بەیتی فۆلکلۆری و ژنە بەیتبێژی کورد
پێناسەی بەیت
لە نێو جۆرەکانی گۆرانیی فۆلکلۆریماندا وەک: سیاچەمانە و هۆرە و قەتار و بەیت و لاوک، بەیت یەکێکە لە هەرە دەوڵەمەندەکەیان.
خۆی فۆلکلۆری کوردی گەنجینەیەکی بەنرخی نەتەوەییمانە و تێیدا دەتوانین ئەو بەشە لە ڕابردووی گەلەکەمان بخوێنینەوە و لێی بکۆڵینەوە کە بەداخەوە نەنووسراوەتەوە و نەکراوەتە مێژووی نووسراو.
یانی لە ئاوێنەی فولکلۆردا دەتوانین شێوەی ژیان و دابونەریت و جیهانبینی و تەنانەت شێوازی بیرکردنەوەی پێشنیانی خۆمان ببینین.
چونکە بە داخەوە تەمەنی ئەدەبی نووسراوی کورد زۆر نییە و کورد بەهۆی ژیانی چیاییەکەیەوە زۆر درەنگ خۆی داوەتە خوێندەواری.
بۆیەش فۆلکلۆر یان ئەدەبی زارەکیمان تەمەن و ڕابردوویەکی درێژتری هەیە و لە ڕاستیشدا دەکرێ بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک بەردی بناغەی ئەدەبیاتەکەمان لێی بڕوانین.
ئەوەتا باسیلی نیکیتین لە کتێبی کورد و کوردستاندا لەوبارەیەوە دەڵێت: هەر لێکۆلێنەوەیەک لە ئەدەبیاتی کوردی دەبێ لە پێش هەموو شتێکدا لە سەر فۆلکلۆری ئەو نەتەوە بکرێ کە نەک هەر میراتێکی زۆر دەوڵەمەندی پشتاو پشتی ڕابردووی پێگەیشتووە و هێزێکی گەشە و خوڵقاندن لە ناوخۆشیدا شک دەبا کە هەمیشەش لە نوێکردنەوە دایە و مەبەستی فۆلکلۆری لە نەتەوەکانی جیرانی خۆی وەردەگرێ و کە لەبۆتەی ئەدەبیاتی کوردیدا تواندییەوە، گەشەی پێ دەدا و ئەدەبیاتی خۆی پێ دەوڵەمەندتر دەکات.(نیکیتین، 1997: ل734).
بەیت لە واتا قامووسییەکەیدا، بریتییە لەو بەیت و باوەی لە سەر زار و زمانی پێشینیان بووە و لەوانەوە زار بە زار هاتووە و بە ئێمە گەیشتووە.
سوارە ئیلخانی زادە لە بەرنامە ئەدەبییەکەی تاپۆ و بوومەلێڵدا کە لە ساڵانی حەفتاکاندا لە ڕادیۆی تارانەوە بڵاوی دەکردەوە و دواتر لە کتێبێکدا هەر بەو ناوە بڵاو کرایەوە بەیت بە شیعری وتاری ناو دەبات و ئاوا پێناسەی دەکات: شیعری وتاری یا بەیت بە لای منەوە گەنجێکی هێژا و سامانێکی گەورەی زەوق و چێشکەی هۆزەکەمانە. (ئیلخانی زادە، 2007: ل 175).
دکتۆر ڕهەبەر مەحموود زادە لە کتێبی پێکهاتەی بەیتی کوردیدا ئاوا ئاماژە بە وشەی بەیت دەکات:
وشەی بەیت لە نووسراوەکان و لە ئاخافتنی خەڵکی ئاساییدا، بەسێ مانای جیاواز دەکارکراوە:
1 بە مانای هەرەگشتی: واتە ئەو بەشە لە فۆلکلۆری کوردی کە تێکڕای ئەدەبی داستانی زارەکی دەگرێتەوە.
دیارە لەم بەکارهێنانەدا، وشەی بەیت جگە لە لاوک و حەیران و بەند، بەشێک لە گۆرانی و چیرۆکی فۆلکلۆریشی گرتۆتەوە.
2- بە مانای تایبەتی: واتە بەشێک لە ئەدەبی زارەکیی کوردی کە گەرچی خزمایەتی و نزیکایەتیی لەگەڵ لاوک و حەیران هەیە، بەڵام نە لاوکە و نە حیرانیش. بۆ نموونە لاس و خەزاڵ بەم مانا تایبەتە بەیتێکە کە بەم ناوە لەنێو خەڵکدا بەناوبانگە و ناکرێ ناوی لاوک و حەیرانی لەسەر دابنێین.
3 بە مانای گشتی: واتە چەشنە بەکارهێنانێک کە لە نێوان مانای هەرەگشتی و مانای تایبەتیدا جێگیر دەبێ. لەم چەشنە لێکدانەوەیەدا، بەیت بەمانای تایبەتی و هەروەها لاوک و حیران، هەموویان تێکڕا ناوی بەیت، یان جاری وایە لە بەکارهێنانێکی بەرفراوانتردا ناوی بەیت و باویان لەسەر دادەنرێ. (مەحموود زادە، 2003: ل4)
لەگەڵ ئەوەشدا وردبوونەوە لە بەیت وەک ژانرێکی ئەدەبی کوردی، زۆر هەودا و سەرە داوی دیکەی لێ دەکەوێتەوە.
بۆ وێنە کاک ئەحمەدی بەحری لە بەرگی یەکەمی کتێبی گەنجی سەربەمۆردا دەڵێ: کاتێک باسی بەیت دێتە گۆڕێ، خێرا دیمەنی کوردێکی سەر و ڕووخۆش، لە نێوەچوو، ڕەزاسووک و دڵتەڕی دێهاتیت بە زەیندا دێ کە پێچی هێناوەتە سەر برۆیان، دەستێکی لە بنانگوێی ناوە و بەوی دیکە تەسبیحە سەد دەنکەکەی هەڵدەخلێنێ. دەنگی لێ هەڵێناوە و لە چەشنی خاسەکەوی سەر دوند، سۆزی دەروونی لە کوڵی دەکاتە پشکۆی وشە و بە لێزمە دەیداتە دەرێ.(بەحری، 2000: ل3)، ئەو پێناسەیەی ئەحمەدی بەحری چەند شتێکمان لەسەر بەیت بۆ ڕوون دەکاتەوە.
یەکەم: ئەوەیکە بەیت بەرهەمی ژیانی لادیێە و لانکە و بێشکەی لە دایکبوونەکەی دێهاتەکانن.
دووەم: هەڵڕشتنی کوڵ و کۆ و هەست و سۆزی دەروونە و زۆر جاران بۆ سووک کردنی باری دەروون گوتراوە.
خۆی ئەگەر ئاوڕێک لە بەیتە فۆلکلۆرییەکانی وەک: خەج و سیامەند و کاکەمیر و کاکە شێخ و شۆڕ مەحموود و مەرزینگان دەدەینەوە، بەشێکی زۆر لەو بەیتانە لاواندنەوە و پێداهەڵگوتن و شین گێڕانە.
لەو کاتەدا کە کوردی چیایی هیچ هاودەمێکی شک نەبردووە بۆ ئەوەی کوڵی گریانێکی خەستی لەلا هەڵبڕێژێت، دەنگی لێ هەڵێناوە و تێی چریکاندووەو کوڵی دڵی خۆی بە گوێی چیاکاندا خوێندووە.
هەر شتێک بێ، بەیت گێڕانەوەی سەربردە و زۆرجاران تراژێدیا یان پاڵەوانێتیی کەسێکن.
ئەو بەیتانە لە ڕووی بابەت و ناوەرۆکەوە بەسەر چەند جۆردا دابەش دەبن. بۆ وێنە بەیتێک لەوانەیە، لایەنی دڵداری و تراژیدی و پاڵەوانێتی لەخۆیدا کۆ بکاتەوە.
بۆ وێنە بەیتی لاس و خەزاڵ هاوکات پاڵەوانێتیە و دڵدارانە و تراژیدیاشە.
لاس پاڵەوانێکی بێ وێنە و ئاشقی خەزاڵی سەرۆک عەشیرەتی مەلانەبییان دەبێت و دواجاریش بە تیری دوژمنان تێدا دەچێت.
بەشی هەرە زۆری بەیتەکان، لایەنە تراژیدیا و خەفەتبارییەکەیان خەستترە لە لایەنەکانی دیکەیان. بەیتبێژ، یان ئەو کەسەی بەیتەکەی گێڕاوەتەوە و بەیتبێژی سەردەمی ئێمە لە زاری ئەوەوە دەیگێڕێتەوە، خەم و خەفەت و کوڵ و کەسەری خۆی لە دوو توێی بەیتدا هەڵڕشتووە و بەسەرهاتەکەی لەگەڵ هەڵڕشتنی داخ و کەسەری دەروونی گێڕاوەتەوە و لەگەڵ ئەو گێڕانەوەیەیدا، ئاگری ناخ و دەروونی خۆی، بە لێزمە و لافاوی فرمێسکان دامرکاندووەتەوە. ئاخر دەروونزانەکان بەشێکیان لەسەر ئەو بڕوایەن کە گریان دەبێتە هۆی ئارامبوونەوەی دەروونی کەسی لێقەوماو و کۆست کەوتە. ئەحمەدی بەحری گریان بە هۆکارێکی دیکەی وەدیهاتنی بەیت لەقەڵەم دەدات و دەڵێت: ڕەوانناسان لە سەر ئەو باوەڕەن ئەگەر کەسێک بارستی دەردێکی گەورە یا غەمێکی قورس گرانایی لە سەر بکا، بێت و بۆی بگونجێ پرێسکەی بکاتەوە و کوڵی خۆی هەڵڕێژێ، هەست بە لەش سووکی و ئاسوودەیی دەکا. ئەم بابەتە لە خوڵقانی بەیتدا شوێنێکی یەکجار گرینگی بووە.(بەحری، 2000: ل4)
هەر لەو پەیوەندییەدا عەزیز وەلیانی لە کتێبی ژیلەمۆدا دەڵێت: لە ڕوانگەی زانستی دەروونناسیشەوە، هەم وێژەر و هەم بیسەر دەکەونە گێژاوی خەیاڵ و جەزبە. ئا بەم شێوە خۆیان لە بارستی کەسەر و پەژارەی ژیان ڕزگار دەکەن و سوکنایی بە ڕووح و لەشیاندا دێ. بەم جۆرە تۆوی بەیت دەگوورێ و لە وێنەی زارۆکێ لە بیر و ەزری وێژەرەوە فرچک دەگرێ.(وەلیانی، 2004: ل64).
لە زۆربەی بەیتەکانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوەی هۆنەر و داڕێژەری دەقی بەیتەکەیە ئافرەتە نەک پیاو بەڵام ئێمە هەر لە زاری پیاوانەوە بیستووماننەتەوە و بە داخەوە لەو بوارەدا دەنگی هیچ ئافرەتێک بەتۆمارکراوی نەماوەتەوە. بەیتی کاکەمیر و کاکە شێخ، ئازیزێ، بەشێکی زۆر لە حەیرانەکان، بەیتی سوارۆ و زۆر بەیتی دیکەمان هەن کە وێژەرەکەیان ئافرەت بووە، کەچی بەداخەوە بە دەنگی ئافرەت بەرهەمێکمان لەبەر دەستدا نییە و وەک باسمان کرد ئەوەی هەیە لە زاری پیاوانەوە بە ئێمە گەیشتووە.
ئەو مەسەلەیە هەتا ئێستاش وەڵامێکی شێلگیری بۆ نەدۆزراوەتەوە و هەر کەسە و لە ڕوانگەی خۆیەوە هۆکارەکانی خستووەتە ڕوو. هەرچۆنێک بێ، ورد بوونەوە لەو دەقە بەیت و حەیرانانە ڕاستییەکمان بۆ ڕوون دەکەنەوە ئەویش ئەوەیکە ژنە کورد ئەگەر وەک پیاوان مەیدان و ڕێگەی پێ درابایە، لە توانادا هیچی لە پیاوەکان کەمتر نەدەبوو و داهێنانەکانیشی ئەگەر لە پیاوان پتر نەبوایەن، لانیکەم شانیان لە شانی پیاوان دەدا.
عەلی خزری نووسەر و ڕووناکبیری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دیمانەیەکدا لە بارەی حەیرانەوە ئاوا وەڵامی دیمانەکار جەعفەر حوسێن پوور (هێدی) دەداتەوە:
ژنی کورد هەرچەند لەچاو ژنانی نەتەوە هاوسێیەکان سەربەستیی زیاتر بووە، بەڵام هیچکات ئەو سەربەستییە نەگەیوەتە ئەو ڕادەیە کە لە مۆسیقا دا چالاکیی هەبێ. ئەگەر کوڵ و کۆیەکی لە دەرووندا بووبێ، بە بیانووی لاواندنەوەی مناڵ، ئەگەر ویستوویەتی ڕەخنە بگرێ و ڕق و کین بڕێژێ بە بالۆرە و ئەگەر ویستوویەتی بە ڕیتم دەروونی لە گرفتەکانی ڕوحیی پاک بکاتەوە، بە ئاهەنگی مەشکەژاندن سوکنایی هاتووەتێ. ژنی کورد زگماک هۆنەر بووە. ئەوەی ئەو لە لایەلایە و بالۆرە و مەشکەژاندن و شینگێڕیی مردوو و. دا وەک هۆنراوە خوڵقاندوویەتی، لە باری ناوەرۆک و جوانیناسییەوە بێ وێنەیە و پیاوی کورد، لە کاری مۆسیقا دا، ئەو سوژە و دیالێکتانەی لە ژن وەرگرتووە و ئەوە کە لە حەیراندا لە زمان کیژەوە دەگوترێ، ئەمانەتدارییەکە لە لایەن پیاوەوە.
ئەگینا ژن، ئەویش ڕاستەوخۆ، کەی ئەو دەرفەتەی بووە کە توانایییەکانی خۆی لە مۆسیقا دا، ئەویش لە سەردەمێکدا کە تەنانەت بۆ پیاویش گۆرانی گوتن بە کارێکی سووک داندراوە، بهێنێتە مەیدانەوە؟ (خزری، 2003: ل6)
ڕەنگ بێ ئاوڕدانەوەیەک لە شوێنی گرنگیدان بە بەیت و گوتنەوەی بەیت و حەیرانەکان، زۆر سەرەداوی گرنگمان بەدەستەوە بدەن لەسەر ئەوەی ئاخۆ بۆچی دەنگی ئەو ژنانە نەماونەتەوە.
بەسەرنجدان بەوەیکە ئەدەبی فۆلکلۆر ئەدەبی بەر لە خوێندەواری و قوتابخانەی میللەتە، دەبێ ئاوڕ لەو شوێنانە بدەینەوە کە ئەو ئەدەبەی لێ بەرهەم هاتووە یان لەوێوە پەرەی پێ دراوە. هەموو بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە شوێنی پەرەپێدان بەیت و پشتگرتنی بەیتبێژان دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگەکان بووە. ئەگەر لە دەرباری پادشاکاندا خەڵات پێشکەش بە شاعیرەکانیان دەکرا و دیارییان پێ دەبەخشران ئەوا کورد بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتێکی سیاسییەوە، جگە لەو چەند قۆناغە کورتەی سەردەمی ئەمارەتەکان، پێشتر دیوەخان باڵاترین دەسەڵاتی نێو کۆمەڵگەی کوردەواری بووە و لە دیوەخانەکاندا حەیرانبێژ و خۆشخوان کۆ کراونەتەوە و بەخێویش کراون.
مامۆستا هێمن لە پێشەکییەکەی توحفەی موزەفەرییەدا دەنووسێ: لە ناوچەی موکریان هەر ئاغایەک دانگە مڵکێک، کۆنە دیوەخانێک، قوڵە بارگینێک، کەچە زینێک، پیرە تاژیێکی هەبایە، خۆشخوانێکی ڕادەگرت کە شەوانە لە دیوەخان بەیت و باوی بۆ بڵێ، لە وەختی نووستندا حیکایەتی بۆ بکا، لە شاییدا داوەت و ڕەشبەڵەکی بۆ بگێڕێ، لە سەنگەردا تانووتی لێ بدا. لە ڕاودا لەسەر تەماڵ پایزە و ئازیزەی بۆ بڵێ، فڕان باوێتە دژمنی و بەندان بە دۆستی هەڵبڵێ و تەنانەت لە پاش مردنی شینی بۆ بگێڕێ.
هەر لە درێژەی ئەو باسەیدا دەڵێ:تا ئاغا دەستڕۆیوتر، تا دێ ئاوەدانتر و گەورەتر، تا دیوەخان بە بێنە بێنەتر، تا ئەسپ ڕەسەنتر، تا زین و لغاو و ڕەحت و ڕێشمە پەرداختر، تا تاژی چێتر و دەم گەرمتر بان، خۆشخوانیش وەستاتر و شارەزاتر، نێر و پڕتر و کۆک و پۆشتەتر دەبوو. (هێمن، 2006: ل14)
ئەحمەدی بەحرییش لە کتێبی گەنجی سەربەمۆردا لەو بارەیەوە دەنووسێت: لە زرۆ ناوچەی کوردستان بە تایبەت لە موکریاندا ئاغا و دەرەبەگ لە گوند یا گوندەکاندا ژیاون. مانەوەی ئاغا لە دێدا داب و نەریت و هەندێک تایبەتمەندی داوە بەم ناوچەیە کە لە شوێنەکانی تر کەمتر بەرچاو دەکەوێ. یەکێ لە هۆیەکانی پەرەسەندنی پتری بەیت لە موکریاندا دەگەڕێتەوە سەر ئەم مەسەلەیە. هەر ئاغا و نیمچە ئاغا و قوڵەئاغایەک بە پێی دەست ڕۆیشتنی، یەک یا چەند خۆشخوانی ڕاگرتووە تا لە کاتی شادی و کەیف خۆشی یا هاتنی میوان یا چوونە ڕاو، بە گوتنی خۆی مەجلیسیان بۆ بڕازێنێتەوە. (بەحری، 1999: ل18)
ئەوە مەیدانێکی بەرین و هەراو بووە بۆ خۆشخوانە پیاوەکان و لانیکەم ئەوان ئەوەندە ئازادییەیان هەبووە بە کەیفی خۆیان دەنگ هەڵێنن و لەو پێناوەدا شاباش و خەڵاتیش وەرگرن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خۆشخوانە پیاوەکانیش بەردەوام کۆسپێکیان لەبەردەمدا بووە کە ئەویش فتوای مەلا و قسەی مەلا بووە. مامۆستا هێمن لە توحفەی موزەفەرییەدا لەو بارەیەوە دەڵێ: خۆشخوان لە دێدا هەر ناحەزێکی هەبوو، ئەویش مەلای گوند بوو. کەم وابوو دانوویان پێکەوە بکوڵێ. مەلا وشکەکان خۆشخوانە دڵتەڕەکانیان خۆش نەدەویست. ناویان نابوون چاوەش. بە چاوی سووک چاویان لێ دەکردن. تا مەلا تەشریفی لە دیوەخان بووبایە خۆشخوان دەبوو قڕوقاپ دانیشێ و متەقێ نەکا.(هێمن، 2006 : ل 15)
بەو پێیە کە شوێنی حەوانەوە و تەنانەت پاڵپشتی حەیرانبێژ و بەیتبێژ و بە گشتی خۆشخوانەکان دیوەخانی ئاغا بووبێت، زۆر لایەنی دیکەمان بۆ ڕوون دەبنەوە. یەکێک لەو لایەنانە ئەوەیە کە دیوەخان شوێنی کۆبوونەوەی پیاوان بووە و ژن بە هیچ شێوەیەک ڕێی نەکەوتووەتە دیوەخانەوە و لە ئاکامدا هیچ پاڵپشتێکیشی نەبووە کە بە قەولی خەڵکی سەردەمی ئێستامان سپۆنسەریان بێت. کە سەیری ئەو لایەنەی دیکەیش دەکەین کە تەنانەت پیاوەکانیش ڕێگەی هونەرەکەیان بێ کۆسپ و لەمپەر نەبووە و بەردەوام مەترسیی فتوایەکی ئایینییان لەسەر بووە، دەی دەبێ ژن چ ڕێگەیەکی لەبەر بووبێت. ئەو ژنەی کە لە کۆمەڵگاکەیدا تەنیا بەسەرچاوەی چێژگەیاندن بە پیاو و بەخێوکەری منداڵ سەیری کراوە و هەموو سووکایەتییەکیشی پێ کراوە؟ خۆی ئەو چەند نموونەیەی هێناماننەوە، ڕوون و ئاشکرا پێمان دەڵێن هۆکاری ونبوون و دیارنەمانی دەنگی ژن چ بووە.
کورتی ببڕێنەوە، بەشێکی زۆر لە هۆنراوە و بەیت و حەیرانەکان وەک باسمان کرد، ژنان هۆنەر و دانەریان بوونە، ئێمە لە نێویاندا بەیتی سوارۆمان وەک نموونە هێناوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بەیتە هەتا ئێستا بەپێی پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و کاری لەسەر نەکراوە.
ژن لە بەیتی سوارۆدا
بەیتی سوارۆ یەکێکە لەو دەقە فۆلکلۆرییانەی کە پڕاوپڕە لە ڕەگەزی شێعری و خەیاڵی ناسکی شاعیرانە، کە دڵنیام، دانەری ئەو بەیتە ناخی پڕ بووە لە شێعری خۆشەویستی. هۆنەری ئەو بەیتەش ئافرەتە. ئەم بەیتەش بەمەرەدی دەقە فۆلکلۆرییەکانی دیکە چووە و پیاوان لە زمانی ئافرەتەکەوە دەیڵێنەوە. دیسانیش هەر پیاوە نوێنەرایەتیی ئافرەت دەکاتەوە.
بەیتی سوارۆ چیرۆکی ڕۆیشتنی فەرماندەیەکی سوارچاکە بۆ شەڕێکی پڕ لە مەترسی. سوارۆ بەر لەوەی بچێتە شەڕ، دێتە لای گراوی(مەعشووق)ەکەی و وێڕای ماڵاوایی و گەردن ئازایی، داوای ماچێکی لێ دەکات. بەڵام کچە پێی نادات...
ئەوە دوێنێ چووکەڵە سوارەکەی من دەچۆوە سەفەری
کاولە لەحسایە ئەوە دەیکوت کیژێ وەرە دوو ماچم دەیە
بەسەری بەقوڕ و بە ملی بەکوێنم ڕووم لێ وەردەگێڕا
هەی لاڵ ببم نەمدەدایە...
ئەوە لە دوایی دەچوومەوە پێش چووکەڵە سوارەکەی خۆم
زولفی خۆمم لەبەر دەگێڕا و مەمکی خۆمم بۆ دەبردەوە تکایە
شەرت بێ بە شەرتی خوداو ڕەسووڵان
چووکەڵە سوارەکەم بێتەوە لەوێ شەڕێ هەرامەتە لەوێ هەڵایە
ئەمن سینگی خۆمت بۆ دەکەمە بە کاغەزەکە مەرجان و
مەکی خۆمی بۆ دەکەم بە قەڵەمەکی فەرەنگی
هەروەکوو مەلای دوازدە عیلم
شەوتا ڕۆژێ لێ بکا موتاڵایە...
لێرەدا ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر سەرنجمان ڕادەکێشێت ئەوەیە کە کچە لەو کاتە ناسکەشدا، ماچی پێ نادات و تەنانەت دواتریش کە خەم دایدەگرێت و دەچێتەوە پێش چووکەڵە سوارەکەی خۆی... دیسانیش ناچێتەوە ماچی پێ بدات، بەڵکوو دەچێت کۆمەڵێک مەرجی بۆ دادەنێت بۆ پێدانی ماچ و شەو ڕامووسانێ. کە دەبینین یەکەم مەرجەکەی ئەوەیە لەو شەڕە بگەڕێتەوە ئینجا ئەو. سینگی خۆی بۆ دەکات بە کاغەزێکی....
زۆریان گوتووە و هەر دەشیڵێنەوە لە پشت هەموو پیاوێکی سەرکەوتووەوە ئافرەتێکی مەزن هەیە بەڵام کەمتر نموونەی خۆماڵیمان بۆ دەهێننەوە. لەم بەیتەدا ئەو دیاردەیە بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت. لێرەدا ئافرەت ناڵێ وەگەڕێ و مەچۆ شەڕێ، ئینجا ماچت دەدەمێ... بەڵکوو بەجۆرێک لە جۆرەکان هانی دەدات و هیواداریشی دەکات ئەگەر بگەڕێتەوە نەک هەر ماچێک بەڵکوو لە نیشتیمانی سەوزی جەستەیدا سەربەست و ئازادی دەکات. دیسان هەر لە زمانی ئەو ئافرەتەوە لە درێژەی بەیتەکەدا وێڕای ئەوەیکە ئافرەتەکە بۆی دەپاڕێتەوە کەلە تیری ئەجەل دوور بێت و هاوارێ دەباتە بەر پیر و پیاوچاکان و بۆی دەپاڕێتەوە لە نەهامەتی بیپارێزن، هەر لەو کاتەشدا هانی دەدات کە دەبێ لە شەڕگەدا ئازا و نەترس و بەجەرگ بێت، ئەگینا لە باخی زەردە هەناران، بێبەریی دەکات. کەوابوو مەرجی ئەو ئازادکردنەی سوارۆ هەر ئەوە نییە بە سەلامەتی بگەڕێتەوە، بەڵکوو لەوەش گرینگتر ئەوەیە کە پاڵەوانێتی بنوێنێت. کچە پێی دەڵێت: ڕەبی سوارۆ ئەمن خەبەری مەرگی تۆم بۆ بێت نەک ئەوەی ببیستمەوە تۆ سەری لەشکرێ خۆت وەرگێڕاوە لەبەر هەزار و پێنجسەت سواران، نەکەی ئەمن خەجاڵەت و شەرمەزار بکەیتەوە لە نێو شەدەشل و خاڵ لەمل و ناسک و نازداران...
لێرەدا خاڵێکی گرینگ و شاراوەی دیکەمان بۆ دەردەکەوێت، ئەویش ئەوەیە کە کچە، دیارە لەنێو کۆڕی دەستەخوشکانیدا زۆری تاریفاتی سوارۆ کردووە و وەک پاڵەوانێکی نەبەز بەوانی ناساندووە. هەربۆیە پێی خۆشە خەبەری مەرگی خۆشەویستەکەی ببیستێ بەڵام نەبێستێتەوە کە بەزیوە و ڕایکردووە ئەویش لەبەر چەند کەسان؟ لەبەر هەزار و پێنجسەت سوار!!
لە بەیتە کوردییەکاندا ژن بە چەند شێوەیەک دەردەکەون. بۆ وێنە لە بەیتی لاس و خەزاڵدا، خەزاڵ دەورێکی کردەیی و چالاکی هەیە و سەرۆکی عێل و عەشیرەتە و ئەمر و فەرمانی بە دەستە. بەڵام لە بەیتی سەیدەواندا، هەر دەنگی نییە جگە لەوەی ژن لەوێدا تەنیا لە ڕۆڵی ئەو بووکەدا دەردەکەوێت کە بە کچێتی دەگەڕێتەوە ماڵی باوان. لە بەیتی کاکەمیر و کاکە شێخدا ژن واتە ئەستێ و بوغدان تەنیا شین دەگێڕن و هاوار و داد و فوغانێ دەکەن. لێرەش لە بەیتی سوارۆدا دەبینین یارکۆڵێی سوارۆ ڕۆڵێکی هاندەرانەی هەیە. سوارۆ هان دەدات لە مەیدانێ ورەی بەرز بێت. تەنانەت هەڕەشەشی لێ دەکات کە ئەگەر بێت و بە تێشکاوییەوە بگەڕێتەوە ئەوە لە خەوی سەر سینگ و مەمک و ماچی زەردەهەناران بێبەش و بێبەریی دەکات.
ئەو قەول و بەڵێنانەی کە کچە بە سوارۆی دەدات لە ڕووی دەروونزانییەوە ئەگەر سەیری بکەین، دەبێتە هۆی پتەوترکردنی ورەی جەنگاوەرەکە. خۆ ئەگەر سوارۆ بەردەوام تەنیا لەبیری ئەوە دابێت کە خێرا بگەڕێتەوە بەشکم نازدار حەیران سینگ و مەمکی بۆ ئاوەڵا بکات، ئەوە لەوانەیە ئەوەندەی خەیاڵی لای شەوژوانێکی داهاتوو بێت، نیو ئەوەندە بیری لە لای جەنگاوەرانی لەشکرەکەی و هێزی دوژمنەکەی و شێوازەکانی شەڕ و پەلاماردان و سەرکەوتن نەبێت. هەر بۆیە مەرجی ئەو پێکگەیشتنە نەک تەنیا گەڕانەوە بەڵکوو سەرکەوتنی پڕ دەستکەوتە.[1]
سابات حەمید