خاوەنی دەرکردنی بڕیاری کوشتنی ژن بۆ پاککردنەوەی گوناهەکانی خێڵێکی گوناهبار بە پێ ی عادات و کلتوری خێل نیە، بەڵکو یەکێ لە کارئەکتەرە سەرەکیەکانی ناو ئەم پرۆسەی کوشتنە ژنە ژن خۆیەتی. هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین کە ئەو جەلادەی بڕیار لە کوشتنی ژن دەدات دایکی هەیە و بەگوێ ی دایکی دەکات، خۆ ئەگەر جارێکی تر دایک وەک ژن ئەگەر بەرگری لە ماف و ئازادی ژن بکات دەتوانێ لە سنورێکا ئەم پاککردنەوەیە بۆ خوێنی ژن ڕاگرێ، بەڵام بەداخەوە ئەوە ژن خۆیەتی، ئەوە ئێمەی ژنین کە لە پشت هەمو خوێنێکی ڕژاو و کوشتنی هەر ژنێکەوەین، ئەوە ژن و دایکە جارێکی تر دەبێت بە دەرکەری بڕیاری هەمان کلتوری خێل، ئەوە ژنە ڕۆڵ دەبینێت لە تۆخ کردنەوەی کلتوری خێل و کوشتنی ژن و پاکردنەوەی گوناهەکانی خێڵ بە خوێنی ژن، لە بەرامبەردا ئەوەی دیسانەوە ڕۆڵێکی زۆرخراپ دەبینی لە دەستگرتنی ژن و خستنیە ناو ئەم شەبەکەی خوێنەوە ڕێکخراوەکانی ژنانن، کە ئەمانە لە بونیانەوە نەک فێڵ لە ژێر دروشمەکاندا دەکەن، بەڵکو خۆیان دژی ژنن. دەستی ژن دەگرن و هەڵدەدەنە ناو قەسابخانەی کلتوری ژن کوشتنەوە، دەیبەنە ئەم سەربازگەیە دواجار ژن سەری خۆی لە ناو تورەکەی خێڵدا بەسەربڕاوی دەبینێتەوە، کەواتە ژن خۆی کارئەکتەری سەرەکی پاککردنەوەی گوناهەکانی خێلە بە خوێنی ژن.
لە بەرامبەردا ئەوەی ناونراوە یاساکان و دەستەڵات، دیسانەوە کۆپی هەمان دەستەڵات و کلتوری خێلە بەرامبەر بە ژن، ئەگەر چی بە هۆی بەریەککەوتنی شارستانیەتیەکانەوە و بە گلوباڵی پەیوەندی کردنەوە ئازادی ژن تا ئاستێکی باش هاتوە، بەڵام کاتێ لە چوارچێوەی ئازاد بونی ژن دەردەچێت و ژن دەکات بە کاڵایەیەکی سێکسی ڕوت و دایدەماڵی لە هەمو بەهایەکی ئینسانی دیسانەوە هەمان کلتورە بە ناوێکی تر و فۆرمێکی ترەوە، لە بەرامبەردا ئەوەی کاری پێ ناکرێ و مایەی گاڵتە جاڕییە یاساکانە و ئەوەشی مایەی کۆمیدیایەکی پێکەنیناوی گەورەیە دەستەڵاتەکانە (دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن و ڕۆژنامەگەری و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی) کە بە پلان کار بۆ ئەوە دەکەن ژن لە بەشداری لە یاسا و ئیدارە و قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی دادەماڵێ و دەیکات بە کاڵایەکی ڕەفایی بۆ ماکیاج کردنی دەستەڵات و جۆرێک لە ماددەی بێهۆشکاری سێکسی بۆ ئەوەی دەستەڵات پەرە بە کلتوری قۆرخکاری خۆی بدات، کە دیسانەوە هەمان کوشتنە بە شێوەیەکی هێواشی شاراوەی تر، ئالێرەوە ژن لە نێوان کلتوری خێڵ و یاساکان و دەستەڵاتدا کارئەکتەرێکی سەرەکیە بۆ پاککردنەوەی گوناهەکانی هەرسێکیان (خێڵ و یاسا و دەستەڵات) بە خوێنی ژن، ئەم پرۆسەیە بەردەوامی هەیە تا ئێستا، ئەوەی دەتوانێ بەر بەم خوێن ڕشتنەی ژن بگرێت ژنە وەک کارئەکتەرێکی سەرەکی و کاریگەر.
[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,399 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!