دەقی پەیامەکەی ڕەوەند مەلا مەحمود، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی #کەرکووک#ی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#:
جەماوەری کوردستان
کەسو کاری سەربەرزی شەهیدان
ئەمڕۆ یادی شەهیدبوونی دوو فەرماندەی ئازا و قارەمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕێبازەکەی سەرۆک #مام جەلال#، دەکەینەوە، حەوت ساڵ لەمەو بەر لە ڕۆژێکی وادا، لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی #داعش#، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کەرکووکییەکان بە تایبەتی دوو فەرماندەی داعش شکێن و مەرگ بەزێن لە مەیدانی بەرگری لە خەڵکی کوردستانیان لە دەستدا، کە بە خوێنی خۆیان داستانی نەمریان تۆمارکرد و گەیشتنە کاروانی نەمران.
هاوکات پۆلێک پێشمەرگەی چاپک و هاوسەنگەر لەگەڵ فەرماندەکانیان گیانی خۆیان بەختکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خوێندنگا ی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە و فەرماندە و پێشمەرگەکانی سەرمەشقی گیانفیدای کوردستانن .
هەردوو فەرماندەی تێکۆشەر وپێشمەرگەی دێرین، لیوا شێرکۆ فاتیح شوانی لە شەوی 29 لەسەر 30 و لیوا حسێن مەنسوور ڕۆژی 31 ی 1 لە شەڕێکی دەستەو یەخە لە گەل تاقمی تیرۆریستان گیانیان بە خشی و شەهیدبوون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەزاران شەهیدی بە خشیوە لە پێناو ئازادی و دیموکراسی وسەقامگیری گەلی کوردستان.
لە شەڕی تیرۆریستانی داعش هێزی پێشمەرگە سەرکەوتنی تۆمار کرد و سەلماندی کە هێزێکی شەرعی و داکۆکیکاری خەڵکی کوردستانە بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، و لە پێناو کەرکووک و ناوچەدابڕاوەکان قوربانی داوە وبەردەوام دەبێت لە مانەوە و بەرگریکردن لە دەستکەوتەکان.
خەڵکی بەئەمەکی کوردستان
هاوکات لە گەڵ یادی شەهیدبوونی ئەم دوو فەرماندە مەزنە؛ ناوچەکە و عیراق بە قۆناغێکی هەستیار گوزەر دەکەن، ئێمە وەک خەسڵەتی شۆڕشگێڕیمان لە هەموو شەڕەکاندا بە سەرکردایەتی وفەرماندە و پێشمەرگەکانمانەوە لە ڕیزی پێشەوەین بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی میللەتەکەمان، ئەوانەی خەیاڵیان وایە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق یەکێتیەکەی مام و حزبی شەهیدان لە قاڵب دەدەن، ئەوانە لە وەهمدا ئەژین. هەرگیز ئەو ڕۆژە نابینن کە یەکێتی ببێتە پاشکۆ و مەیدان چۆڵ بکات.(بیریان چووە کێ لە بێشەی شێر هاتۆتە دەر).
دووپاتی دەکەینەوە کە درێژە پێدەری ڕێبازی شەهیدەکانمان دەبین و دروود بۆ ڕۆحی پاکی هەموو شەهیدان.
رەوەند مەلا مەحمود
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکووکی (ی.ن.ک)[1]