بابەت: یاداشت
نووسین: #عەبدوڵڵا حەسەن زادە#
(بۆ یادی 100 ساڵەی لەدایک بوونی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی)
ئەم کاتە باش!
داوام لێ کرا لە بەرنامەی یادی سەدساڵەی لەدایکبوونی هەژاردا بەشدار بم و بابەتێک پێشکێش بکەم. ئەوەی ڕاست بێ لەبەرم گران بوو، چونکە چەند ساڵێکە خۆم لە هەرجۆرە دەرکەوتنێکی دەنگی و ڕەنگی بواردوە و پێم وایە نۆرەی بەرەی دوای منە. بەڵام خۆشەویستیم بۆ هەژار و ڕێزم بۆ پێ داگرتنی ئەوانەی داواکەیان لێ کردم، ڕۆژووەکەی پێ شکاندم و ئەوە نەک بە لێکۆڵینەوە بەڵکوو بە هێندێ بیرەوەری و بۆچوونی خۆم لەسەر هەژار بەشدارییەکی هەژارانە دەکەم:
هیوادارم بە بێ ئەدەبی دانەنرێ کە بێ دانانی هیچ ناسناوێک ناوی ئەو کەسایەتییە گەورە ئەدەبییە دێنم. چونکە پێم وایە ئەو جۆرە کەسانە لەوە گەورەترن بە لەقەب و عینوان گەورە بکرێن.
#گۆران# بۆ مەرگی #فایق بێکەس# ی شاعیر دەڵێ:
“ئەی فریشتەی شێعری جوان!
کۆستی کەوتووی هەردووکمان
بۆ ئەمجارە بێکەسە
کە گوتمان بێکەس بەسە”.
#هێدی# بۆ مەرگی #هێمن# دەڵێ:
“ئێوەش مەڵێن هێمن شێری پرچن بوو
هێمن هێندەی بەسە بڵێن هێمن بوو”.
هێمنیش دەڵێ: “نەما خانی هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا ئێستاش لە کوردستان دەژین زین و مەمێکی تر”
یان: “من تەشیڕێسێکی وەک شیرینی وەفاییم بۆ چییە؟
کیژی ئازای چاوکراوەی فێرەزانینم دەوێ”.
دەست خۆشیم بۆ ڕێکخراوی جیهانیی کورد و ئاکادێمیی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ناوەندی مێراو) کە ئەم دەرفەتەیان ڕەخساندوە، سڵاو بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی ئەم بەرنامەیە و سڵاوێکی گەرم بۆ کۆڕگێڕانی ئەم یادە، بەڕێزان مامۆستا ماجید مەردۆخ ڕووحانی یار و هاوکاری وەفاداری هەژار لە دەیەکانی کۆتایی تەمەنیدا، ئەدیب و توێژەری وردبین مامۆستا عەبدولخالق یەعقووبی و ڕووناکبیری تیژهۆش کاک ناسر باباخانی و ئەوپەڕی خۆشەویستیشم بۆ کاک خانیی شەرەفکەندی کوڕی چووکە بەڵام غەمخۆری گەورەی هەژاری نەمر.
وردبوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی هەژار بۆ مامۆستاکان بەجێ دێڵم، چونکە کورد دەڵێ: “نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب” و لەسەر ئیزنی هەمووان ئەمن باسی هەژار بەو جۆرەی ناسیومە، دەکەم:
پێش هەموو شتێک ئەوە دەڵێم کە هەژار پیاوێکی سادە و گەرم و خۆمانە بوو و لە هێندێ خۆشیرینی و ئەوەی پێی دەڵێن تەعاروف یان موجامەلە بەدوور بوو. باسی یەکەم دیدارمان دەگێڕمەوە: لەمێژ بوو ئەمن دووراودوور هەژارم دەناسی و تامەزرۆی دیتنی بووم، باسی منیشیان لای وی کردبوو کە مرید و موخلیسی ویم و زۆر لە شێعرەکانیم لەبەرن. ئاخرەکەی ساڵی 1347 (1968) دەرفەتم بۆ ڕەخسا و دەگەڵ هاوڕێیەکم -کاک ئەمیری قازی- لە گوندی سوورەبانی باڵەکایەتی چوومە خزمەتی. هاوین و گەرما بوو. کە چووین لەبن کەپرێک لەسەر گازی پشتێ ڕاکشابوو و ئێخەی کراسەکەی کردبۆوە. سڵاومان کرد، لەجیاتی وەڵام و بەخێرهێنان بە کاک ئەمیری گوت: “هاتی؟”، گوتی “هاتم”، گوتی “چاکت کرد”. کاک ئەمیر گوتی “ئەوەش فڵان کەسە”، گوتی “هەوە؟”. تەواوێک ترسام کە نەکا حەز لە چارەی من نەکا! دوای یەک دوو دەقیقە هەستا دانیشت و گوتی “ئێ!”. ئیدی وەک چەند ساڵ بێ یەکتر بناسین خۆمانە لەگەڵم دوا و لە نیگەرانی دەرهاتم.
پێویستیی بە گوتن نییە کە هەژار زمانزانێکی گەورە بوو. لانی کەم ئەوەندەی بۆخۆم بزانم، هیچ زمانزانێکی کورد ئەوەندە شارەزای شێوەزارە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی نەبووە. دەربەدەری و ئاوارەیی و گەڕان بە مەڵبەندە زمانییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان دا و ژیان لە نێو چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵی کوردەواری ئەو دەرەتانەی بۆ هەژار پێک هێنابوو یان بڵێین ئەوی ناچار کردبوو زوربەی ڕاوێژەکان تێ بگا و تەنانەت قسەشیان پێ بکا. هەر بۆیە، فەرهەنگی “هەنبانە بۆرینە”ی هەژار دەگەڵ ئەوەی لە لایەن پسپۆڕان و شارەزایانەوە ڕەخنەی بەجێی لێ گیراوە تا ئێرە بە دەوڵەمەندترین “وشەدان”ی کوردی دەژمێردرێ و بۆ ئەو دەزگا ئەکادیمیانەی لە دواڕۆژدا مشوور لە دانانی فەرهەنگێکی سەردەمییانەی زمانی کوردی دەخۆن سەرچاوەیەکی بەپیت و بەرەکەتە.
ئەگەر بێینە سەر باسی شێعر، ڕەنگە واقیعبینانە بڵێین لە باری سەنعەتی شێعرەوە هەژار لە ڕیزی یەکەمەکان دا دانانرێ و هەر لە بنەوپاڵی خۆی دەکەوێتە دوای هێمن. بەڵام هەژار و شێعری هەژار بە هێندێ تایبەتمەندی دەناسرێنەوە کە دەیانکەنە شێعر و شاعیری هەراوترین کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان. بزانین چۆن:
شێعری هەژار بە زمانێکی خەڵکی و ئەوەندە ڕێک و ڕەوان نووسراوە کە تەنانەت کەسانی کەم سەواد و تەنانەت نەخوێندەواریش بەئاسانی لێی حاڵی دەبن و بگرە لەبەریشی دەکەن. لەوە گرنگتر، هەژار قسەی دڵی خەڵک دەکا و بێ سانسۆر و ڕووتووش نیازی چەوساوەترین توێژەکانی کۆمەڵ دەردەبڕێ. قەت لەبیرم ناچێ لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستان دا (1961 تا 1970) هەروەخت شێعرەکانی هەژار بە دەنگە ڕەوان و زوڵاڵەکەی خۆی لە ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێڕاقەوە بڵاو دەکرانەوە خەڵک بە تامەزرۆیی لە دەوری ڕادیۆکان کۆ دەبوونەوە و بێ ئەوەی متەقیان لێوە بێ گوێیان بۆ دەگرت و دەگەڵ هەر بابەتێکی دەریدەبڕی هەنیسکیان دەدا و دەمیان پێ دادەپچڕا و بەئاشکرا دیار بوو کە قسەی دڵی خۆیان لە زمانی هەژارەوە گوێ لێ بووە و دەڵێن ئەمە ئەو داخەیە کە لەمێژە پێوەی دەناڵێنم و نەمزانیوە دەریببڕم.
هەژار شێعری بۆخۆی و بۆ بیروباوەڕی خۆی دەنووسی و قەت نەبوو بە ڕاسپاردە و بۆ ڕازیکردنی ئەم و ئەو شێعر دابنێ. لەوانەیە یەکێک بڵێ ئەدی ئەو هەموو شێعرە چ بوو بە ڕەحمەتی مەلا مستەفای بارزانیی هەڵدەگوت. لەوبارەیەوە ڕەنگە ئەمنیش تێبینیم لەسەر نێوەرۆکی شێعرێکی بووبێ، بەڵام بە دڵنیایی دەڵێم ئەو شێعرانەشی لە ناخی باوەڕەوە گوتوون و کەس پێی دیکتە نەکردوون. لەبیرمە پاش ڕێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 لە چۆمانی ناوچەی باڵەکایەتی ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەناوی جەژنەکانی ئادار و نەورۆز بەڕێوە چوو. ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە چەند جار چوونە لای هەژار داوایان لێ کرد شێعرێک بنووسێ و لە جەژنەکەدا بیخوێنێتەوە، قبووڵی نەکرد و گوتی ئەمن شێعر بە ڕاسپاردە ناڵێم و شێعرێکیشم بەو بۆنەیەوە بۆ نەهاتوە. ئاخرەکەی چوون داوایان لە هێمن کرد کە شێعرێکی زۆر جوانی بەو بۆنەیەوە نووسی:
“لەو دەمەیڕا کە کاوە کوتکی وەشاند
مێشکی زووحاکی کوردکوژی پڕژاند
گەلی چەوساوە هات و لێی هاڵا
چەرمی بەروانکەکەی کرا ئاڵا
…………….
بە دەهۆی دوژمنان گەلێ ساڵ بوو
جێژنی نەورۆز لە کوردەکان تاڵ بوو
نەتەوی خاکی گرت و مڵکی بڕی
هەرکەسێ هات بەشێکی لێ پچڕی
……………..
ڕاپەڕی کاوەیێکی ئازاتر
کەوتە دووی کۆمەڵێکی وریاتر
مەزنی ئەم کوردە کاکە بارزانی
کاتێ حاڵی بە نالەبار زانی
ڕابوو، ڕاسا، پساندی زنجیری
گرتی ڕێی ڕاستی باب و باپیری
کوڕی دڵسۆزی کورد و شێری نەبەرد
دەستی دایە تفەنگ و چۆ بن بەرد
شۆڕشێکی بەهێزی بەرپا کرد
سەد زوحاکی لە ناخی ڕەش ڕا کرد
……………..
ئەی شەهید ئەی نموونەی ئازایی
نەڕژا خوێنی تۆ بەخۆڕایی
ئەو لەشانەی بە گوللە دابێژران
لە دڵی گەرمی میللەتا نێژران
……………
جێی باسە کە هەژار هەرگیز دانی بە ڕێککەوتنی ئاداردا نەنا و هەر پێی وابوو کورد کڵاوی چۆتە سەر. تەنانەت شێعرێکی توندیشی بە دژی ئەو بەرپرسانە نووسی کە پاش ڕێککەوتنی ئادار چوونەوە شار و پلەوپایەی دەوڵەتییان وەرگرت. بێسوود نابێ چەند چوارینەیەکی لێرەدا بێنینەوە. دیارە شێعرەکەی لە زمانی پێشمەرگە و ڕەش وڕووتانەوە نووسیوە:
مامە گیان سڵاوی بۆندار
پیرۆز بێ قەنەفە و کورسی
گەر لە بچووکی خۆت دەپرسی
ماوم بەڵام بە لارەلار
مامە گیان ئەوکات لە چیا
پێکەوە دەژیاین لە ئەشکەوت
ڕانک شڕۆڵ و کڵاش چەوت
لە هیچ شتێک لێک نەبووین جیا
بەناو ئازادیمان وەرگرت
تۆ هاتیە شار و ئەفەندیت
کەس نازانێ چۆنی و چەندیت
خانووی شەش حەو قاتت سەر گرت
……………
ئەگەر باس لە کاری وەرگێڕانی هەژار بێ، دەزانین کە جگە لەوەی هەر نەبێ سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبیی بە وردەکارییەوە دەزانین، توانایەکی گەورەشی لە هونەری وەرگێران دا هەبوو. ئەو زۆر بابەتی جۆربەجۆری وەرگێڕاون، شێعر، مێژوو، پزیشکی و فکری و ئایینی و تەنانەت قوڕئان. ئێستاشی لەگەڵ بێ پێم وایە نەدەبوو قوڕئان تەرجەمە بکا چونکە لەجێدا قوڕئان دەبێ تەفسیر بکرێ نەک تەرجەمە و جگە لەوەش عەرەبیزانین بۆ تەرجەمە و تەفسیری قوڕئان بەس نییە. بەوحاڵەش ئەگەر بەراوردی دەقەکان بکەین دەبینین کە وەرگێڕانەکەی هەژار بۆ قوڕئانی پیرۆز لە وەرگێڕانەکانی دیکە ڕەوانتر و سەحەت سووکترە. خۆ “قانوون”ەکەی هەر بەڕاستی کاری فەرهادی بوو. سەدان ساڵ بوو نە هیچ فارسێک ئەوەندەی عەرەبی زانیبوو نە هیچ عەرەبێک ئەوەندە فارسی زانیبوو کە بوێرن قەرە لە قەرەی وەرگێڕانی قانوونی ئیبنی سینا بدەن، بەڵام هەژاری کورد دەگژیڕاچوو و بەچۆکیدا هێنا.
ڕەخنە لە وەرگێڕانی هەژار دەگیرێ کە وەرگێڕانێکی “ئەمین” نییە و تاڕادەیەکیش بەجێیە. بەڵام ئەگەر بۆ وەرگێڕانی هێندێ دەقی وەک مێژوو ئەم ڕەخنەیە لەجێی خۆیدا بێ، بۆ وەرگێڕانی شێعر بەپێچەوانەیە. لەوە گەڕێ کە وەرگێڕانی وشە بە وشە هەموو دەقێک دەشێوێنێ، وەرگێڕانی شێعر بە دەقاودەق هەر مومکین نییە و ڕوحی شێعر دەفەوتێنێ. شێعر دەبێ پەیامەکەی وەربگیرێ یان وەربگێڕرێ. لەو بارەیەشەوە وا دەزانم کە هەموو کارەکانی سەرکەوتوون. هەرچەند هەژار لەبارەی خانییەوە بەحەق دەڵێ “ئەو باغی گوڵان و من بژارم/ بیر لەو دەکەم و دەڵێم هەژارم”، ئەمن پێم وایە ئەگەر خانی مەم وزینی هەژاری دیتبایە دەستخۆشیی لێ دەکرد و ئەگەر خەییامیش چوارینەکانی هەژاری دیتبان ئافەرینی پێ دەگوت، چونکە لە هەردووکیان دا لەباری شکڵەوە کێشەکەی پاراستوە و لەباری نێوەرۆکەوە پەیامەکەی گەیاندوە.
حەز دەکەم ئاماژە بەوەش بکەم کە هەژار هەم مرۆڤێکی قسەخۆش و خۆش مەشرەف بوو، هەم چەندی بتەوێ ئازا و بەجەرگ بوو. سێ کوچکەی هەژار و هێمن و خالیداغا (ئەودەم پێیان نەدەگوت هێدی) بەڕاستی لەو هەلومەرجە سەختە و لەژێر ڕەهێڵەی تۆپ باران و بۆمباران دا فەزایەکی پێک هێنابوو کە هەرخۆش بوو بەختت یار بێ و لە نێویدا بژی. قسەی خۆش و گێڕانەوەی بیرەوەریی تاڵ و شیرین بەجێی خۆی، وەردەگەڕانە گۆڕین و یاریکردن بە شێعرەکانی یەکتر و چیی بە خەیاڵیان دا هاتبا هەڵیان دەڕشت. هێمن شێعرێکی هەبوو بە ناوی “ڕەق هەڵاتم” کە باسی ڕاکردن لە ئێران و پەنابردن بۆ نێو شۆڕشی کوردی دەکرد. هەژار تەخمیسی کردبوو بەڵام ناوی نابوو “تەخبیس(پیس کردن)ی ئاغای هەژار لەسەر شێعری ئاغای هێمن”، هەر شیرن بوو گوێت لێ بێ و چێژی لێ وەرگری. حەیف کە بوار نیە هێندێکیان لێ بێنینەوە.
هەژار هیچ وەخت لەکاتی بۆردوومان دا نەدەچووە پەناگە و کونەتەیارە. چادری وی و خالیداغا لە “ناوپردانان” لێک نزیک بوون. ڕۆژێکیان پێکەوە یاریی تاوڵە دەکەن کە فڕۆکە دێن و بەخەستی بۆمباران دەکەن، خالیداغا دەچێتە کونەتەیارەیەک کە هەر لە پەنای خێوەتەکانیان بوو. دوای تەواوبوونی بۆمبارانەکە دەچن بانگی دەکەنەوە و دەڵێن بۆمباران تەواو بوو. هەژار دەڵێ کوڕە لێیگەڕێن خۆ لەبەر بۆمباران نەڕۆیشتوە، تاوڵەکەی دۆڕاندوە بۆیە هەڵاتوە.
بۆ ئەوەی بە واقیع بینییەوە لە هەژار دوابم ئەوەش زیاد دەکەم کە لە هێندێ بارەوە جێی گلەیی بوو. بۆ وێنە لەگەڵ جیابیرانی (سیاسی یان ئەدەبی) زۆر بێ بەزەیی و کەم ئەهلی مودارا بوو، کەمتر ئامادە بوو بۆچوونەکانی موناقەشە بکرێن و بە حەق و ناحەق زۆر لەسەر ڕایەکانی موکوڕ و پێداگر بوو. ئاخر شتیشم ئەوەیە کە لە چێشتی مجێوردا بێ بەزەییانە لە هێندێ کەس و بابەت دواوە. کاک خانی لەبیریەتی کە پێش چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکە داوام لەو کرد وەک میراتگری مام هەژار هێندێ شت دەرهاوێ یان دەسکاری بکا. بەڵام وەڵامی دامەوە کە “ئەمن کتێبی بابم چاپ دەکەم و کتێبی بۆ نانووسم” و قسەکەشی حیسابی بوو.
بە هەموو حاڵ ناوی هەژار بۆ هەمیشە وەک ئەستێرەیەکی پڕشنگدار لە ئاسمانی ئەدەبی کوردیدا دەدرەوشێتەوە و بەرهەمەکانی لە بواری جۆربەجۆردا مایەی شانازی و شیاوی لێ فێربوونن.
هەزار سڵاو لە گیان و ناوی و یادی هەمیشە بەخێر.
[1]