دەقی پەیامەکەی ڕەوەند مەلا مەحمود:
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
لەم ڕۆژە خەمناکەدا، یادی شەهیدبوونی پیاوێکی ئازا و ڕۆڵەیەکی لە خۆبووردو و فەرماندەیەکی قارەمان دەکەینەوە، ئەویش مامەریشەیە کە سیمبولی ئازایەتی و بەرخودان و شۆڕشی نوێ و پاڵەوانی ناو ئەدەبیات و داستانەکانە.
(37)ساڵی ڕێک پێش ئێستا و لەرێکەوتی (24 1 1985) لە سنووری شاری کەرکووک، لە بۆسەیەکدا مامە ڕیشە ودوو پێشمەرگەی ئازا وقارەمان کە ئەوانیش (شەهید سەردار وشەهید موحسین) هەردوو هاوڕێ و هاوسەنگەری مامەریشە بوون، شەهیدکران.
خۆفرۆشان به و کارە چەپەڵەیان گورزێکی کەمەرشکێنیان لە شۆڕشی نوێ وشورای بەرگری خەڵکی کوردستاندا، ئەمەش لە خزمەتی پلانی ڕژێمی بەعسی عێراقی ئەوسابوو. لە گەڵ ئەوەشدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو حزبی شەهیدان هیچ کاتێک بە پلان و خەنجەری ژەهراوی نەکەوتووە و گۆڕەپانەکەی چۆڵ نەکردووە.
یەکێتی لە هەناوی هەرەسەوە هاتۆتە مەیدان، بە گژ جەور و ستەمی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری چووەتەوە، لە پێناو ئاشتی و دیموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین درێژەی بە خەباتدا و تا سەرنگوومکردنی ڕژێمی دیکتاتۆریەت لە عێراقدا، لەم پێناوەشدا هەزاران فەرماندە و پێشمەرگە و کادیر و لایەنگری شەهیدبوونە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە خەباتی نەپساوە و خوێنی شەهیدەکانی و دنیابینی حەکیمانەی ڕەوانشاد (سەرۆک مام جەلال)، بەم ڕۆژە پرشنگدارە گەیشت، تەنانەت گەیشتە لوتکەی حوکمڕانی عێراقی فیدراڵ.
ئێستاش ئه و هێزە کاریگەرەیە کە لە ناوچەکە و عێراق کارەکتەری سەرەکی پرۆسەی سیاسی وسەقامگیری وئاشتەواییە.
ئێمە لەم بۆنە ماتەمەدا، جارێکی تر بەڵێن دووپات دەکەینەوە کە درێژە پێدەری ڕێبازی شەهیدان و لە خزمەتی کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان و خەڵکی کوردستان دەبین.
سەرشۆڕی ولاپەری ڕەشی مێژوو بۆ خۆفرۆشان ونۆکەران و دوژمنان.
ڕەوەند مەلا مەحمود
لێپرسراوی مەڵبەندی(2)ی ڕێکخستنی کەرکووکی(ی.ن.ک)[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!