ناو:خالید نەقشبەندی
ناوی باوک: عەبدولغەفار
سیاسییەکی کورد ئەرکی قوورس و تەمەنێکی کوورت
ناوی تەواوی (عەبدولغەفار عەبدولرەزاق شێخ محەمەد شێخ تاهیر نەقشبەندی) یە، لە ساڵی (1915) لە #بامەڕنی# لەدایکبووە، بنەچەیان گوندی (بنستان) ی ناوچەی (#ڕێکانی#) یە، خانەوادەکەی ئایین پەروەر بووە، کەس وکارەکەی کەسایەتی و ڕابەری ڕێچکەی سۆفیگەری نەقشبەندی بوونە، ساڵی (1921) دەچێتە بەرخوێندن و قۆناغی خوێندنی ناوەندی لە موسڵ تەواو دەکات و قۆناغی ئامادەیی لە شاری بەغدا، دواتر کۆلێژی سەربازی لە ساڵی (1936) تەواو دەکات، دواتر کۆلێژی ئەرکان لە ساڵی (1943) وساڵی (1946) دەچێتە کۆلێژی ماف.
ساڵی (1952) لە کاروباری سەربازی و سیاسییەوە دەچێتە ناو کاروباری کارگێڕی دەبێتە قایمقامی (#ڕانیە#) و ساڵی (1953) دەبێتە قایمقامی #کۆیە#، ساڵێ (1954) دەبێتە قایمقامی #هەڵەبجە#، ساڵی (1957) دەکرێتە موتەسەڕیفی #هەولێر#، دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958ی ئێراق دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی (سیادە) کە لەدوو عەرەب (شیعە و سوننە) و کوردێک پێکهاتبوو، لە 27-11-1961 بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە و لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی نوێژی لەسەر دەکرێت بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجوومەنی سیادە و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و چەند وەزیرێک.
ژیانی خێزانی لەگەڵ خاتوو (زومڕود محەمەد ڕەئوف عەلائەدین نەقشبەندی) پێک دەهێنێت و لەو هاوسەرگیرییە سێ کچ بەناوەکانی (نەسرین و خالیدە و سەوسەن) و کوڕێکی بەناوی (نزار) دەبێت، نزار لە سوپای ئێراقی دەبێتە (عەقید-سەرهەنگ) ، ئەو کوڕەش بە فەرمانی سەدام حسێن لە سێدارە دەدرێت.[1]