وێڕای گێچەڵ لەخەمی لەدەستچوونی نوێژەکەیدا بوو
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
ئێوارەیەکی باراناوی پێنج شەممەیەکی زستان بوو، ئاهەنگ لە دوای تەواو بوونی دەوامی زانکۆی بەپەلە گەڕایەوە بۆ بەشە ناوخۆیی وجانتای سەفەرەکەی هەڵگرت، بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ شارۆچکەکەی خۆیان.
تەنها پارەیەکی کەمی پێ مابوو، ئەویش بۆ کرێی نیوان ئەو شارەی کە لێی دەخوێند و شارۆچکەکەیان هەڵی گرتبوو، بۆیە ناچار بوو بە پێ ڕێگا بۆ ووێستگەی پاسەکە بگرێتە بەر، دونیا وردە وردە بەرەو تاریکی دەڕۆشت و بارانیش بە خۆڕ دەباری.
هەرچۆن بێت گەیشتە وێستگەکە، دڵخۆشبوو بەوەی کە فریایی کۆتا پاس کەوت، دەرگای پاسەکەی کردەوە، ڕوخسارێکی جوان و سەرنجڕاکێش دەرکەوت وەک پەری ناو دەریا تەڕ تەڕ ئاوی لێدەچۆڕا، بەجارێ هەموو خەڵکی ناو پاسەکە ئاوڕییان بۆ دایەوە، بوونە تەماشاکەری.
ئاهەنگ سەرنجی دا بۆ ئەوەی شوێنێک هەبێت و تێیدا دانیشێت، دوو جێگای بەتاڵی بەدیکرد، یەکیان شوێنی تەلەفزێۆنەکە بوو (ئەو جێگایەی وەک تەلەفزێون، هەموو خەڵکی ناو پاسەکە دەبوونە تەماشاکەرت)، لەگەڵ کۆتا کورسی تەنیشت چامی لای چەپی پاسەکە.
ئاهەنگ بەباشی زانی کورسیەکەی دواوە هەڵبژێرێت، لە تەنیشتی پیاوێکی تۆزێ بە تەمەن قژ ماش و برنج دانیشت.
خەمی تاریک بون و ڕێگاش ئاهەنگی داگرتبوو.
پاس بەڕێکەوت، خۆ ئیتر ئەو کاژمێرەی نیوان شار و شارۆچکەکەیان بە ساڵ لێیی نەدەڕۆشت.
پیاو وردە وردە کەوتە جوڵە جوڵ و خۆی پێ نەگیرا، گوتی: ناوت چییە؟
ئاهەنگ: ناوی منت بۆ چییە؟
پیاو: کچی کێت؟
ئاهەنگ: بۆ پرسیار دەکەی؟
پیاو: هەروا حەز دەکەم بتناسم!
ئاهەنگ: پێویست ناکات!
پیاو: خۆ ناتخۆم، جا تۆ ئەگەر وەڵامم نەدەیتەوە کاتمان هەر لێناڕوات.
ئاهەنگ: جا دەتەوێ کات بە قسەکردن لە گەڵ مندا بەسەربەری؟
پیاو: بۆ نا، بۆ ئەوەی دڵیشت هیچ نەکات، منیش کچێکم هەیە و ئەمساڵ قۆناغی شەشی ئامادەیی تەواو دەکات و بە تەمای زانکۆیە و بۆیە پێم باشە هەندێ زانیاریت لێوەرگرم.
پیاو کە وای گوت، ئاهەنگ بێدەنگ بوو، بەڵام شتێکی دیکەی لە ڕووخسار و چاوی پیاوەکەدا بە دەی دەکرد، قسەکانی هیچ متمانەیەکی لای ئاهەنگ دروست نەکرد!
کتێبێکی گەورە و قورسی بە دەستەوە بوو، خستیە نیوان خۆی و پیاوەکە، بۆ ئەوەی سنورێک لە نێوانیاندا دابنێت.
پیاو بەبێ پرس کتێبەکەی نیوانیانی هەڵگرت و گرتی بە دەستییەوە و ئەمدیو و دیوەێکی پێکرد، پرسی:
وا دیارە تۆ لە زانکۆ دەخوێنیت؟
ئاهەنگ بە ناچاری وەڵامی دایەوە، گوتی: بەڵێ،
بەڵام تکایە کتێبەکە دابنێرەوە.
پیاو: چ زانکۆیەک؟
ئاهەنگ: تکایە کتێبەکە بخەرەوە شوێنی خۆی.
پیاو: بۆ وڵامم نادەیتەوە؟
لەگەڵ هەر پرسیارێکدا ڕانی لە ڕانی ئاهەنگ توندتر دەکرد و وردە وردە پاڵی پێوە دەدا.
هەرچۆن بێت نیوەی ڕێگایان بڕی دونیا بەرەوو تاریکی دەڕۆشت، ئاهەنگ بە جارێ خەم و دڵتەنگی دایگرتبوو، پیاویش لە جۆش و خرۆش و هەوەسی خۆیدا بوو، لە ژێر لێووە گۆرانی دەوت و بەلاچاوێکەوە سەیری ئاهەنگی دەکرد.
ئاهەنگ چیتر خۆی پێڕانەگیرا، گوتی: ئەگەر خۆت کۆنەکەیتەوە و جوان دانەنیشیت ئەوا ئەم کتێبە دەدەم بە سەرتا و دەتکەم بە پەن و شەرەفت دەشکێنم، چی دەبێت با ببێت.
پیاو خۆی تۆزێ کۆکردەوە، بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوو و هیچی نەوت.
دیسانەوە خۆی پێنەگیراو کەوتەوە جۆڵە و بڵاوکردنەوەی قاچەکانی و پرسیار کردن.
ئاهەنگیش هەر بێدەنگی هەڵبژارد.
بەم شێوەیە و هەتا گەیشتنە شارۆچکەکەیان پیاو گێچەڵی بە ئاهەنگ گێڕا!
ئاهەنگ لە ناخەوە حەزی دەکرد بیکات بەهەرا و هەموو خەڵکی ناو پاسەکەی لێتێبگەیەنێت، بەڵام بیریشی لەوە دەکردەوە کە دواتر هەر خودی خۆیەتی ناوی دەزڕێت و دەبێتە باس و خواستی شارۆچکەکەیان.
لەگەڵ گەیشتن بە دەروازی شار بانگی مەغریبی دا، پیاو بە دەنگێکی بەرز گوتی: خوایە لێمان نەگریت و لە سەفەردا بووین و نوێژی عەسریشمان لەدەست چوو.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!