ناونیشانی پەرتووک: بە پێچەوانەی ڕەوتی باوە
ناوی نووسەر: #فرمێسک مستەفا#
دەزگای پەخش: #دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم#
ساڵی چاپ: 2021
نووسەر لە بارەی پەرتووکەکەی دەڵێت
دەقی شانۆیی (بە پێچەوانەی ڕەوتی باوە) یەکەمین پەرتووکی بەچاپگەیەنراوی منە.
ڕاستییەکەی ئەمە یەکەمین تێکستی شانۆیی من نییە، بەڵکوو ئەزموونی نووسینی من دەگەڕێتەوە بۆ کاتێک لە زانکۆ قوتابیی کۆلیژی هونەرە جوانەکانی بەغدا بووم، ئەو کات بە وتاری شانۆیی و پەخشانە هۆنراوە لە ڕۆژنامەی پاشکۆی ئێراق و ڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاوم دەکردنەوە، تا دوای ڕاپەڕینیش کە کورد بووە خاوەنی چەندان ڕۆژنامە و دواجار ماڵپەڕی ئەلکترۆنی، ئیتر نووسین لای من بووە بەشێک لە ژیانکردن لە شانۆدا، بۆیە لە گەلێک ڕۆژنامە و گۆڤاردا بابەتی هەمەچەشنەم بڵاو دەکردەوە، وەک فۆرمی ژیانکردن لە کۆمەڵگە.
توێژینەوە و ڕامان بۆ چەند پەرتووکێک و شانۆنامەیەکیش کردووە، هەروەها پێگە و ڕۆڵی ژنە شانۆکار و کەسایەتیی ژن لە شانۆنامە جیهانییەکاندا لە گۆشەی تایبەت بەخۆم هەفتانە بڵاوم کردوونەتەوە. جگە لەوەی کە دەستەی دامەزرێنەری گۆڤاری زانستی شانۆ بووم لە ئەڵمانیا، هەروەها دەستەی بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕاز بووم لە #سلێمانی#، هەروەها وەک پەیامنێریش کارم بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارێک کردووە.
ئەم نۆبەرە خنجیلانەیەم، سەرەتایەکە بۆ هاندانم کە لەمەودوا ئەو تێکستانەی ڕەشنووسەکانیانم هەڵگرتووە، پێیاندا بچمەوە و بە چاپیان بگەیەنم. بە پێچەوانەی ڕەوتی باوە شانۆنامەیەکە لە 79 لاپەڕە پێکهاتووە کە چوار بەشی لە خۆ گرتووە. ئەوانیش نەفرەت لە با و لە باخچەکەماندا باران نابارێت و دیاری ڤالانتاین و هەقیقەتی وەهم.
ئەم چوار بەشە، وەک ملوانکەیەکن بە چەند موروویەکی ڕەنگاوڕەنگ هۆنراونەتەوە. لە یەک گەردندایە. ئەویش گەردنی مرۆڤایەتی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان کەسەکانە، کە لە سەردەم و کاتی جیاواز لە هەمان شوێندا بەریەک دەکەونەوە. شەڕە لەگەڵ ئەو بایەی ڕۆژگار دەیەوێت بە ڕێڕەوی خۆیدا بیانبات، خەون و هیواش دەیەوێت پێچەوانەی با بێت.[1]