تەلارسازی و شوێنەوارەکانی لە کوردستان
کۆنیی، مێژوو و پێگەی کوردستان، کە سەرهەڵدان و بوونی نیشتمانی کۆمەڵە مرۆییە سەرەتاییەکانی بەخۆوە بینیوە لە هەزارەی دوانزەهەمی پێش زایینەوە، چەند جۆرە شێوازێکی بیناسازی بە کوردستان بەخشیوە کە تیایدا نەوەکانی کورد بە درێژی سەدەکان ژمارەیەکی زۆریان لە شوێنەواره مێژووییەکان بۆمان بە جێهێشتووە. ئەم شووێنەوارانە تا ئەمڕۆ کەشی کوردستان دەڕازێننەوە و گەشتیاران و میوانان و چاودێرانی بیناسازی پێی سەرسام دەبن. بەم شێوەیە چەند شێوە تەلارسازیی و شوێنەوارێکی جیاواز لە کوردستاندا درووست بوونە، لە قەڵا، شار، گوند، دێ، مزگەوت، کەنیسە، پەرستگا، بازار و خانوو. بەدەگمەن شارە هەیە لە کوردستان کە پاشماوە و شوێنەواری مێژوویی کۆن، لە لایەنی شارستانی و ئاینییەوە، تیدا نەبێت.
باپیرانی کو ڕد و دانیشتووانان لە کوردستانی کۆندا، پێش هەزارەی حەوتەمی پێش زایین، یان لە ئەشکەوتدا دەژیان یاخود ڕووی هەندێک کێویان دادەتاشی و کۆشک و تەلاریان لێ درووست دەکرد. بەڵام لە هەزارەی حەوتەمەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاوو بەسەر ئەم شێوەژیانەی کوردستانییەکان دێت، کە قەوارەی ژیانی پێکەوەژیانیان فراوانتر دەکات. لە ئەنجام وازدەهێنن لە ڕاووکردن و شوێنی بەردەوامی بۆ خۆیان درووست دەکەن و سەرقاڵ دەبن بە کشتووکاڵ (لەبەر ئەمە ئەم پرۆسەیە نێوی 'شۆرشی کشتووکاڵی' لێنرا) و ئاژەڵ و پەلەوەڕ بەخێودەکەن. بۆ ئەم شێوەژیانە نوێیه باپیرانی کورد (بۆ یەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتی) گوند و دێ درووست دەکەن، کە یەکەم و ناودارترینیان دێی چەرمۆ- یه، کە نزیک بە شارۆچکەی چەمچەماڵی ئێستا یە لە هەرێمی کوردستان- عێراق.
ئه و کەرەستانەی کە بۆ بیناسازی بەکاردەهێندران، کە تا ئێستا لە سرووشتی کوردستاندا دەستدەکەون، بریتیبوون لە بەرد یان خشت (تابووگی) ناوخۆیی (هەموو جۆرەکانی لە کوردستاندا هەن)، خۆڵ، کە بۆ لەسەرنان و پتەوویی بەردەکان بەکاردەهات (بە هەموو ڕەنگەکانییەوە، خاکی، سوور و زەرد) و کا (پاشماوەی درەوی کشتووکاڵی). ئەمەشیان تێکەڵی یەکتر دەکرد تا دەبوو بە تێکەڵە.
لە هەرێمی کوردستان- عێراق چەندەها شوێنەواری ناوداری مێژوویی هەن، هەندێکیان کۆنن و هەندێکی تریشیان تا ڕادەیەک نوێن، کە شێوازی تەلارسازی ڕۆژهەڵاتیی نایاب و دیمەنێکی قەشەنگ و دڵڕفێنیان هەیە. بەلام بەداخێکی زۆرەوە، لە سەدەی بیستەمەوە ئەم شێوە بیناسازییە هیچ گۆڕنکارییەکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە. تەنانەت لە کوردستاندا هیچ هەولێک نەدراوە بۆ پێشخستنی زانستەکانی تایبەت بە شێوەی بیناسازی ناوخۆیی کوردی و چۆنیەتی پێشخستنی بیناسازی ناوخۆیی نوێ. لە جێی ئەمە، شێوەی بیناسازی ڕۆژئاوایی کاری تێکردووە.
هەندێک لە تەلارە مێژووییەکانی پارێزگای #هەولێر#
$قەڵای هەولێر$
ئەم قەڵایە دێرینترین قەڵایە لە جیهاندا کە تا ئێستا ژیانی تێدا بەردەوام بێت. ئەم قەلایە دەکەوێتە ناو جەرگەی شاری #هەولێر#ەوە و 25 م لە ڕووی زەوی بەرزە. بەرزیی قەڵا لە سەر ئاستی ڕۆخی دەریا 431 م و ڕووبەرەکەی 110,000 م2. مێژووی درووستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ 6000 ساڵ پ.ز. قەڵای هەولێر لە 506 خانوو و لە سێ گەڕەک پێکهاتووە: سەرای، تۆپخانە و تەکیە. خانووی چینی دەوڵەمەندەکان لە گەڕەکی سەرای قەڵا, بەهۆی بەکارهێنانی بناخەی باش و بەهێز، بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی بارودۆخی سرووشت و ڕۆژگاری گرتووە. هاوکات نەخش و نیگاری زۆریان تێدا بەکارهێناوە، مۆزەخانە و شوینی کولتووری لەخۆ گرتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سەرنجی گەشتیاران بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
$مزگەوتی قەڵای هەولێر$
مزگەوتی قەڵای هەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستی قەڵا وە. مێژوونووس یاقوت حەمەوی لە کتێبی (معجم البلدان) لە ساڵی 1220 باسی ئەم مزگەوتەی کردووە، هەروەها مێژوونووسی هەولێری ئه و سەردەمە، ئبن مستوفی، لە نووسینەکانیدا (تاریخ أربل) ناوی (مزگەوتی قەڵا)ی بۆ دیاریکردووە. ئەم مزگەوتە چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە، بۆ نموونە لە ساڵی 1719 – 1720، کە ئەم مێژووەش لەسەر مینبەرەکە نووسراوە.
$منارەی چۆلی$
ئەم منارەیە یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری هەولێر، کە بە دووری 1 کم دەکەوێتە باشووری خۆرئاوای قەڵای هەولێر و بە منارەی (موزەفەریە) ناوبانگی دەرکردووە. ئەم منارەیە لە ساڵی 1128 - 1238 لە سەردەمی سوڵتان مظفرالدین دروستکراوە و لە 2009 نۆژنکراوەتەوە. لەلایەن خەڵکی ناوچەکە بە منارەی چۆلی ناسراوە، چونکە کاتی خۆی لە شوێنێکی چۆڵدا بنیاتنراوە. بەرزییەکەی لە ڕووی زەوی 37 م، دوو دەرگەی بەسەرکەوتنی هەیە ئیستا دەکەوێتە ناو پارکی گەشتیاری منارە وە.
هەندێک لە تەلارە مێژوەییەکانی پارێزگای #سلێمانی#
$مزگەوتی گەورە$
مزگەوتی گەورە دەکەوێتە ناو جەرگەی شاری سلێمانییەوە، لە لایەن ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی 1785 دروستکراوە. لە بەر پیرۆزیی شوێنەکە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتییان سەردانی دەکەن. مەزاری زانایان و پیاوانی ئایینی بە ناوبانگ وەک: کاک ئەحمەدی شێخ، شێخ مەحمودی حەفید (مەلیکی کوردستان) لەگەڵ مەزارەکانی میرەکانی بابان و ڕیشسپیانی لە خۆگرتووە.
$هەڵکۆڵدراوی قزقاپان$
قزقاپان بە دووریی 50 کم دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی. لە دۆڵی چەمی ڕەزان لە نزیک ئەشکەوتی زەرزی هەڵکەوتووە. بە بەرزای 7 م لە چیاێک هەڵکۆڵدراوە، لە سالۆنێک و 3 ژوور و 3 گۆڕی لە بەرد هەڵکۆڵدراو پێکهاتووە. لە لای دەرەوەی ساڵۆنەکە چەند پەیکەر و هێما و نەخشە و نیگارێک هەڵکۆڵدراوە. مێژووی گۆڕەکانیش بۆ پاشاکانی سەردەمی ماددەکان، 650 ساڵ پێش زایین دەگەڕێنەوە.
$قەڵای سارتکە$
لە ناوچەی قەشقۆلی لە بەری سارتکە, قە ڵاکە لە بەرزایەک بە بناری چیاکە دەڕوانێتە سەر ڕووبار و کەپرە گەشتیارییەکان. قە ڵاکە لەلایەن میرمحەمەد (پاشای #سۆران# 1813-1837) دروستکراوە و ئیٍستا بەشێک لە ژوورەکان و دیوار و قوللەکانی قە ڵاکە وەک شوێنەوار ماونەتەوە.
هەندێک لە تەلارە مێژوویەکانی پارێزگای #دهۆک#
$مزگەوتی حاجی ئەحمەد$
ئەم مزگەوتە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری دهۆک، لە گەڕەکی شاخکێ. لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین مزگەوتی دهۆکە.
$کەنیسەی مارت ئالاها$
ئەم کەنیسەیە کۆنترین کەنیسەیە لە دهۆک و دەکەوێتە نزیک سەرۆکایەتی زانکۆ لە دهۆک
هەندێک لە تەلارە مێژووییەکانی #گەرمیان#
$قەڵای شێروانە$
قەڵای شێروانە دەکەوێتە دەروازەی شاری کەلارە لە باشووری ڕۆژهەڵات. ئەم قە ڵایە لەلایەن محەمەد پاشای جاف دروستکراوە. دیمەنێکی جوانی بە کەلار بەخشیوە. گەشتیارانێکی زۆر سەردانی دەکەن. پێکهاتووە لە ژێرزەمینێک و دوو نهۆم ژمارەیەک ژوور و ژوورێکی هەشت لا لە بەشی سەرەوەی پێکهاتووە.چوار قولەی ئیشگری هەیە، قەلاکە بە شێوەی ئەندازەی ڕێکوپێک دروستکراوە ئەم پاشایە قە ڵاکەی بۆ جێی حەوانەوەی خۆی و وەک بنکەیەکی ئیداری بۆ بەڕێوەبردنی عەشیرەتەکەی بەکارهێناوە. لە ناو قە ڵاکە, مۆزەخانەیەک دروستکراوە.
$قەڵای پاشا (کۆشکی مەحمود پاشای جاف)$
ئەم قەڵایە دەکەوێتە گوندی (تازەدێ)، بە دووریی 9 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەلار. ئەم شوێنەوارە کۆشکێکی دوو نهۆمییە و زیاتر لە کاروانسەرایەک دەچێت. ئەم کۆشکە لەلایەن مەحمود پاشای جاف دروستکراوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1895. جگە لە تەلارە سەرەکییەکەی کۆشک، لای باکوورەوە تەلارێکی دیکەی لاکیشەیی هەیە کە پێدەچێت بۆ کۆگا و جێگەی تایبەتی ئەسپ و ئاژەڵی باربەر تەرخانکرابێت. لای باشوورەوە بینایەکی دیکەی بچووک هەیە کە پێکهاتووە لە چەند ژوورێک بە سەر بەرزاییەکەوە دروستکراوە.[1]