گۆڕستانی بێکەسان
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
کیژۆڵە دەستگێڕەکە، هێشتا بەهاری تەمەنی شازدەی تێنەپەراندبوو، تەمەنی دووساڵ بوو، باوک ودایکی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لە دەستدابوو، قەدەری وابوو لە گەڵ مام و ئامۆژنیدا ژیان بگوزەرێنێ.
لە کاتێکدا تەواوی ڕۆژەکەی لەسەر شەقامەکان بەسەر بردبوو، بۆ پشوویەک لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی پارکی ناو شار دادەنیشت.
باران بە خوڕ دەباری، هەموو جەستەی تەڕ ببوو، لە سەرماندا هەڵدەلەرزی، فرمێسکیش هۆن هۆن لە چاوە ماندووەکانی دەهاتە خوارێ، ئاهو هەنسکی بەردی دەهێنایە جووڵە.
نیگای چاوەکانی بڕیبووە سەر وێنەی ئەو دوو چۆلەکە، کە خۆیان لەو جۆگەلە ئاوەی بەینی درەختەکاندا وەردەدا و ئاوازیان دەچڕی؛ خۆزگەی دەخواست ئەویش باڵندەیەکی بێ لانە بوایە و بیتوانیبایە لەدەست نێرە دڕندەکان خۆی دەرباز بکردایە، کاتێک وەک گورگی برسی پەلاماریان داوە.
هەر جارێک بیری لە ئازادی دەکردەوە تەماشای سکی خۆی دەکرد، کە چیتر لە توانایدا نەمابوو بیشارێتەوە، نەشی دەزانی کورپەلەکەی سکی لە مامە دڕندەکەیەتی کە هەر لەگەڵ پێگەیشتنی چاوی بڕیبووە لەش و لارە ناسک و جوانەکەی و بێویژدانانە دەستدرێژی دەکردە سەری، یان لەو خاوەن کۆمپانیایەیە کە کیژۆڵەکە جار بە جار لەبەر سەرماو و سۆڵەی زستان و گەرما تاقەتپڕوکێنەکەی هاویندا بۆ پشویەک خۆی دەکرد بە کۆمپانیاکەیدا، ئەویش بێ بەزەیانە ڕازی کردبوو لە گەڵیدا بنوێت، یانیش لەو بەرپرس و دەوڵەمەندانەی ناو شار، کە شەوانە بە پارەیەکی کەم هەڵیان دەگرت و دەیانخستە ناو ئۆتۆمبیلەکانیانەوە و دەیانبرد بۆ شوێنە تایبەتیەکانی خۆیان.
دواجار، لە دوای ئەوەی هەموو شتێک ئاشکرا بوو، شەوێک لە خەودا بوو، مامی بێ شەرفی بە گولەیەک کۆتایی بە ژیانی هێنا و شەڕەفی بۆ خانەوادەکەیان کڕییەوە، هەر هەمان شەو لە گەڵ کۆرپەکەی سکیدا فڕێدرانە ناو گۆڕستانی بێکەسان![1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!