بارودۆخی سلێمانی لەسەردەمی عوسمانییەکاندا
ساڵی 1851 کە عوسمانییەکان بەسەر عەزیز پاشای باباندا سەرکەوتن و #سلێمانی#ان داگیرکردوو کۆتاییان هێنا بە سیستمی میرنشینی و لەجێگەی پاشای بابان، عەبدوڵڵا پاشای کورِی سلێمان پاشان وەک قائیمقام دانا، لەدوای ئەویش بە یەکجاری کۆتاییان هێنا بە دەسەڵاتداری کورد و ئیسماعیل پاشای تورکیان هێنا و لە جێگەی ئەو کردیان بە قائیمقام.دوای ئەو ئیتر هەر کەسێک دەکرا بە قائیمقام کەمتر لە دوو ساڵ دەمایەوەو بەهۆی ئەوەی ئەوسەردەمە ڕێگەی هاتوچۆ ئاسان نەبوو، هەر هاتنی قائیمقامەکە لە شارەکانی تورکیاوە چەند مانگێکی پێدەچوو، ئەگەر سەفەر و پشویەکی وەربگرتایە چەند مانگێکی تر دەویست و بەو جۆرەش لەو ماوە کەمەی دەمایەوە ئەو کاربەدەستە بە تەواوەتیش شارەزای ناوچەکەو کاروبار نەدەبوو.سیستمی ئەو کاتە دەسەڵاتی عوسمانیش وابوو کە لەبری ئەوەی دەوڵەت پارە تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان، کاربەدەستان ناچارکرابوون کە ساڵانە برێکی دیاریکراو باج کۆ بکەنەوە بۆ دەوڵەتی بنێرن و بەو جۆرەش کاربەدەستی ئەو ڕۆژگارەی عوسمانی لە سلێمانیدا ئەگەر خواستیشی بوایە خزمەتێک بکات نەیدەتوانی چونکە نە پارەی هەبوو نەکات.
میجەر سۆن کە لەکاتی دەسەڵاتی عوسمانیدا سەردانی سلێمانی کردووە دەڵێت: سوڵتانی عوسمانی زیاتر ئەو کەسانەی دەگرتە خۆی کەبەدەست و مەچەکی بەهێز و لەرێگەی دزی و جەردەییەوە پارەی زیاتریان دەدایە.بۆیە باری سلێمانی زۆر خراپ بوو.بازرگانان دەبوو دوو ئەوەندە یان سێ ئەوەندە باج بدەن، ئەوە ئەگەر لەرێگە چەتە هەموو ماڵ و سامانی نەبردنایە، هەر میجەر سۆن باسی هەڵسوکەوتی پۆلیس و قۆمیسەری عوسمانی دەکات لەگەڵ خەڵک بۆ ئەوەی گێچەڵیان پێ بکەن و بەرتیلیان لێ وەربگرن.بەکورتی شیرازەی حوکم بەتەواوی تێکچووبوو.
لەدوای کۆتایی هاتنی حوکمی بنەماڵەی بابان، لە سلێمانیدا، بنەماڵەی شێخان ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسیان وەرگرت. ئەو بنەماڵەیە لەزووەوە لە کوردستان و ناوچەکە ناسرابوون، لەساڵی 1359وە لە بەرزنجە نیشەجێ بوون.کە سەرەتا دوو برابوون بەناوی عیسا و موسا. شێخ مارفی نودێ لەم بنەماڵەیە بووە، کە ڕۆڵی ئاینی گەورەی هەبووە لە نێو بابانەکاندا، پاشان کاک ئەحمەدی شێخ کوڕی شێخ مارف کە بەهۆی پێگەی ئاینیەوە ناوبانگێی ناوچەی و هەرێمی پەیداکردبوو، تەنانەت سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی ئارەزووی دیداری کردووەو کاک ئەحمەدی شێخیش لەشەری ڕوس و عوسمانییەکاندا هێزێک لەژێر سەرپەرەشتی شێخ سەعیدی کوڕی ڕەوانەی شەر دەکات بۆ هاوکاری عوسمانییەکان و بەو جۆرەش تواناو دەسەڵات و ناوبانگیان زیاتر بوو، پاشانیش شێخ سەعید جێگەی باوکی گرتەوە.
ساڵی 1908 کۆمەڵەی اتحاد وتەرقی سوڵتان عەبدولحەمیدیان لابردوو، لقی ئەو کۆمەڵەیەش لە سلێمانی لەگەڵ ئەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی تر کە ناکۆکیان هەبوو لەگەڵ بنەماڵەی شێخان هەوڵی تۆڵەکردنەوەیان دەدا لەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی سەر بە سوڵتانی لەسەر کار لادراو بوون و بەو جۆرەش هانی حکومەتیان دا تا شێخ سەعید و شێخ مەحمودی کوڕی و بنەماڵەکەی و ڕابگوازن بۆ موسڵ و لەویش دوای ماوەیەک بەهۆی کێشەیەکەوە شێخ سەعید کوژراو شێخ مەحمود بە ئاستەم ڕزگاری بوو.
ئەو ڕووداوە لە عیراق و ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی زۆر دەنگی دایەوەو هۆزی هەمەوەند هەستان و خەریک بوو شورش بەرپا بکەن و هەرەشەیان لە کاربەدەستانی موسڵ کرد ئەگەر شێخ مەحمود کورِی شێخ سەعید بەند بکرێت هێرش دەکەنە سەر شارەکە، لە ناچاریدا ئیدارەی عوسمانی لە موسڵ شێخ مەحمود و هاوەڵانی ناردەوە بۆ سلێمانی و لە کەرکووکەوە تا سلێمانی پێشوازییەکی گەورەیان لێکرا.
لەسەر تاوانی کوشتنی شێخ سەعید و کەسوکاری والی موسڵ 130 کەسی خستە بەندیخانەو پاش ساڵ و نیوێک لە دادگاکردن بریاری لە سێدارەدان بۆ 13 کەس دەرچوو، بەڵام لە ئەستەمبوڵ کاربەدەستانی اتحادو تەرەقی هیچ کام لە حکومەکانی دادگایان پەسەند نەکرد.
لە تشرینی دووەمی 1914 دوای بەرپابوونی تەنیا یەک ڕۆژ بەسەر شەرِی دەوڵەتی عوسمانی و بریتانیادا، سوپای بریتانیا شاری بەسرەی گرت، خەڵکی ناوچەکەش لەبەر زوڵم و زۆری کاربەدەستانی عوسمانی بەرگریان نەکردو نە عوسمانییەکان خۆشیان بەرگریان پێ دەکرا، بۆیە عوسمانییەکان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی خۆیان پەنایان بۆ جوڵاندنی هەستی ئاینی خەڵک بردوو هەزاران کەس بەدەم بانگەوازەکەوە چوون و کوردیش بەهەمان شێوە لەژێر گوشاری هەستی ئاینیدا نزیکەی 3 هەزار کەس بە سەرۆکایەتی شێخ مەحمود ڕووی لە باشوری عیراق کرد و بەشداری لەشەری شوعەیبەدا کرد.
لەشەری جیهانی یەکەمدا دەوڵەتی عوسمانی چووە پاڵ دەوڵەتی ئەڵمانیاو لەشەرەوە گلا، سلێمانیش کە بەشێک بوو لە وڵاتی عوسمانی پریشکی شەرِی بەرکەوتوو، بەهۆی شەرِو سەپاندنی باجی لە ڕادەبەدر بەسەرخەڵکدا بۆ بەخێوکردنی سوپاو وشکە ساڵی، گرانی و قاتوقرِی و کارەساتی زۆر ڕووی لە شارەکەو ناوچەکە کرد کە لەنێو خەڵکدا بە گرانی گەورە ناو دەبرێت و هەزاران کەس بەهۆی برسێتی و نەبوونی و نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست دا بەجۆرێک وەک ڕەفیق حیلمی دەڵێت: شاردنەوەی مردوو لە توانادا نەمابوو![1]