پیاسەیەک بەناو هەولێرێ
نوسينی: شێرزاد شێخانی
بەيانی زوو بوو، لەگەر دەنگی قاسپه قاسپی کەوەکەی ئيزاعە کوردییەکەی بەغداد بەخەبەر هاتم.
ديتم بابم پاری دايتەوە و ڕاديۆکەی لەسەر سينگی دانايە و چاوەڕێی کردنەوەی ئيزاعەيە لۆ گوێگرتن لە قورعانەکەی عەبدولباست عەبدولسەمەد.
لێفە ئەستوورەکەم لەسەر خۆم لادا و بەسەر قادرمەکەوە هاتمە خوارێ. هێشتا خه و بەرينەدابووم، گەيشتمە لای حەوشەکە جامەک ئاوم لەکووپەکە دەرهينا و، لەتە گندۆرەيەکيشم لەسەر سينی سەر کوپەکە هەرگرت کەهی شەوی ڕابروو بوو.
شەڕواڵم لەپێ کرد و قەميسم لەبەرکرد، شۆڕ بوومەوە لۆ لای جادەی شێخەڵڵا.
تووشی مام سەيدۆ بووم کە بەخۆی و دوو سندوقی بەتاڵی تەماتەوە ڕووی لە گومرگی سەيداوە دەکرد، پەلەی زوو بگاتە ئەوێ لۆ ئەوەی دوو سندوق تەماته و فەردەک خيار و قەرتاڵەک ترێ بکڕی و بيباتە دوکانەکەی لەناو قەيسەری.
هەندەک ڕۆيشتم چاوم بە قەرەباڵغی پێش دوکانی ماستفرۆشەکانی شێخەڵلا کەت.
ديسان پلکە عەيشێ و دادە بەگيسی وەکی ڕۆژان چار پێنج مەنجەرە ماستی مەڕيان لەپێش خۆيان دانايە و بەدەم جغارەی عارەبييەوە دانيشتينە چاوەڕێی مەعميلەکانی خۆيان دەکەن.
لەولاش يەک دوو قاپی سەرتوو داندرايه و هەندەک مەنجەری بەتاريشيان لەتەنيشتەکە بە بۆياخی شين ناوی فەلاحەکانی دەشتێيان لەسەر نوسرايە.
شۆڕ بومەوە لۆ لای دوکانی قەسابەکان، پيکابەکی پڕ کەلەشی حەيوانی لەسەر بوو خەريک بوون دەيانهينايە خوارێ و لەقەنارەی دوکانەکان هەريانواسن.
بامداوە لای مەخفەری خانەقا، پۆليسەکەی پێش دەرگا خەريک بوو جغارەيەک لەپاکەتی لۆکسی دەستی دەردەينی و بەچەرخە بەنزينەکەی دايدەگيرسێنی.
تۆزەک تێپەڕيم گەيشتمە پێش دوکانی مام مەعروف کەبابچی. سێ چار پياوی دەشتێ دانيشتبوون کەبابيان دەخوارد، له و دەمە قسەکەی هەولێريانم بير کەتەوە کە دەرێ (ئەگەر پیاوی دەشتێ بێتە هەولێرێ و کەباب نەخوا، وەکی ئەوەی وايە کە هەولێری هەر نەديتبی).
گێم لەدەنگی کسۆکی بوو بەخۆی و زەمبيلە بەتاڵەکەی بەره و کەبابخانە دەهات، ئاخر ئەوێندەر شوێنی دانيشتنی ڕۆژانەی بوو.
ئاوڕەکم لەجادەی بەرامبەر دايەوە ديتم سەيد سەليم بەخۆی و سميڵە ڕەش و جوانەکەی خەريکی تێکەولێکەی قۆرييە چايەکانی سەر مەنقەرە خەڵووزەکەيتی، لەراديۆی چايخانەکەش گێم لەدەنگی عەزيز شارۆخی مەزن بوو به و دەنگە نازدارەی گۆرانی (سوبح پێناکەنێ)ی دەگۆت.
رۆيشتم بەره و دامێنێ قەڵا، مام برايم لۆبيا کەی خەڵاس کردبوو، بەس هێشتا هەندەک کوبەی برنجی لەناو مەنجەرەکەی مابوو، چاوەڕێی دەکرد ئەويش بفرۆشی و بچتەوە سەرێ.
شۆڕ بومەوە مام تاقی لەچايخانەکەی دانيشتبوو، نەفەری کەمی لێبوو، چونکە موشتەريەکانی ئه و زۆربەيان عەسکەری عارەب بوون، عادەتەن ڕۆژانی دووشەممه و پێنج شەممە چايخانەکەی زۆر قەرەباڵغ دەبوو بەزەحمەت جێيەکت دەستدەکەت. هاتمە خوارێ حاجی عەبدولەتيف لە تەسجيلاتەکەی قورعانەکی زۆر خۆشی عەبدولفەتاح شەعشاعی خستبوە سەر هەموو هەولێر بەدەنگە زوڵاڵەکەی هينابوە جۆش و خرۆش.
خۆم کردە کۆڵانی نەجاڕەکان، مام موحسين سێنيە قەيماغەکەی هێشتا نەببوە نيوە، دوو نانی گەرمی فڕنيەکەی تەنيشتيم وەرگرت و بای سەت فلس قەيماغم خسته سەری. ويستم بڕۆم مام موحسين گۆتی ڕاوەستە بەهەندەک هەنگوينيشت لۆ بەسەرکەم.
بەقەيماغ و هەنگوينەوە ڕووم کردە چايخانەکەی ئەبو مۆفەق و چايەکيان لەپێشم دانا، نانی سبەينەم خوارد.
ئيدی کەتمە سووڕانەوە لەناو کۆڵانەکانی قەيسەری، بەکۆڵانی تەنەکەچييەکان و پرێمز فرۆشەکانەوە دەستم پێکرد، سووڕامەوە لای کەماليەتەکان و خۆم کردە ناو زێرنگرەکان، هەر لەوێشەوە بەلای دوکانی بەزازەکاندا تێپەڕيم و خۆم لەدەرارخانە کەونەکەيدا ديتەوە، تەماشا دەکەم چەند پيرەژنەک بەخۆيان و بوخچەی پێشيان دانيشتينە، دوکانەکانيش ئەشيا و پێداويستی کەر و وڵاخ و هەندەک کەرەستەی کشتوکاڵييان لەپێش دوکانەکانيان هەڵواسييە.
لەدەرکەی سەر جادەی باتا سەرم دەرهينا، هێشتا موريدەکانی چايخانەی قەر داران نەهاتبوون، ڕووم سووڕاندە لای مەکتەبەی سەربەستی و چاوەکەم بە موجەلاتەکاندا گێڕا، مجەلەی نجوم ڕيازی و تەبيبوکە و شەبەکە و مەوعيديش ژمارەی تازەيان گەيشتبوو.
شۆڕ بومەوە لۆ لای باتا و تەماشايەکی قۆندەرەکانم کرد، زۆر گران بوون، بەدينارەک و نيو، دوو دينار بوون.
بەحەسرەتەوە ڕووم لە جادەی بەرامبەر کرد، ئيبۆ بەربەر خەريکی تيماری دەستی کابرايەکی نەجاڕی ناو بازار بوو، دياربوو بەمەکينە تازەکان دەستی بريندار ببوو.
لەوێ تێپەڕيم گەيشتمە لای مەکتەبەی عەسکەری مام فاروقی سۆرەگوڵ لەپشت مێزەکەی دانيشتبوو، لێم پرسی: مام فاروق قەلەم پاندانی پارکەر 45 نەگەيشت ، ئەويش گۆتی حەفتەکيدی دەگات.
ئەويشم بەجێهێشت، گەيشتمە لای چاپخانەکەی مامە گيوی موکريانی، کتێبەکانی پشت جامخانەکەی زۆربەيان تۆزيان لێنيشتبوو، بەس ئەمن حەزم کرد عينوانەکانيان بخينمەوە، قازی و چل تووتی، خەج و سيامەند، شيرين و فەرهاد، مەولود نامەی پێغەمبەر، مەلا مەشهوور، هەندەک ديوانی شيعری.
لەوێ تێپەڕيم لەلای چايخانەکەی مام هەينی چايەکم خواردەوە، هەستام بەره و لای مەحکەمه بڕۆم ، ديتم مام ئەلياسی گەسفرۆش خەريکە دوکانەکەی دادەخا، چونکی ئه و موشتەر ی زۆر بوون و عادەتەن هەتا سەعات هەشت هەموو لەفەکانی تەواو دەبوون، ئۆرۆزدی باگيش تازە دەرگای کرابو وەوە هەندەک کەس لەپێش دەرگاکە ڕاوەستابوون چاوەڕێيان دەکرد بچنە ژۆرێ، خوارتريش دار وەتەنيش تازە کرابووەوە، چوومە ژورێ و چاوم بەکتێبەکاندا گێڕا، هيچی تازەم لێ نەديت.
بەدەوری قەراتێ سووڕامەوە و خۆم کردە گەرەکی خانەقا و لەکۆڵانی بەلووعە سەرم دەرکرد و گەيشتمە پێش دەرکەی سينەما حەمرا، سەرم برند کرد تەماشای لەوحەی فليمەکە بکەم ديتم فليمەکی تازە بە گەورەيی لەسەر نوسرايە، (المصارعون العشرە، فيلم المغامرات والقتال، سينما سکوب، إيستمان کولور).
خەريک بوو بيتاقەی چل باييەکە ببڕم، له و دەمە هەستم به هەڵاوەکی گەرم کرد، چاوم کردەوە دەبينم ڕۆژ ديواری سەربانەکەمانی تێپەڕاندوە و هەموو لەشم بوويتە عارەقە، جەيشەک مێش لەسەر دەموچاوم نيشتينه، چار پێنجەکيان کەتينە ناو دەوم، بە تف تف يەک يەکم فڕيدان و له و خەونە خۆشە بەخەبەر هاتمەوە.[1]