بابەت: زانیاری گشتی
نووسین: شاروخ حەسەن زادە
ڕێکەوت: #27-03-2021#
لە زانستە سیاسییەکاندا “کۆمەڵگەکان” لە بواری کارکردی سیاسییەوە دەخرێنە پێوانە و شرۆڤەکردن. بەپێی قیاس و تێکچڕژاویی کۆمەڵگەکان دەکرێ دەستەبەندیی وەک، ئەتنیک، هۆز و لەوپەری خۆیدا کۆمەڵگەی دەوڵەتیی بۆ لەبەرچاو بگیرێ. ئەم کارکردە یا ئەم چێکردە دەگەڕێتەوە بۆ ڕەوشی کولتووری، جوگرافیایی و دیرۆکی کە ئەم کۆمەڵگەیانە هەیانە و دەکرێ بە شێواز و فۆرمی جیاواز هێزی سیاسیی خۆیان دەر برن. بە ڕوانینی کۆمەڵناسی و بەپێی بۆچوونی “پیتەر ئێڵ بێرگێر”، کۆمەڵگە واته ”دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی و ئیتر هیچ، بەم جیاوازییە کە ئەم دەستکەوتە بەردەوام لە حاڵی گۆڕانە و کاریگەریی بەسەر بەرهەمهێنەرەکانی خۆیدا هەیە”. واته مرۆڤەکان، کۆمەڵگەیان پێک هێناوە بەڵام ئەم خوڵقێنەرە هەموو ڕۆژێک دەگەڕێتەوە و پارادایمەکانی خۆی سەرلەنوێ پێناسە دەکا. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆمەڵگە، گرووپەیلی ئینسانین به و مەرجەی دەگەڵ یەکتر پێک بێن و لە بواری نیشتمانی، حاکمییەت یا چاوەڕوانیی کولتووری دەگەڵ یەکتر لایەنی هاوبەشیان هەبێ.
بە شێوەیەکی گشتی و بە چاویلکەی باسەکەی ئێمە کۆمەڵگە لە دەوڵەتان و بەتایبەت حکومەتە توتالیتەرەکان (کە تۆختر دیارە) بەسەر دوو لک دابەش دەکرێن: کۆمەڵگەی فەرمی و کۆمەڵگەی نافەرمی.
کۆمەڵگەی فەرمی: بەو شەبەنگە لە کۆمەڵانی خەڵک دەگوترێ کە سەر بە دەوڵەت و دامەزراوەکانی فەرمین. هەموو ئەو تاکانەی سەر بەم کۆمەڵگەیە، لە سەرۆک و بەرپرسانی پلەبەرز هەتا چاپەز و پاسەوانێک و هەموو ئەوانەی یاسا و ڕێساکانی حکوومەتیان لا پەسەند بێ دەکەونە چوارچێوەی کۆمەڵگەی فەرمی. ئەگە لە پێشوودا بە کۆیلەی دەوڵەت پێناسەیان بۆ کراوە، ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ کارمەندی دەوڵەتی یا نازناوی فەرهەنگی-یان بۆ داناون بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی کە بۆیان داتاشراوە هەتا دەگەڵ کۆمەڵگەی نافەرمی جیاوازی هەبێت، وەک شێوازی قسەکردن، جلوبەرگەکانیان، پرستیژ پێبەخشین لە بانکەکان بۆ دانی زەمانەتی وام و قەرز و دەستەچەک و….
شێوازی کارکردن لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا ئەستوونییە و دەستەڵاتەکان لە ژێرەوە بۆ ژوور، هەڵدەچنرێ. بۆ میناک لە سیستمی نیزامیی وڵاتێکی دیکتاتۆری وەک ئێران لە سەربازێکەوە هەتا، سەرجوخە، گروهبان، ئوستوار، ستوان، سەروان، سەرگورد، سەرهەنگ، سەرتیپ، سەرلشکر، وەزیری بەرگری، سەرۆک کۆمار لە کۆتاییدا و لە بان هەرەمەکە ڕێبەری هەڵکەوتووە. یا لە وزارەتخانەیەکی وەک پەروەردە و ڕاهێناندا لەو کەسەی کە قوتابخانەکان خاوێن دەکاتەوە هەتا مامۆستا، نازم، مودیر، جێگری بەرپرس، بەرپرسی پەرەوەردە و ڕاهێنان لە شارێک، جێگری بەرپرسی گشتی (مودیرکل)، بەرپرسی گشتی لە پارێزگایەک، جێگری وەزیر، وەزیر، سەرۆککۆمار و دیسان ڕێبەری! ئەمە نموونەیەکی بەرچاوە لە کۆمەڵگەی فەرمی یا کۆمەڵگەی سیاسی. لەلایەکی تر و بە ڕوانینێکی حقووقی و یاسایی حکومەتەکان لە ڕەوتی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان مکانیزمێکی هەتاڕادەیەک هاوبەشیان هەیە، لێ بەلێ لە ڕێژیمەکانی دیکتاتۆردا هەمیسان ئەم مۆدێلە دەستکاری کراوە.
شارڵ دۆ مونتسکیۆ (1689-1755)مافزان، لە چاخی ڕەوشەنگەری لە فەرانسە بیرۆکەی سیاسیی خۆی لەمەڕ دابەشکردنی دەسەڵاتەکان دەنووسێتەوە. ئەو یەکەم کەس بوو کە لە کتێبە بەناوبانگەکەی “ڕوحی یاساکان”دا، دابەشکردنی دەسەڵات بەپێی بەرپرسیارەتیەکان (هێزەکانی بەڕێوەبەری، یاسادانان و داد) لەژێر کاریگەریی تامس هابز و جان لاک و دێکارت و… باس دەکا. مونتسکیۆ کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر شۆڕشی مەزنی فەرانسە و ئەساسنامەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داناوە کە لەلایەن توماس جێفرسۆنەوە بۆ سەربەخۆیی وڵاتی ئەمریکا ئامادە کرابوو (1776). ئەو باوەڕی بە دێمۆکراسیی سەردەمی یونان هەبووە بەو دەستەڵاتە و هێزی زۆرەوە هەر وەک بۆچوونەکانی هابز، بەڵام لەهەمان کاتدا پێیوابووە دەبێ هێز لە نێوان هەڵبژاردەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بکرێ(1).
لەهەمان کاتدا ئەگە حکوومەت، لەو سێ هێزە سەرەکییە، دەستەڵاتی زیاتری هەبێ و لک و پۆپی تری لێ ببێتەوە و هەمووشی سەر بە کەسێکی دیاریکراو بێ کارەسات ڕوو دەدا، بەتایبەت لە شێوازی حکوومەتە دیکتاتۆرەکان ئەم دیاردەیە ڕوونتر دەردەکەوێ. (لە ئێران جیا لەو سێ هێزانە ئەوانەش هەن: مەجمەعی تەشخیسی مەسلەحەتی نیزام، مەجلیسی خوبرگان، شووڕای نیگابان، شووڕای عالیی ئەمنیەتی نەتەوەیی، شووڕای عالیی ئینقلابی فەرهەنگی و…. لە ئاکامدا هەموویان سەر بە ڕێبەریی وڵاتن کە ئەویش ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە! و ئەویش خاوەنی حوکمی حکومەتییە. نموونەیەکی بەرچاو لە دابەشکردنی دەستەڵات کە کارەساتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، نیزامی و… لێ دەکەوێتەوە).
کۆمەڵگەی نافەرمی، بەو کۆمەڵگەیە دەگوترێ کە تاکەکانی بەشدار لەو فۆرمە کۆمەڵایەتییە سەر بە دەستەڵاتی سیاسییەوە نین و بەپێچەوانە لە کۆمەڵگەیەکی سڤیلدا و لە بەشی جۆراوجۆرەکانی یا توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە (کرێکارەکان، شۆفیران، بازارییەکان، ژنان، خوێندکاران، جووتیاران و…)پێک دێن. لە نێوەڕۆکی ئەمجۆرە کۆمەڵگەیە دوو ڕەوت سەرهەڵ دەدا.
یەکەمیان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی”ڕێکام” (سەمەنەکان، NGO-یەکان) و دووهەم، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
پێناسەگەلی گشتی بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی
– کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ڕاگرتنی باڵانسی نێوان دەسەڵات و خەڵکە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایەڵەی پێوەندییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ئەنجومەن و دامەزراوەکانن.
– کۆمەڵگەی مەدەنی باشترین و کەم تێچووترین جۆری ڕێکخستنە لە چێکردنی دەستەڵاتی خەڵکی بۆ گۆڕان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ئاگا لەیەک بوونە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هێمای پێوەندییە مۆدێرنەکانە لەنێو کۆمەڵگەدا.
– کۆمەڵگەی مەدەنی خوازیاری شەفافسازی لە کارەکانی حکوومەتە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێکخستنی سێنفییە بۆ بەرگری لە مافی کار.
– کۆمەڵگەی مەدەنی زەبری دروست کردنی “گوفتمان”ە(وێژەمان) لەنێو کۆمەڵگە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پردی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگەیە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی نەقدی سیاسەت و کارەکانی دەوڵەتە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی یارمەتیدەری حکوومەتی دێمۆکراتیکە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوانی دێمۆکراسییە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هەستی متمانەیە لە نێوان کۆمەڵگەدا.
– کۆمەڵگەی مەدەنی هەوڵێکە بۆ برەودان بە پێشکەوتنی بەردەوام و ئینسانی.
– کۆمەڵگەی مەدەنی تژی لە ڕێکخراوەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی مەتاڵ و لەمپەرە بەرامبەر دیکتاتۆرەکان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاشتی و ئازادی، بۆ پاراستنی ژینگە و ڕۆشنگەری بەیداخە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی ڕمبی خەڵکە بۆ دیکتاتۆران.
– کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیوان و هاندەری خەڵکە بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لە چارەنووسی خۆیان.
– کۆمەڵگەی مەدەنی سەنگەری پێواژۆ کۆمەڵایەتییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی بەگژداچوونەوەی ناعداڵەتییەکانە.
– کۆمەڵگەی مەدەنی چڵغووی ئەتنیکە ڕەنگییەکانە بۆ ڕاماڵینی دیکتاتۆرەکان(2).
و کۆمەڵگەی مەدەنی….
تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی
1. کۆمەڵگەی مەدەنی کۆمەڵگەیەکی یاسامەندە کە یاساکانی بۆ سەرجەم شارۆمەندانە.
2. کۆمەڵگەی مەدەنی لە نێوخۆوە کۆنترۆڵ دەکرێ، ئەم کردەوەیە کەم تێچوو، بەردەوام و دڵخوازانەیە.
3. چالاکی و بەشداری لە کۆمەڵگەی مەدەنی بە شێوەی بەربڵاو لە نیزامی جڤاکییە کە دەبێتە هۆی هەست بە بەرپرسیارەتیکردن و لە ئاکامدا “متمانەی کۆمەڵایەتی” لە ئاستی کۆمەڵگەدا پەرە پێ دەدا (بۆ نموونە کەمپەینە خێرخوازییەکان و هاوکاری و یارمەتییەکان بۆ خەڵکی بوولەرزە و سێڵاولێدراو کە خەڵک متمانەی بە کۆمەڵگەی مەدەنی کرد نەک بە ئۆرگانەکانی حکوومەت).
4. کۆی گشتیی دامەزراوەکان و ئەنجوومەنەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی، سەربەخۆ و جیا لە دەوڵەت، چالاکن.
5. چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بە واتای ئەمڕۆیی هی سەردەمی مۆدێرنە.
6. تاکەکان لە کۆمەڵگەی مەدەنی خۆ لە هەر کردەوەیەکی توندوتیژی دەبوێرن و باوەڕیان بە دیالۆگ و پێکهاتن هەیە.
7. چەمکی کۆمەڵگەی مەدەنی بەپێی گەشە و گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی، دەگۆڕێ.
8. پلۆرالیسم و ئاڵوگۆڕی هزر و ئەندێشە لە فەزای گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی بەردەوام گەشە دەکا.
9. لە کۆمەڵگەی مەدەنی پێوەندییەکانی گرووپی بەشیوەی ئاسۆییە و دەبێتە هۆی شۆناسی هاوبەشی مرۆڤایەتی.
10. لەوەها کۆمەڵگەیەکدا، پێوەندییە مەدەنییەکان لە سەرەوەی پێوەندییە خزمایەتییەکانن.
11. سیاسەت، بەرنامە، هەڵوێست و چالاکییەکان ڕوونن کە ئەمەیان تایبەتمەندی سەرەکیی کۆمەڵگەی مەدەنییە.
12. دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی بۆ کۆمەڵگە گرێبەستێک لە نێوان ئەندامانی خۆیاندا دەبەستن و هیچ قازانجێکی تر لە دەرەوەی ئەم لێک تێگەیشتنە بوونی نییە.
13. دامەزراندنی و بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕووداوێکی خێرا نییە بەڵکوو پرۆسەیەکی ئارام و لەسەرەخۆیە کە جووڵەی تایبەتیی خۆی هەیە.
14.کۆمەڵگەی مەدەنی تایبەتمەندیی پەروەردەیی هەیە چوونکە بایەخی کار و چالاکیی گشتی فێری تاکەکان دەکا.
کەوابوو کۆمەڵگەی مەدەنی لە بۆشایی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگەی سیاسی دەپشکوێ و لە هەناویدا سێ ڕەوت جیا دەبنەوە:
1. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان.
2. ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی(3)
3. ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان.
سەرچاوەکان:
1- ارنبرگ، جان، سیر حکمت جامعە مدنی، ترجمە هومن نیک اندیش. آموزشکدە توانا. چاپ اول واشنگتن 2016
2- علمداری، کاظم، جامعە مدنی، گفتارها، زمینەها و تجربەها، پروژە آموزشکدە توانا 2015
3- NGO، سەمەن، سەندیکا، تەشەکوڵ، ئەنجومەنی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، زمانی، خێرخوازی، ژنان، مناڵان، کرێکاری، ڕۆژنامەنووسان، ئاژەڵان و…، سەرجەم دامەزراوەکان، کانون، باشگاه و یانە، و… بۆ بەشداریپێکردنی خەڵک لە کاروباری سیاسی، کۆمەڵایەتی، بردنەسەرێی ئاستی شعوری سیاسیی کۆمەڵگە، یاسامەندبوون، جووڵەی سیاسی کۆمەڵایەتی، کرانەوەی کەشێکی ئاوەڵا بۆ خەڵک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا خۆیان، لامەرکەزی یا عدم تمرکز، کێبرکێی پاک، کەشی دێموکراتیک، پلۆرالیزم (تکثرگرایی) هەموو ئەمانە بۆ گەشەی بەردەوام و ڕاوەستاوی کۆمەڵگە و بەهێزبوونی ئیرادە بۆ چاکسازی، گۆڕینی یاساکان و گۆران دروست بووە.
[1]