دەقی پەیامەکەی ئاسۆ مامەند:
ئەم ساڵ (37) ساڵ بە سەر شەهیدبوونی یەکێک لە قارەمان ترین و جوامێر ترین فەرماندەکانی کورد (مامە ڕیشە) و پۆلێک لە هاوسەنگەرانی تێدەپەڕێت، کە لە پیلانگێڕییەکی بەرنامە بۆ داڕێژراودا و بە دەستی چەند بەکرێگیراوێک بە نامەردیی شەهید کران و گەیشتنە کاروانی نەمران!
دوژمنانی کورد ویستیان بە شەهیدکردنی مامە ڕیشە و هاوڕێکانی، بڵێسەی شۆڕشی نوێ کپ و خامۆش بکەنەوە و ترس و تۆقاندن بخەنە نێو دڵی میللەتەکەمانەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوبوو، بە شەهیدکردنی مامە ڕیشە و هاوسەنگەرانی، ئەوەندەی تر میللەتەکەمان ڕق ئەستوورتر بوون و ئەو ڕووداوە بووە پریشکێک و دوای شەش ساڵ ئاگری لە جەستەی بەعسی و بەکرێگیراوەکانی بەردا و ڕاپەڕین!
ئەم ساڵ لە بارودۆخێکدا یادی مامە ڕیشە و هاوسەنگەرانی دەکەینەوە، هەم میللەتەکەمان پێویستی بە خۆ ڕێکخستنەوە هەیە، هەمیش لە بەردەم مەترسی دووبارە شاڵاوەکانی بەعەرەبکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکانداین، بۆیە لەسەر تەواوی حزب و لایەنە کورستانییەکان پێویستە، یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن، بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەر ڕووداوێک کە دژ بە خواست و مافەکانی خەڵکی کوردستان بێت.
لەم یادەدا تەکید دەکەینەوە، کە پێویستە نەیار و پیلانگێڕان پەند لە مێژوو وەربگرن، چیتر دەست لە کوشتن و داگیرکاری میللەتانی ناوچەکە هەڵبگرن، لە بری ئەوە بیر لە پێکەوە ژیان و گیانی یەکتر قبوڵکردن بکەنەوە.
سڵاو.. لە گڵکۆی هەمیشە بەرزی مامە ڕیشە و هاوسەنگەرانی!
سەرشۆڕی بۆ بەکرێگیراوان و دوژمنانی میللەتەکەمان!
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکووک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نشتمانیی کوردستان[1]