عەبود و خەجاوە، دوو ناوی ترسناک لە مێژووی عێراقدا!
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
چیرۆکی عەبود و خەجاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1917، کاتێک ولایەتی موسڵ لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا دەبێت، وشکە ساڵی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشیت، بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە ناودەچن و دەفەوتێن، هەروەها بە هۆی جەنگی جیهانی یەکەم و هێرش کردنە سەر ناوچەکە لەلایەن ئینگلیزەوە، برسیەتی تەنگ بەخەڵکەکەی هەڵدەچنێت، نرخی یەک هۆقە گەنم یەکسان دەبێت بە یەک لیرەی ئاڵتونی، ولایەتی موسڵ ڕووبەڕووی داڕوخانی ئابووری دەبێتەوە، ئەو ساڵە ناو دەنرێت (ساڵی برسێتی و گرانی لیرە)، ئەو خەڵکەی کە لە چینێکی مام ناوەندا دەژیان، قاپوقاچاخە زیوەکانیان دەگۆرنەوە بە گەنم (کە نرخەکەی یەکجار کەم دەبێت)، تەنها بەشی چەند ژەمە خواردنێکیان دەکات، خەڵکە هەژارەکەش دەست دەکەن بە خواردنی سەگ و پشیلە، بەو هۆیەوە نەخۆشی (سکچوون و ڕشانەوە) لە ناو خەڵکەکەیدا بڵاو دەبێتەوە، دڕەندەترین و قیزەوەنترین تاوان کە لەو سەردەمەدا ڕویداوە، تاوانی خواردنی گۆشتی مرۆڤ بووە، کە هەتاوەکو هەنوکەش وەک چیڕۆک لە ناو خەڵکی ئەو شارەدا دەگێڕدرێتەوە.
عەبود و خەجاوە؛ پیاو و ژنێکی عێراقی خەڵکی شاری موسڵ دەبن، دوو ناوی ترسناک کە چوونەتە ناو مێژووە، هەتا ئێستاش لە بیرەوەری خەڵکی موسڵدا ماونەتەوە.
لە بەناوبانگترین خوێن ڕێژەکانی عێراق بوون لە سەدەی بیستەمدا، منداڵیان ڕاودەکرد و سەریان دەبڕین، بە گۆشتەکەی خواردنیان دروست دەکرد، لە دوکانی خۆیاندا دەیانفرۆشت، بۆ ماوەی چەند مانگێک لە سەر ئەم کارەیان بەردەوام دەبن، هەتا وەکو ڕۆژێک بەڕێکەوت تاوانەکەیان ئاشکرا دەبێت، کاتێک کەسێک خواردنییان لێدەکڕێت، لە ناو خواردنەکەدا پەنجەی مرۆڤی تێیدا دەبینێت، ئیتر گومانی لا دروست دەبێت کە خواردنەکە دەکرێت بە گۆشتی مرۆڤ لینرابێت، بۆیە پۆلیسیان لێ ئاگادار دەکاتەوە.
کاتێک پۆلیس دەدات بە سەر ماڵەکەیاندا، چاڵێکی قوڵ دەدۆزنەوە کە پڕ دەبێت لە کەلە سەر و قاچ و دەست، کە زۆرینەیان هی منداڵن، ئیدی پۆلیس عەبود و خێزانەکەی دەست بەسەر دە کات و ڕادەستی دادگایان دەکات، لە دوای لێکۆڵینەوە، خێزانەکەی دان بە تاوانەکەیاندا دەنێت.
ئەم چیرۆکە لە لایەن مێژونووسی کۆچکردوو ئەحمەد ئەلسۆفی، لە دەستنووسێکی مێژوویدا (موسڵ لە کۆتایی سەردەمی عوسمانییەکاندا) دەیگێڕێتەوە، کە باسەکەی لە گۆڤاری (علمدار)ی تورکی ئەو کاتە وەرگرتووە، بەم شێوەیە باس لە گفتووگۆی نێوان دادوەر و خێزانەکەی عەبود دەکات:
دادوەر: چۆن توانیتان ئەم کارە بکەن؟
خەجاوە: برسێتییەکی زۆرمان چەشت تا ڕادەیەک کە چیتر توانای خۆڕاگریمان نەمابوو، بۆیە سەرەتا بڕیارمان دا کە پشیلە بخۆین، ئەوە بوو ڕۆژانە پشیلەمان ڕاو دەکرد و دەمانخوارد، کاتێ کە ئیتر پشیلەمان دەست نەدەکەوت، دەستمان کرد بە خواردنی سەگ، هەتا ئەویش بنبڕبوو، گۆشتەکەی زۆر خۆشتر و بە چێژتر بوو لە گۆشتی پشیلە، دواجار گۆشتی مڕۆڤمان تاقی کردەوە.
دادوەر: بە کێ دەستان پێکرد؟
خەجاوە: پیرەژنێکی دراوسێمان، ڕۆژێکیان کە هات بۆ ماڵمان، عەبود زۆری برسی بوو، چیتر لە توانایدا نەما و خۆی پێڕانەدەگیرا، پەلاماری پیرەژنی دا و خنکاندی، دواتر پێکەوە هەردووکمان سەرمان بڕی و لەت و پەتمان کرد و کردمان بە مەرەگە، سەر و ئێسک و پروسکەکەیمان لە ناو چاڵێکی قوڵدا شاردەوە، کە لە ناو ماڵەکەماندا هەڵمانکەند بوو، ئیدی ئەو شەوەی زۆر ڕشاینەوە چونکە گۆشتی پیرەژنەکە زۆر چەور و پیس بوو، دواتر گۆشتی منداڵێکی بچوکمان تاقی کردەوە، بەڵام گۆشتی منداڵەکە زۆر ناسک و بەتام بوو.
دادوەر: چۆن منداڵەکانتان ڕاو دەکرد؟
خەجاوە: بە هۆی منداڵەکەمانەوە، هەموو ڕۆژێک بە بیانووی یاریکردن، منداڵێکی دەهێنایەوە ماڵەوە، ئێمەش دەمانخنکاندن، دواتر لەت و پەتمان دەکردن، سەر و قاچ و دەستەکانیانمان لە ناو چاڵەکەدا دەشاردەوە.
دادوەر: چەند منداڵتان وا لێکرد؟
خەجاوە: نازانم بەڵام دەتوانن بە پێی ئیسک و پروسکەکانیان بەدواداچوون بۆ ژمارەیان بکەن.
دواتر لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە تاوانەکە، دادوە ڕ بۆی دەرکەوت کە نزیکەی سەد منداڵیان بەو شێوەیە کوشتووە، بۆیە دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەبود و خەجاوەی خێزانی دەرکرد، ئەو بەیانییەی کە بڕیاری لە سێدارەدانییان تێیدا جێبەجێ دەکرا، سواری دوو کەریان کردن، بەڕێکران بۆ مەیدانی (باب ئەلتوب)، لە ڕێگادا خەڵکی بەردیان تێدەگرتن و جنێو و قسەیان پێ دەوتن، عەبود جنێوەکانی بە خەڵکەکە دەدایەوە، دەیوت بڕۆن قسە بە حکومەت بڵێن، ئەوان بەرپرسن لە وەی کە ئێمە ئەم کارەمان کردووە، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لە برسیکردنی خەڵک.
هەر لەوێدا ژنێک هات و قەپی کرد بە قاچی خەجاوەدا، بە حەسرەتەوە هاواری کرد، وتی سێ منداڵی منتان خوارد.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!