ئەنجومەنی #گەرمیان#ی تەڤگەری ئازادی کوردستان، لە ساڵیادی داگیرکردنی #عەفرین#، گردبوونەوەیەکی لەبەردەم قەڵای شێروانە، لەشارۆچکەی #کەلار#ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان ئەنجامدا.
هاوڕێ جەبار، وەک هاوسەرۆکی هەرێمی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، وتەیەکی پێشکەشکرد وتی: لەچوارەم ساڵی داگیرکردنی سەر عەفریندا، وەک گەلی گەرمیان هەستاین بەئەنجامدانی ئەم گردبوونەوەیە، چوار ساڵ بەرلە ئێستا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتە بەکرێگیراوەکانی، کە هاوشێوەی #داعش# بوون، هێرشی سەر گەلی عەفرینیان کرد، ئەوەس لە کاتێکدا بوو کە دەتوانین بڵێین لە دوای ساڵی 2011 و لەسەرەتایی جەنگی سووریا، عەفرین ئارامترین ناوچەی سوریا بوو.
وتیشی: نزیکەی ملیونێک ئاوارەی سووری وەک پەناگەیەکی ئارام ڕوویان لەعەفرین کردبوو، عەفرین و شۆڕش ئاوێتەی یەکبوون و کلتۆر و بەها و شۆڕش لە عەفریندا ڕەنگیان دابوویەوە، لەعەفرین سیستەمی پێکەوە ژیان وئاشتی هەبوو، بۆیە دەوڵەتی تورکیا و وڵاتە ئیقلیمیەکان ئەم ئارامی و دۆخەی عەفرینیان پێی باش نەبوو و هێرشیان کردە سەر عەفرین و دەستیان لەهیچ نەپاراست و کووشتن وبڕین وکوشتنی ژن و مناڵ و گەنج وپی ڕو تەنانەت کەرتە خزمەتگوزارییەکانیان کردە ئامانج.
هەر لە گردبونەوەکەدا دلێر کەریم وەک چالاکوانێکی مەدەنی، وتی: تورکیا لەوەتەی دروستبوو ئامانجی لێدان بووە لەگەلی کورد و هەمیشە نەیویستووە گەلی کورد، بەهێز بێت و بەشێوازی جۆراوجۆر دژی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان وەستاوەتەوە، ئەگەریش خۆی پێی نەکرابێت، لە ڕێگای گروپ و تاقمە نزیکەکانی خۆیەوە هەوڵی سەرکورتکردنی گەلی کوردی داوە.[1]