کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
تاوانی کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی بە قیزەوەنترین جۆری تاوان هەژمار دەکرێت لە جیهاندا، هۆکاری ئەم جۆرە تاوانە لە ئەنجامی ئەو کەموکوڕیانەیە کە لە ناو سەنتەری هێزی کۆمەڵگا و ڕادەی ڕۆشنبیری تاکەکانییەوە سەرچاوە دەگرێ ئەمەش بە زۆری لە ناو کۆمەڵگا تەقلیدی و دواکەتوەکاندا دەبینرێت کە ژن تیادا بە پلە دوو هەژمار دەکرێت.
کوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنها تاوانێک نییە دژی ژنێک بەڵکو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داهاتووش بە تایبەتی، بەوەی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر خێزان بە جێدەهێڵێت، وەک پایەیەکی کۆنکریتی دژی پێشکەوتن و گەشەسەندی کۆمەڵگاش دەوەستێت.
کوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا لێی قەدەغەکراوە، بە یەکێک لە شێوازەکانی جیاوازی و ئەتک کردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیهاندا بوونی هەیە بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، کۆمەڵگا عەرەبییەکان و کۆمەڵگای کوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە، کە دەرهاویشتەی گرفتە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ژینگەیی و ئاینی و ئابوری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییە.
لە تەواوی وڵاتانی دنیادا و تەنانەت لە ناو کۆمەڵگا ئەورووپیەکانیشدا دیاردەی توندوتیژی و کوشتنی ژنان هەتا ئێستا بنبڕنەکراوە، بە تایبەتی لە وڵاتی فەرەنسا ڕێژەی کوشتنی ژنان زۆرترە بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەورووپا، بۆ نموونە لە وڵاتی فەرەنسا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 66 ملیۆنە، لە ساڵی 2019 زیاتر لە 130 ژن کوژراوە، بوونی ئەم ڕێژە زۆرە لە کوشتنی ژنان وای کرد کە حکومەتی فەرەنسا هەوڵ بۆ چارەسەر و کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە بدات، بەوەی کە بازنی ئەلەکترۆنی لە دەست ئەو پیاوە توندڕەوانە بکرێت کاتێک دەبنە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ژنان و دابین کردنی پاسەوانی تایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە هەڕەشەیان لەسەرە، لە کاتێکدا بیرۆکەی بازنی ئەلەکترۆنی لە دوای ساڵی 2010 وە لە هەر یەک لە وڵاتانی سویسرا و ئسپانیا بە ڕێژەیەکی باش سەرکەوتنی بە دەست هێنا و توانی ئەو ژنانە بپارێزێت کە ڕوبەڕوی توندوتیژی و هەڕەشە و کوشتن دەبنەوە
کاتێک باس لە کوشتنی ژنان دەکەین، دەبێت دەست بەرین بۆ ئەو هۆکار و گرفتانەی کە بونەتە هۆی تەشەنە و زۆر بوونی ئەم دیاردیە، لەوانە:
1/ کەم تەرخەمی یاسا و لێپرسینەوە نەکردن لەو پیاوانەی کە دەستیان لە کوشتنی ژناندا هەیە و پێش ئەنجام دانی تاوانەکە هەڕەشەیان لێدەکەن، زۆر جار ژنانیش هانا بۆ دادگا دەبەن، بەڵام تاوانبار سزا نادرێت و دواتریش زۆر بە ئاسانی و بە بێ چارەسەرێکی یاسایی گونجاو و تەندروست دەرباز دەبێت، کاتێک لێپرسینەوە نەبێت لە تاوانبار ئەوا ئاسانتر تاوانەکە ئەنجام ئەدات.
زۆر جاریش لە دوای ئەوەی تاوانبار تاوانەکەی دەکات و ڕاپێچی دادگاش دەکرێت، کەس و کاری ژنەکە هیچ دەعوایەک لە سەر تاوانبار تۆمار ناکەن بە بیانووی ئەوەی کە کچەکەیان لە شەرەف و ناموس لایداوە و دەبێت بکوژرێت بۆ ئەوەی شەرف و ناموس بۆ خانەوادەکەنیان بگەرێتەوە، ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی سزایەکی کەم بە سەر تاوانباردا بسەپێنرێت، زۆر جار تاوانبارە دەستڕۆشتوەکانیش لە لایەن حزبێکی باڵادەستەوە دەرباز دەکرێن بەبێ هیچ لێپیچینەوەیەک.
2/ شارەزا نەبوونی تەواو لە ئاینی ئیسلام و هاندانی پیاوان لە لایەن هەندێک لە مەلاو و مامۆستایان، ئەگەر لە ڕووی ئاینی ئیسلامیشەوە سزا لە سەر شەرەفی ژن دابنرێت، ئەوا دەبێت چوار شایەت حاڵ هەبێت بۆ ئەوەی بە سەریدا بچەسپێت، پێم وایە ئەگەر بەو پێیەش بێت ئەوا هیچ ژنێک ڕوبەڕوی کوشتن نابێتەوە.
3/ نەبوونی ڕۆشنبیری تەواو لە ناو کۆمەڵگادا بە گشتی و خودی ژنانیش بە تایبەتی، ئەمەش وادەکات کە ژنان زۆر بەئاسانی بێدەنگی هەڵبژێرن و پێش وەخت هەوڵی دەرباز بوون نەدەن و خۆیان ملکەچی مەرگ دەکەن بەمەبەستی ئابروو نەچوونی خێزانەکانییان.
4/ ڕێکخراوەکانی ژنان بە گشتی لە بەرژەوەندی ژن کار ناکەن، یان ئەتوانیین بڵێن هێز و دەسەڵاتێکی یاسایی و سەربەخۆ ودروست لە پشت ڕێکخراوەکانەوە نیین، کاتێکیش ژنێک توشی هەرەشە و مەرگ دەبێتەوە و هانا بۆ ئەم شوێنانە دەبات کە مافی بپارێزێت و داڵدەی بدات، مەخابن هەر زوو بێهیوا دەکرێت و لە دوای ماوەیەکی کەم ڕادەستی کەس و کاری دەکرێتەوە.
ئەوەی کەماوەتەوە بیڵێم
دەبێت ژنان و چالاکوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی ژناندا نیین، تاکە ڕێگایەک کە لە بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لەو کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم هەموو گۆڕانکاری و پێشوەچونەکانی ژناندا. هەرچەندیش ڕودانی ئەوەش هەروا ئاسان نیە وە بەتایبەت لەم دۆخەشدا کە حکومەتێکی دامەزراوی لەئارادا نیەو ژنانیش پەرش و بڵاوو بێ ڕۆڵ و بێکاریگەریش کراون.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!