هۆکاری هاوسەرگیری نەکردنی حەسەن سیساوەیی:
#حەسەن سیساوە#یی ئەو هونەرمەندەی دەیان ساڵ حەیران و گۆرانی بە زمانی کوردی گوت، بەڵام ڕەنگە زۆرینەمان تاوەکو ئێستا نەزانین، کە ئەو هونەرمەندە ناوی تەواوی چییە و خەڵکی کوێیە؟
وەستا مۆفەق عەلی، ئەندازیاری دەنگ و کەسێکی نزیک لە حەسەن سیساوەیی، کە زۆرترین گۆرانیی و حەیرانەکانی ئەو هونەرمەندەی تۆمارکردووە، وتی من لە ساڵی 1970ەوە پەیوەندییم لەگەڵ حەسەن سیساوەیی هەیە و زۆرینەی گۆرانیی و حەیرانەکانیم تۆمارکردووە.
وەستا مۆفەق دەڵێت، : حەسەن سیساوەیی، ناوی تەواوی حەسەن ڕەسوڵ مام خاڵەیە، لە سەر ناسنامەی نووسراوە لە ساڵی 1926 لە دایکبووە، ڕەنگە ساڵێک لەوە بچووکتر بێت یاخود گەورەتر، زۆر جار میدیاکان دەڵێن سەرووی 100 ساڵ ژیاوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە.
وەستا مۆفەق گوتیشی، من دڵنیام لە ناو و تەمەنی سیساوەیی، چونکە من کاروباری ڕێزلێنانی ئەو هونەرمەندەم ئەنجامدا و کۆپی ناسنامەکەی لای من هەیە.
هەموومان وا دەزانین حەسەن سیساوەیی خەڵکی گوندی سیساوەیە، بەڵام وەستا مۆفەق دەڵێت: حەسەن سیساوەیی خەڵکی سیساوە نییە، بەڵکو بەرەچەڵەک خەڵکی گوندی ئاری سیرەک-ی تەنیشت سیساوەیە، بەڵام ناوبانگی وا ڕۆیشتووە.
دەنگۆی جیاواز سەبارەت بە هاوسەرگیری هونەرمەند حەسەن سیساوەیی دەبیسترێت و لە میدیاکان بڵاودەکرێتەوە، بەڵام وەستا مۆفەق دەڵێت: حەسەن سیساوەیی بەهۆی نەخۆشییەوە توانای ژنهێنانی نەبوو، ئەمەش قیسمەتی خوا بوو بۆ ئەو هونەرمەندە، زۆر جاریش دەیگوت حەزم لە کچەکی کردووە و خودا نەیکردیتە قسمەت، بەڵام ڕاستی بابەتەکە بەم شێوەیە.
حەسەن سیساوەیی بە هونەری ڕەسەنی دەڤەرەکەمان دەناسرێت زۆربەی ڕووداوە مێژووییەکانی دەڤەرەکامانی کردووە بە حەیران لە حەیرانەکانی باسی زۆربەی شوێنەکانی هەریر و دەڤەرەکەمانی بەگشتی کردووە زۆر کات بە GPSی دەڤەرەکەمان دەناسرێت.[1]