کاتێک ژن ڕۆڵی گەورە دەبینێت
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
گابریل گارسیا مارکیز، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی بە ڕەچەڵەک کۆڵمبی، لە (6 ئازاری 1927 - 17 نیسان 2014) ژیاوە، لە شارۆچکەی ئاراکاتاکای کۆڵۆمبیا لە دایکبووە، هەر بە منداڵی دایک و باوکی بەهۆی کارکردنەوە گابریل لای باپیرە و داپیرەی بە جێدەهێڵن و دەڕۆن بۆ کارکردن لە شارێکی تر، ئیدی گابریل لای ئەوان گەورە دەبێت، بە خێوکردنی لەلایەن داپیر و باپیرییەوە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گابریل درووست دەکات، چونکە هەردووکیان هەر لە منداڵییەوە گوێبیستی چیرۆک و ئەفسانەی جۆراوجۆری دەکەن، ئەمەش وای لێدەکات کەهەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ خوێندنەوە و نووسین هەبێت.
گابریل کاتێک تەمەنی دەبێت بە 13 ساڵ، دەچێت بۆ سەردانی دایک و باوکی لە شاری سوکری، لەو شارە و لە ئاهەنگێکی سەمای خوێندکاراندا، چاوی بە میرسیدس دەکەوێت، هەر ئەو ساتە عاشقی دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات لە دوای تەواوکردنی خوێندن هاوسەرگیری لەگەڵ بکات.
گابریل خوێندنی یاسا لە زانکۆی بۆگۆتا تەواو دەکات، لە ساڵی 1946 بەشێوەیەکی دیار دەستدەکات بە نووسین، یەکەم کوورتە چیرۆکی خۆی بە ناوی (سێیەمین دەست لە کارکێشانەوە) لە ڕۆژنامەی ئاڵ بۆتگاتا بڵاودەکاتەوە. دواتر چەندین چیرۆکی تر دەنووسێت.
لە ساڵی 1958 لەگەڵ میرسیدس هاوسەرگیری دەکات، دەبنە خاوەنی دوو کور بە ناوەکانی ڕۆدریجۆ و جۆنسالۆ.
میرسیدس ژنێکی باڵابەرز و ڕوخسار جوان دەبێت، بەوەفا و دڵسۆز بۆ گابریل، پێکەوە ژیانێکی سادە و پڕ لە خۆشەویستی دەگوزەرێنن، لەناو چینێکی مامناوەندا دەژین.
لە دوای ئەوەی گابریل ڕۆمانی سەد ساڵ لەتەنیایی دەنووسێتەوە، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەڕۆن، بۆ ئەوەی بە بەریدا بینێرن بۆ دەزگای چاپ، بەڵام بەو پارەی کە هەیانە تەنیا دەتوانن نیوەی ڕۆمانەکە بنێرن، هیچ شتێکی ئەوتۆش لە ماڵەکەیاندا شک نابەن، جگە لە ئامێری نووسینەگەی خۆی و هەردوو ئەڵقەی هاوسەرگیرییەکەیان، دەکەونە مشتومڕی ئەوەی کە گابرییل دەڵێت ئامێرەکەم ڕەهن دەکەم، ئەلقەکان ناکەین چونکە پیرۆزترین یادگاری بەیەک گەیشتنمانە و زۆر شیرینە لە دڵمدا، بەڵام میرسیدس پێداگری لەسەر ڕەهن کردنی ئەڵقەکان دەکات، ڕەتی دەکاتەوە کە ئامێرەکە ڕەهن بکەن، پێیدەڵێت ئامێرەکە ڕۆحی نووسەرە و تەنیا شتێکە لە ڕێگەیەوە نووسەر دەتوانێت نووسینەکانی پێ تایپ بکات و بڵاویبکاتە وە، ئەگەر بێتو لە ناوی ببەین، ئەوا دواتر کاریگەریی لە سەرت درووست دەکات.
چەند ڕۆژێک دواتر و بەیانییەکیان کاتێک گابرییل بە خەبەر دێت، دەبینێت میرسیدس لەماڵ نییە، کە دەگەڕێتەوە پێدەڵێت کە ئەڵقەکانی ڕەهن کردووە، نیوەی ڕۆمانەکەی تری بە بەریدا بۆ چاپ ناردووە.
لە ڕۆژی 30 ئایاری ساڵی 1967 چاپی یەکەمی ئەم ڕۆمانە دەردەچێت لە ماوەی تەنیا هەفتەیەکدا هەشت هەزار دانەی لێدەفرۆشرێت، دواتر ئەم ڕۆمانەی گابرێل دەنگدانەوەیەکی جیهانی گەورەی دەبێت، بۆ 37 زمانی جیهانی وەردەگێردرێت، نزیکەی 25 ملێۆن تیراژی لێ چاپدەکرێت، لە ساڵی 1982 خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیاتدا پێدەبەخشرێت.
بەڵی ئەمە بەرهەمی ڕەنج و هەوڵدان و تێکۆشانە، لە دوای ماندوبوون و قوربانی دانی ژنێک کە هاوسەرەکەی خۆی خۆشدەوێت و باوەڕی بە تواناکانی هەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە دژوارانەی کە ڕێگر بوون لە بەردەمیاندا، سەرکەوتوانە تێیان پەڕاند.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!