ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مروڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە. دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەو شێوەیە:
هاونیشتمانییان!
ناوەند و کۆمەڵە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ!
ڕۆژی یەکشەممە 28ی سەرماوەزی 1400 (19-12- 2021ز) زیندانیی سیاسیی کورد “حەیدەر قوربانی” لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و نەسەلمێنراوی دیکە بەنهێنی و بەبێ ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکەی لە سێدارە درا.
ڕەزبەری ساڵی 1395 حەیدەر قوربانی، تەمەن 47 ساڵ کوڕی عەلی قوربانی، خەڵکی گوندی “بزوەش”ی کامیاران لە گەڵ ژن براکەی بە ناوی “مەحموود سادقی” لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، دەسبەسەر دەکرێن. ئەو دوو هاونیشتمانییە دوای گرتنیان دەکەونە بەر ئەشکەنجە و ئازارێکی زۆر هەتا “حەیدەر قوربانی” ناچار دەکەن، لەبەرچاوی کامێرا لە تەلەڤیزیۆنی “پڕێس تیڤی” دان بە تاوانی نەکردەی دابنێ. ئەوە لە حاڵێکدایە بە پێی بەدواداچوون و قسەی پارێزەرەکەی و خەڵکی ناوچەکە، حەیدەر قوربانی هیچ پەیوەندییەکی بەو تاوانەوە نەبووە0 بەپێی هەموو پێوەرە یاسایییەکان کە لە زاری وەکیلی “حەیدەر قوربانی” باس کراون، ئەوپەڕی سزا بۆ ناوبراو لەو پەیوەندییەدا “هاوکاری” لە کوشتنە نەک “بەشداری”، کەوابوو ئەوەی لێرەدا بە ڕوونی دەردەکەوێت، پابەندنەبوونی دەزگای قەزاییی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. تەنانەت بەو یاساو ڕێسایانەی کە بۆخۆی نووسیونییەتەوە.
بە چاوخشاندن بە پەروەندەی “حەیدەر قوربانی” و لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ئەشکەنجە و ئازارانەی کە لە زاری خۆیەوە دەیگێڕێتەوە، دەبینین کە ناوبراو بەبێ تاوان و بە نایاسایی حوکمی سێدارەکەی لەژێر گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکاندا بەسەردا سەپا و جێبەجێ کراوە.
بێ باکیی ئەو ڕێژیمە و لاساری بەرامبەر جیهانی ئازاد، کە چەند ڕۆژ لەوە پێش لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان سەبارەت بە پێشێلکردنی بەربڵاو و سیستماتیکی مافی مرۆڤ مەحکوم کرا، سەلمێنەری ئەوەیە کە مەخابن ئەم ڕێژیمە پێ بەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی و جیهانی و تەنانەت ئیسلامییش نییە.
ئێمە لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو تاوانە قیزەونە و دوور لە یاسایە مەحکووم دەکەین، لە هەمان کاتدا داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین کە زۆر بە جیدی بەدواداچوون بۆ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ئێراندا بکەن. بە تایبەت چاوەدێریی ڕەوشی ئەو بەندکراوە سیاسییانە بکەن کە هەر ئێستا لە ژوورە تاکەکەسییەکان و لەژێر ئەشکەنجە و مەترسیی سزای لە سێدارە دان.
29ی سەرماوەزی2721ی کوردی
20-12- 2021ز