بابەت: وتار
نووسین: د. #ڕەئوف عوسمان مەعرەوف#
پرۆژەی (مدونة سلوک) لە زۆربەی پەرلەمانەکانی جیهاندا هەیە و بەکاردەبرێت، پەرلەمانی عێراقیش بەم دواییانە بەتەمایە پڕۆسەیەک گەڵاڵە بکات و بیخاتە بەردەم لێکۆڵینەوە و مشتومالکردن و دواجار دەنگدانیش، چۆن زۆربەی پیشەکانی پزیشک، ئەندازیار، دادوەر..... هتد کۆمەڵێک مەرج و پێویستی و شارەزایی و کەسایەتی و هەڵسوکەوتی تایبەتی خۆی هەیە و لادان لە وبنەمایانە جۆرێک لە لەقبونی شەرەفی پیشەیی
(الشرف المهنە) دێنێتە کایەوە و کارەکانی شکست پێ دەهێنێ، پەرلەمانیش بە پێی ڕەفتارنامە (مدونةسلوک) کۆمەڵێک مەرج و بنەمای تایبەتی بۆ دادەنرێت و دەشێت لەبەر ڕووناکی ئەو مەرجانە پەرلەمانتار هەڵسوکەوت بکاو کارەکانی سەقامگیر بکرێت و چالاکی و ئیشەکانی سکەی خۆی وەردەگرێت و لە م نێوانەوە شەرەفی پەرلەمانی بپارێزێ و ببێتە نمونەیەکی ئەکتیڤ لە ژیانی نێو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەماندا.
کارکردنی شێلگیرانە بۆ ئەم پرۆژەیە هەندێک کێشەی خۆیی و بابەتی دێنێتە گۆڕێ و دەشێت لەیەکەم هەنگاودا کۆمەڵێک ئاستەنگ و قەیران بەردەممان بگرێت لەوانە:
-بەند و مەرجەکانی سلوکی پەرلەمانتار تایبەت دەبێت بەکەسێک کە بۆتە پەرلەمانتار، واتە قۆناغی یەکەمی بڕیوە کەدەکاتە مەرجەکانی بوونە پەرلەمانتار، بەڵام مەخابن، وەک چەندین جار لە پەرلەماندا باسی ئەوە کراوە کە خەڵکێکی فرە هەن بوونەتە پەرلەمانتار و مەرجەکانی پەرلەمانتارییان تێدانیە! بە تایبەت نەبوونی شەهادە، کە یەکێکە لە مەرجەکان، لە و ڕوانگەیەوە کە کاری پەرلەمانی سیاسییەو گوایە سیاسەتیش پێویستی بە شەهادەو ناسنامەی ئەکادیمی نییە و تەنیا و تەنیا پیادەی چەند چەمکێکی فکری و هەڵسوکەوتە ڕۆژانەییەکانە، دیارە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە کۆمەڵێ خەڵکی بێ ناسنامەو لادەر لە مەرجی یاسایی بخرێنە نێو هۆڵی پەرلەمانەوە، ئەم حاڵەتە لەگەڵ (مدونة سلوک) دا نایەتەوەو شەفافییەت لەدەست دەدرێت، با ئەوەش بڵێم کە مەرجیش نیە هەموو خاوەن ناسنامەیەک سەد لەسەد لێهاتوو بێت یان شیاوبێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان، لەزۆربەی ووڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا لێژنەی باڵاو زۆر تایبەتمەند لە حیزبەکان دروست دەکرێت، بۆ چاوپێکەوتن و دەست نیشانکردن و بەباڵابڕین (تقیم) پەرلەمانتارەکان، لەسەر بنەمای بابەتی و سەرنجدانی قوڵ و فرەلایەن، حەزدەکەم ئەوە بڵێم کە بۆ خولەکانی داهاتوو یەکەمین مەرج بۆ پەرلەمانتاری کورد زانینی زمانی عەرەبی بێت بە ڕەوانی، چونکە پەرلەمانی عێراق ئاخاوتن تیایدا بەزمانی عەرەبییە و پەرلەمانتار ئەگەر پرۆفیسۆریش بێت ئەو زمانە نەزانێ بایەخی نییەو سەرکەوتوو نابێت و کور سییەکیش بەخۆڕایی لەکیسی کورد دەڕوات.
-لەوانەیە هەندێک تێکەڵاو بوون هەبێت لە نێوان (مدونە سلوک) و یاسای ناوخۆیی پەرلەمان و ئەمەش بێتە ئاستەنگییەک و دەشێت هەر لەسەرەتادا، هێڵەکانی ئەم دوو بوارە لێکجیابکرێنەوە و پانتاییەک هەبێت لە نێوانیاندا.
-تا ئێستا ئەوەی کە جێی وتوووێژو بەدواداچوون و ڕای جیاوازە، کەلە و ۆرک شۆپەکەی قاهیرە (6 تا 10-12-2007) باسکراو ئەز هاوبەشیم تیاکرد، بەچەند موداخەلاتێک ئەوەیە کەئایا پیادەکردنی مەرج و بابەتەکانی پڕۆژەی (مدونة سلوک) فەرمانەو دەشێت پەیڕەو بکرێت؟! یان بەتەنیا بەرچاو ڕوونکردنەوەو ڕێگا پیشاندانی پەرلەمانتارە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی و لانەدان لە پەیڕەوەکانی (مدونة سلوک) لە ڕاستیدا لە زۆربەی ووڵاتاندا وەک یاسای ناوخۆ پەیڕەو دەکرێت و پەرلەمانتار بەر پرسی فەرمی، بەرامبەر پیادەکردنی بەندەکانی، بەڵام لەهەندێ وڵاتی تردا ڕۆڵی بەرچاو ڕوونکردنەوە و ڕێگا پیشاندانە.
دیارە ئێمە کۆمەڵێک نمونەمان لەبەردەستدایە، کەهەریەکەو سەر بەتاقیکردنەوەی وڵاتێکە و دەشێت پرۆژەکەی پەرلەمانی عێراق، سوود لە هەموو ئەو تاقیکرنەوانە ببینێ و تێکستێ داڕێژی کە بگونجێت لەگەڵ هەلومەرجەکانی باری سیاسی عێراقدا.
ئەز لێرەدا بۆ بەرچاو ڕوونی بنەما سەرەکییەکانی تا قیکردنەوەی ئینگلتەرا دەخەمە بەردەم خوێنەرانی ئازیزەوە کەبڕێکی بەدەست کارییەوە لە وڵاتی تونسدا پیادەدەکرێت و ئامانجەکانی کەلە دێباجەکەدا هاتووە بریتین لە:
-ئیشکردن لە پێناو شیاوترکردنی ژیانی گشتی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرتیل و بەکاربردنی دەسەڵات و بەفیرۆنەدانی سامانی گشتی، لەنێوان چالاکی یاسایی و چاودێریکردن و هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک و پەرلەمانە جیهانییەکانەوە.
-بە بەرز نرخاندنی کاروباری دەزگاکانی (un) لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵی و هەوڵدان بۆ گونجاندنی پرۆژە نیشتمانییەکان لەگەڵ یاسا پێشکەوتووە بیانییەکاندا.
-کارکردن بۆ جوانکردنی شێوازی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لای هاووڵاتی و توندوتۆڵکردنی متمانە لەنێوانیاندا پاراستنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران لە هەڵسوکەوتی نە گونجاو بێ پێزو زیانبەخش.
ئەم یاسایە (مەجلیسی عمومی) ئینگلتەرا لە (24 یولیو 1996) دا بڕیاری پیادەکردنی لەسەرداوە، لەسەر پێشنیازی هەمان ئەنجومەن لە (19 یولیۆی 1995) دا بە مەبەستی یارمەتیدانی پەرلەمانتاران بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارەکانیان و بەهێز کردنی متمانە لە نێوان گەل و پەرلەمانتاردا پێشنیازی کردووە.
$بنەمای یەکەم$
-ماددەی (1) تڕۆکردنی خۆپەرستی:
گەرەکە پەرلەمانتار دوور بێت لە دەستخستنی بەرژەوەندی تایبەت بۆ خۆی و هاوڕێکانی بەشێوەیەکی نایاسایی ئەوتۆ، کەزیان بە کۆمەڵ بگەیەنێ.
-ماددەی (2) بیری دەست پاکی:
دەبێت پەرلەمانتار پابەند بێت بە ملکەچ نەکردن بۆ ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییانەی کەکاردەکەنە سەر ئیش و فەرمانەکانی و وەستانەوەش بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی کەپەرلەمانتار دەینوێنێت بۆ بەرگریکردن لەشت و لایەن و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، بە ئاڕاستەیەک کە سەربەخۆیی و کەسایەتی پەرلەمانتار کز دەکا، نەک هەر ئەمەش بەڵکو ئەوانەشی کە دەنگیان بۆ داوە لە ئاست هەڵسوکەوتە تایبەتییەکانی چارس بێ هیوا نەبن.
-ماددەی (3) بابەتی بوون (الموچوعیە):
گەرەکە هەموو گرێبەست و پلەی کاری باڵاو ڕێککەوتنە بازرگانییەکان بە پێی ماف و داد و ڕاستی دابەش بکرێت.
-ماددەی (4) ئامادەگی بۆ لێپرسینەوە:
دەبێت بەر پرسەکان هەمیشە ئەوەیان لەبەر چاو بێت کە ئامادەگییان هەبێت، بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوەی جەماوەر، بۆ دەزگاکان ڕەوایە کە بەدواداچوون بکەن بۆ هەموو کارو ئەرکەکانی پەرلەمانتار.
-ماددەی (5) کرانەوە:
دەشێت بەر پرسەکان شەفاف بن لەکارەکانیاندا و ڕاستییەکان لەخەڵکی نەشارنەوە، جگە لەو زانیارییانەی کە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە.
-ماددەی (6) دەست پاکی:
دەبێت بەرپرسان ئامادەبن کە پەردە لەسەر ئەو بەرژەوەندییە تایبەتییانە هەڵماڵن کە پەیوەندییان بەکارەکانیانەوە هەیە و ئەو سوود وبەرژەوەندییانە هەڵوەشێننەوە کەلەگەڵ بەرژەوەندی گشتیدا ناگونجێن و بە دژ دەکەونەوە.
-ماددەی (7) نمونەیی لەباشیدا:
دەبێت بەرپرسان لەسەر ئەم بەندانە بڕۆن و ببن بە نمونەی چاک بۆ کۆمەڵگا.
$بنەمای دووەم$:
نووسینەوەو ئاشکراکردنی ماڵ و سامان و بەرژەوەندییەکانی پەرلەمانتار، لای لایەنی تایبەت لە پەرلەماندا.
دەبێت پەرلەمانتار لەماوەی (3) سێ مانگ و لە دۆسیەیەکی تایبەتیداو لای بەرپرسی تایبەتی پەرلەمان (10) جۆر بەرژەوەندی و ئە و شتانە کە خاوەنێتی، تۆماری بکات و هەڵبژێرەکانیشی (الناخبون) بۆیان هەیە، زانیاری لەبارەیەوە وەرگرن و دەشتوانێت دوای چوار هەفتە گۆرانکاری نوێ لەو بوارەدا تۆمار بکات، دیارە ئەو کات و بەرژەوەندییانەش بریتین لە: (بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکان _ئەو ئیش و کارو وەزیفانەی کە جێبەجێیان دەکاو مشتەریان هەیە دەست و پێوەندەکانی ئەو دیارییانەی کەلە (125) جنیە زۆر ترە، کە بۆ خۆی و ژنەکەی دێ _میواندارییەکانی، کەخەڵک بۆی دەکەن لەناو ووڵاتدا _ئەوسەفەرانەی کەپەرلەمانتار دەیکات، لەسەر حسابی دەوڵەت ئەو دیاری و سوودانەی کەلەدەرەوە بۆ خۆی یان ژنەکەی دێت و لە (125) جنیە زیاترە _خانووبەرە _شتی نەختینە _ پشکی (سهم) کۆمپانیاکان _بەرژەوەندی تر، ئەمانە بە تێکڕایی کاردەکەنەسەر کەسایەتی و ناو و شۆرەتی پەرلەمانتار.
$بنەمای سێهەم$
-ئاشکراکردن:
دەبێت پەرلەمانتار ئەوە ئاشکرا کات کە چ بەرژەوەندییەکی هەیە بەداڕشتنی ئەو یاساو گفتوگۆو دەنگدانانەوە، کە ئەنجامیان دەدات لە پەرلەمانداو دەبێت بزانرێت کە بە چ سیفەتێک پەرلەمانتار دەست دەکێشێتە بوارە جیاجیاکانەوە.
$بنەمای چوارەم$
نابێت پەرلەمانتار بەهیچ شێوەیەک هەڵسوکەوتێکی ئەوتۆ بکات لەپەرلەماندا کە ئەوە بگەیەنێت بەرگری لەبەرژەوەندییەکی تایبەت یان لایەنێک بکات، لەدەرەوەی پەرلەمان، بەشێوازێک کەکەرامەت و کەسێتی و سەربەخۆیی و ئەرکەکانی بدۆڕێنێ و ئەوانەشی کە هەڵیان بژاردووە و وەڕس ببن و پەشیمانی دەربڕن.
$بنەمای پێنجەم$
جەماوەرو ئەندامەکانی پەرلەمان، بۆیان هەیە کەلێپێچینەوە تۆماربکەن، لای لایەنی پەیوەندی دار لەسەر ئەو پەرلەمانتارەی کە ئەم یاساو پەیڕەوانەی دەبەزێنن هەروەها سەرۆکایەتی پەرلەمان لیژنەی تایبەتی بەدواداچوون و لێپێچینەوە ئەنجام بدات، بۆ سزادانی ئەو پەرلەمانتارەی کەلای داوە لەم پەیڕەوانەو سنووری بەزاندووە.
وەک لەسەرەتادا وتم کۆمەڵێک پرۆژەی جۆربەجۆری وڵاتمان لەبەردەستدای، لە وانە وڵاتی کەنەدا، تونس و خوارووی ئەفریقیا، هەرچەندە وڵاتی تونس بە دەستکارییەوە سوودی لە تاقیکردنەوەی ئینگلتەرا بینیوە، بەڵام ئەز لێرەدا دەقی تاقیکردنەوەی ئینگلتەرەم هێناوە، هەرچەندە ووردەکارییەکانی ئەو ووڵاتە لەم هەلومەرجەی ئێستادا بۆ عێراق قورسە، بە ڵام لە هەمان کاتدا کلیلێکی سیحرییە بۆ کردنەوەی هەموو دەرگا ژەنگاویییەکانی دنیای گەندەڵی و مشەخۆری، ئەو دنیا قێزەونەی ئەگەر نەی تاسێنین ئەوا ئەو بەئاسانی دەست دەنێتە بینمان و هەناسەمان لێ دەبڕێت.
بە و هیوایەی ئەم وتارە دەرگا واڵاکات بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی چڕترو گۆڕینەوەی بیرو ڕا، چونکە دەوڵەمەندکردنی دەزگای پەرلەمان بە پرۆژەی دەوڵەمەندو کارا هاوبەشی کردنە لە پرۆسەی بەیاساکردنی ژیانی کۆمەڵگەو دەزگاکانیدا.
تێبینی :بۆ دەستەواژەی (مدونة سلوک) ڕەفتار نامەم هەڵبژاردووە.
ڕەئوف عوسمان مەعرف
ئەندامی پەرلەمانی عێراق
[1]