لەپێناو منداڵدا
ڕۆزا حەمە ساڵح
زیاتر لەدوو ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر هاوسەرگیری زارا و ئاکۆ دا، لەو ماوەیەشدا نەیانتوانی منداڵیان ببێ و ببن بەدایک و باوک.
بەم هۆیەوە زارا ڕۆژانە لەلایەن دایکی ئاکۆ و خوشکەکانیەوە ڕوبەرووی تانە و تەشەرو سوکایەتی پێکردن دەبوویەوە، هەر کاتیش داوای لە ئاکۆ کردبا بۆ ئەوەی سەردانی پزیشکی تایبەت بکەن، ئاکۆ بەتوڕەیی وەڵامی دەدایەوە و پێیدەگوت ئەتەوێت لەپیاوەتیم کەم بکەیتەوە!
تەنیا کەسێک لەخێزانەکەدا کە جۆرێک لەسۆز و بەزەیی بۆ زارا هەبوو ئاسۆی برای ئاکۆ بوو..
ئەم سۆز و بەزەییەش بەتێپەربوونی کات، پەیوەندیەکی خۆشەویستی لێدەکەوێتەوە، تا دەگاتە ئەوەی زارا دووگیان ببێت لە ئاسۆ و بەیەک سکک دوو کوری لێی ببێت.
ئیدی هەڵسوکەوتی خێزانەکە لە گەڵ زارادا بەتەواوی گۆڕا بەرەو باشبوون.
بەڵام لەترسی ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندیە زارا و ئاسۆ بڕیاردەدەن کوردستان بەجێ بهێڵن و ڕووبکەنە هەندەران بۆ ئەوەی ڕووداوەکە ئاشکرا نەبێت.
وەلێ بەرلەوەی پلانەکە جێبەجێ بکەن بەهۆی تێکچونی باری تەندروستی ئاکۆوە، ئەو ڕۆژەی سەردانی پزیشک دەکات و چەند پشکنینێک ئەنجامدەدات ئاکۆ ئاگادار ئەکرێتەوە کە نەزۆکە.
لێرەوە ئیتر ئاکۆ بەدوای سەرەداوێکدا دەگەڕێت تا بزانێ زارا چۆن توانیوێتی ببێ بەدایک.
گومان ناخی ئاکۆ ئەخوات تا ئەو شەوەی درەنگانێک گەڕایەوە ماڵەوەو زاراو ئاسۆی پێکەوە لەسەر جێگەی خەوتن بینی!
سەرەڕای ئەوەی بەچەقۆوە پەلاماریان دەدات، بەڵام ناهێڵن ئاکۆ هیچ تاوانێک بکات، هەر ئەو شەوە ئاسۆ هەڵدێت، بەبێ زارا دەگاتە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپیەکان، زاراش دەستگیر دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێک حوکمی
زیندانیکردنی بەسەردا دەدرێت.[1]
$تێبینی: چیرۆکەکە واقعییە، ناوەکان خوازراون$
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!