ئەگەر و کاریگەرییەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا
#فرسەت سەید شکور#
06-02-2022
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە لوتکە، ئۆکرانیا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لەو ووڵاتە جیابوۆوە و سەربەخۆیی ڕاگەیاند لەگەڵ ڕووسیا، هەمیشە بە چاوی ڕکەبەر لە یەک دەڕوانن، بەشێکی زۆر لە ئۆکرانییەکان ئارەزوویان بەو سەربەخۆییە کە ئێستا هەیانە، شانازی بە کلتور و زمان و فەرهەنگی خۆیانەوە دەکەن، هەمیشە دەیانەوێ لەو قاڵبە بێنە دەرەوە کە وەک بەشێک لە ڕووسیاێ پێ هەژماردەکرێن.
ڕووسیا هەرگیز ئەو حەز و ئارەزووانەی خۆی نەشاردووەتەوە کە تایبەتن بە فراوانکردنی دەسەڵات و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەو دەوڵاتانەی کە پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتی سۆڤیەت.
هەوڵەکانی (ناتۆ) بۆ ئەوەی ئۆکرانیا بکاتە ئەندامی ڕێکخراوەکەی، تووڕەییەکانی مۆسکۆی زیاترکردووە، پێگەکانی هەواڵی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، ڕووسیا (175) هەزار سەربازی بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا ئامادەکردووە و پلانی هەیە سەرەتای ساڵی داهاتوو هێرشبکاتە سەر ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، ناتۆش هۆشداریی تووند دەداتە مۆسکۆ و دەڵێت: ئەگەر ڕووسیا هێز دژی ئۆکرانیا بەکاربهێنێت، ئەوە باج و دەرهاوێشتەی دەبێت.
سەرچاوەی گرژییەکان
ئۆکرانیا لەلایەن ئەمریکا و ووڵاتانی ناتۆ پاڵپشتیی و پشتگیریی هەیە، زەمەنێکیشە ئەم دەوڵەتە ئاوات و ئارمانجیەتی کە بچێتە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بۆ ئەمەش لۆبی باشی بۆ هەنە، بەڵام ڕێگریییەکانی ڕووسیا لەو هەنگاوە ئەم ئاواتەی ئۆکرانیایان لاوازکردووە.
ساڵی 2008، ناتۆ بڕیاریدا ئۆکراینا ببێتە بەشێک ڕێکخراوەکە، لە حوزەیرانی 2021، جەختیان لەو بڕیارە کردەوە و ڕایانگەیاند، کیێڤ ئازادە لە بڕیارەکانی و مافی ئەندامیەتی ناتۆی هەیە., ئەم قسانەی ئەندامانی ناتۆ ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووسیای توڕەکرد.
ئەگەرچی سوپای ئۆکراینای پاڵپشتیکراو لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە نزیکەی (280) هەزار سەرباز لە پلەی سێیەمدا دێت لە ئەوروپا لە دوای هەردوو سوپای ڕووسیا و فەڕەنسا، بەڵام لەڕووی هێزی ئاسمانییەوە، لاوازە کە تەنیا (125) فڕۆکەی جەنگی هەیە، بۆیە ئۆکراینییەکان بەردەوام لەسەر تاکتیکی ئەمریکی و ڕاوێژی گەورە شارەزایانی سەربازی ناتۆ، ڕا هێنایان پێدەکرێت؛ چەکی نوێ لەسەر ژمارەی پێدەگات، لە (7) ساڵی ڕابردوودا تەنیا ئەمریکا بە بەهای سەرووی (2، 5) ملیار دۆلار چەک و هاوکاری لۆجستی پێشکێشکردووە.
ناتۆ کە بە (12) وڵاتی ئەندام لە ساڵی (1949) لە ئەمریکادا دژ بە یەکێتی سۆڤێتی جاران دامەزرا، لە حەوت دەیەی ڕابردوودا بە (9) قۆناخ ژمارەی ئەندامەکانی گەیاندە (30) ئەگەر بێتو ئۆکراینا ببێتە ئەندامی ناتۆ، ڕووسیا بە تەواوەتی تەوق دەدرێت.
بۆ پوتینی سەرۆکی ڕووسیا، ئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ هێڵی سوورە، چونکە (پوتین) نایەوێ ئەمریکا بە ئاسانی بەرژەوەندییەکانی خۆی لە نزیکی ڕووسیا پەرە پێبدات.
ئۆکرانیا بە یەکێک لە وڵاتەکانی هاوپەیمانی ناتۆ دادەنرێت، ناتۆ دەیەوێت ئەو وڵاتە بکاتە یەکێک لە هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسیی، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە “دەمەوێت بە ڕوونی بڵێم، گۆڕینی وڵاتە دراوسێکانمان بۆ پردی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووسیا، واتە جێگیرکردنی هێزەکانی ناتۆ لەو ناوچانەی گرنگیی ستراتیژییان بۆ ئاسایشی ئێمە هەیە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت”.
هێزەکانی سەربازییەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا
ئۆکراینا لە ئێستادا (280) هەزار سەرباز و (125) فڕۆکەی جەنگی هەن، لەلایەکی دیکەوە
رووسیا هێزەکانی ئامادەکردوو، بە ژمارەی زیاتر لە (6)هەزار و (250) کڵاوەی ئەتۆمی لە ڕیزی یەکەمی جیهان دێت لە دوای ئەمریکا و چین خاوەن بە هێزترین هێزی دەریاییە، ئەمە جیا لەوەی بە زیاتر لە (4) هەزار و (500) فڕۆکەی جەنگی لە دوای ئەمریکا، پێگەی دووەمی بەهێزترین هێزی ئاسمانی جیهانی بەدەستهێناوە.
ڕووسیا سەرووی یەک ملیۆن سەربازی خاوەن چاک و دوو ملیۆن سەربازی یەدەگی هەیە.
ژمارەی ئەو سەربازانەی کە ڕووسیا لە سەر سنووری ئۆکرانیا کۆکراونەتەوە، کە ژمارەیان دەگاتە سەرو (130) هەزار سەرباز.
ئۆکراینا لەمدواییە وەک دەستکێشی دەستی ناتۆ تەماشا دەکرێت، ئەمریکاش کردوویەتیە هۆکارێک بۆ فشار دروستکردنە سەر ڕووسیا.
ئەمریکا سەرباز بە ئەوروپادا بڵاو دەکاتەوە
بەردەوامبوونی گرژییەکان وایکرد جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاوێژ لەگەڵ گەورە فەرماندەکانی بڕیاربدات داوە 8 هەزار و 500 سەرباز لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا بڵاوبکاتەوە.
کاریگەرییەکانی ململانێکە لەسەر دۆخی ئابووری
بەردەوامی دۆخی نە شەڕ و نە ئارامی هاوتای جەنگێکی ساردی یەکلانەبووەوە، وەک هەڕەشە لە ئابووریی ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دێتە هەژمار،
ئاڵۆزییەکان بازاڕی وزەی ناسەقامگیر کردووە و نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکانی بەرزکردووەتەوە، بە جۆرێک خەڵک ناتوانن پێداویستییە ئارەزوویەکانی خۆیان بکڕن بە ترس لەوەی کە دۆخە بە یەکجاری بتەقێتەوە.
لەگەڵ قوڵبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر کەرتی وزەی ئەوروپا دروستبکات. لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و پۆڵەندا و فەرەنسا نزیکەی لە 40٪٪ گازی سروشتی لە ڕووسیاوە هاوردە دەکەن.
ڕێککەوتی 2022/01/15دا نرخی نەوت دووبارە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی و نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی برێنت بە 86 دۆلار و 34 سەنت فرۆشرا، بەراورد بە سەرەتای هەفتەکە زیاتر لە پێنج دۆلار بەرز بووەتەوە. هەروەها نرخی نەوتی تێکساسی ئەمەریکاش لە 78 دۆلار و 50 سەنتەوە بۆ 84 دۆلار و 39 سەنت بەرز بۆتەوە.
شارەزایانی ئابووری هۆکاری ئەم هەڵکشانە دەگەڕێننەوە بۆ ئەو هەڕەشانەی کە هەردوو وڵاتی ڕووسیا و ئەمەریکا لە یەکتری دەکەن، پێشبینی ئەوە دەکرێت ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ئۆکراینا و ئەمەریکاش هۆشداری بە ڕووسیا داوە هەنگاوی لەم شێوەیە نەنێت چونکە لە بەرامبەردا ڕووبەڕووی سزای سەخت دەبنەوە.
تەشەنەکردنی ڤایرۆسی گۆڕاوی ئۆمیکرۆنیش بەشێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، جگە لە دابەزینی قەبارەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکا کە تەنها لەم هەفتەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل دابەزیووە.
پێشبینییەکان لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ
دەزگای هەواڵگری ئەمریکی (CIA) بە وردی ئەوەی باسکردووە کە ئەگەری ڕوودانی جەنگەکە لە ئان و ساتتدایە،
چەند بەرپرسێکی ئەمریکییش کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت لە زاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی ووڵاتەکەیانەوە باسیان لەوە کردووە ڕووسیا ئامادەکارییەکانی زیاتر کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ بۆسەر ووڵاتی ئۆکرانیا.
بەپێی دواین ئامار و بەدواداچوون ڕووسیا زیاتر لە (110) هەزار سەربازی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆکردووەتەوە و بەگوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانە، ئەو وڵاتە توانای هەیە بەو هێزەی، کە ئێستا لەبەردەستیەتی، لەماوەی تەنها دوو هەفتەدا ئەو هێرشە فراوانە دژ بە ئۆکراینا بکات.
کوژرانی هەزاران کەس
ڕاپۆرتە هەواڵەکانیان باس لەوە دەکەن لە ئەگەری ڕوودانی جەنگ زۆری ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی دەبنە قوربانی، پێشبینی ئەوە کراوە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، لەنێوان (25) هەزار تاوەکو (50) هەزار کەسی سیڤیل دەکوژرێن و لە نێوان (5) هەزار تاوەکو (25) هەزار سەربازی ئۆکراینی و (3) هەزار تاوەکو (10) هەزار سەربازی ڕووسی دەکوژرێن و لەنێوان ملیۆنێک تاوەکو (5) ملیۆنی ئۆکراینی دەربەدەر دەبن و پەنا بۆ پۆڵەندا دەبەن.
یەک هەفتە لەمەوبەر نزیکەی هەزار و (500) سەرباز لە یەکەی سەربازی تایبەتی ڕووسیا ناسراو بە سپیتینسناز، لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا جێگیرکراون.
هەروەها هێزێکی گەورەی دەریایی ڕووسیا بە پێنج کەشتیی سەربازی تایبەت لە دەریای ڕەشدا لەنگەریان بەستووە و ئامادەی هێرشی لەناکاون بۆ سەر کەنار دەریاکانی باشووری ئۆکراینا.
لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جەنگە، فراوان بوون و کاریگەری جەنگەکە لەسەر تەواوی جیهان ئەگەرێکی کراوەیە، بەوپێیەی ووڵاتانی بەرەی ڕووسیا پاڵپشتی هەنگاوەکانی ئەو ووڵاتە دەکەن و هاوکات ئەمریکا و ئەندامانی ناتۆ بە چڕی و توندی دژی ڕووسیا وەستاونەتەوە دوورنییە، ئەگەر نێوەندگیریی و زەمینەسازی بۆ ڕێککەوتن نەکرێت بە دڵنیاییەوە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!