کاتێک دەستە ناسکەکانی ژنان یەک دەگرن بۆ گۆڕینی واقعێکی تاڵ
ڕۆزا حەمە ساڵح
ئەو دەستانەی کە بتوانن ئاسۆ بلەرزێنن، دەتوانن جیهانیش بهەژێنن (ناپلیۆن)
مێژوو پڕە لە هەڵوێست و ڕوداوی زۆر و گرنگ، کە تێیدا هێز و توانای ژنمان بۆ دەخاتە ڕوو..
لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1945، وڵاتی ئەڵمانیا بەتێکشکاوی لە جەنگ هاتەدەرەوە و بەتەواوی توشی داڕمانی ئابوری بوویەوە، سێ ملیۆن و نیو هاونیشتیمانیانی لەو چەنگەدا کوژران، پێنج ملیۆنی تریشیان لە سیبیریا لێکوژرا.
هێزە هاوپەیمانییەکان وڵاتی ئەڵمانیایان دابەش کرد بۆ چوار ناوچەی داگیرکراوی سەربازی: فەرنسا لە باشوری ڕۆژئاواوە، بریتانیا لە باکوری ڕۆژئاواوە، وڵاتە یەکگرتۆکان لە باشوروە، یەکێتی سۆفێت لە ڕۆژهەڵاتەوە.
یەکەم بەرەنگاری کە توشی ئەڵمانیای وێران و داگیرکراوی داوی جەنگ بوویەوە، کەمی ژمارەی پیاوان بوو (ژمارەی دانیشتوانی ئەڵمانیا لە دوای جەنگ 27 ملیۆن بوو، کە 20 ملیۆنییان ژن بوون، 7 ملیۆنەکەشی بە زۆری منداڵ و کەسانی پەککەوتە و بەساڵاچووان بوون).
لە 40٪ خانوو ودوکان و کارگەکانی ڕوخابوون، هێزە هاوپەیمانەکان هەرچی پاشماوەی ئەو ئامێرانەی کە لە کارگەکاندا هەبوون لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگ لە گەڵ خۆیاندا بردیان.
زیاتر لە دوو ملێون حاڵەتی دەستدرێژی لە بەرلین و تێکڕای شوێنەکانی تری ئەڵمانیا بە بە ڵگە وە تۆمار کرابوون، کە لە لایەن سەربازانی هاوپەیمانی بۆ سەر کچان و ژنانی تە مە ن 8 بۆ 80 ساڵی کرابوو، بە هۆی ئەو دەستدرێژییەوە، بیرۆکەی خۆکوشتن لە ناو ژنانی ئەڵمانیادا بڵاوبوویەوە، بەو هۆیە شە وە زۆر لە ژنان خۆیان کوشت.
لە سێبەری ئەم کارەساتەدا لویزا شرودر دەرکەوت؛ سیاسەتمەداری ناو پارتی سۆسیالیشتی بوو، یەکێک بوو لەو ژنانەی کە دەستدرێژی کرابووە سەری، لویزا توانی زاڵ ببێت بە سەر ئەو هەموو ئازار ونەهامەتییانەی کە بەسەریدا هاتبوون، بۆیە بڕیاری دا بە دامەزراندنی بزوتنەوەی (ژنانی فریاکەوتن)، ئامانجی لە دامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیە بنیاد نانەوەی وڵاتەکەی بوو، سەرەتا بزوتنەوەکە لە بەرلینەوە دەست بە کار بوون، دواتر هەموو وڵاتی ئەڵمانیای گرتەوە، ژمارەی پەشداری کردنی ژنان لە ناو ئەو بزوتنەوە گەیشتە نزیکەی 80 هەزار ژن.
لویزا کەرەستەی بیناسازی و کشتوکاڵی بە سەر ژناندا دابەش کرد، دەستیان کرد بە کار و تێکۆشان بۆ بنیاد نانەوەی وڵات. یەکەم هەنگاو کە کردیان دەرهێنانی بەردی ساغ بوو لە ناو پاشماوەی شوێنە ڕوخاوەکان، بۆ ئەوەی جارێکی تر لە بیناسازیدا بە کاری بهێننەوە، هەستتان بە پاکردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان و بردنی هەموو خۆڵ و خاشاکی بە جێماو بۆ دەرەوەی شارەکان، هەروەها کار کردن لە ناو ئەو کارگانەدا کە لە کاتی بوردومانەکاندا زیانیان پێنەگەشتبوو.
تەنها لە ماوەی 9 مانگدا توانییان پاشماوەی 18 ملیۆن ماڵی ڕوخاو نەهێڵن و بیکەن بە 750 هەزار مەتر دووجا لە ئەرز و خۆڵ، هەموو پاشماوەکانییان لە شێوەی شاخ لە هەموو ناوچەکانی ئەڵمانیا کۆکردەوە، بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام بوون، لە نێوان ساڵانی 1945- 1955.
مێژووی ئەڵمانیا ئەو ڕۆڵە گرنگەی ژنانی وڵاتەکەی لە بیر نەکردووە و بە وەرچەرخانێکی گەورە و مەزن لە مێژووی وڵاتەکەیدا لەقەڵەمی داوە، بەگرنگیەکی زۆریشە وە باسی لێوکردووە.
چەندەها پەیکەریان لە زۆرینەی شارەکاندا دروست کردووە، کە گوزارشت لەخەبات و ماندوبوونی ژنان دەکات، چەندەها شەقام و گۆڕەپانەکانی ئەو وڵاتە بە ناوی ئەو ژنانەوە ناونراون، جگە لە وەی کە پەرتوکێک بە ناو (ئەدەبیاتی فریاکەوتن) لە ناو زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا دەخوێنرێت کە باس لەتێکۆشان و ئازایەتی و شۆڕشی ئەو ژنانە دەکات.[1]