میسۆژینی لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا
#ڕۆزا حەمە ساڵح#
میسۆژینی (Misogyny) وشەیەکی ئینگلیزییە، لە بنەڕەتدا، وشە کە یۆنانییە، بە واتای ڕقلێبوونەوە لە ژنان و سوکایەتی و دژایەتی کردنیان دێت.
ئەم دیاردەیە هەر لە کۆنەوە و لەسەرهەڵدانی شارستانییتیەوە بوونی هەیە، هەتا ئەمڕۆش بەهۆی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و ژینگەی ئەلکتڕۆنی ئەم دیاردەیە بە بەربڵاوی ڕووی لە زیادبوونە.
لە ساڵی 2015 دا ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەڕیتانی توێژینەوەیەکی ئەنجام دا تێیدا باسی لە زیادبوونی دیاردەی میسۆژینی لەناو ژینگەی ئەلیکترۆنیدا کردووە، بە جۆریک ساڵانە بە تەنها لە وڵاتی بەریتانیادا دەیان هەزار تویت بڵاودەکرێتەوە، کە تێیدا پێشێلکاری بە ژنان دەکرێت و بە وشەی نەشیاو وەسف دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت، وەک وشەی لەشفرۆش، ناشرین، بەدڕەوشت، زۆر وشەی نەشیاوی دیکە.
ئەم دیاردەیە لە تەواوی دونیادا بوونی هەیە، بەڵام لەو وڵاتانەی کە مافی ژن تێیدا پارێزراوە ڕێژەکە کەمترە بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە مافەکانی ژنان تێیدا پێشێلکراوە و گیرۆدەی دەستی کلتوور و فەرهەنگێکی دواکەوتوون، ئەمەش بە تەنها ژنانی ئاسایی نەگرتۆتەوە، بەڵکو زۆر لە ژنە دیارەکانی ناو سیاسەت و ژنە چالاکوانە مەدەنییەکان و مۆدێلەکان… هتد.
لەناو ئەو وڵاتانەی کە ئەم دیاردەیە بە بەربڵاوی بەرچاو دەکەوێت و ڕۆژانە ژنان تێیدا دەکەونە بەر ئەم هێرشە قێزەوەنە وڵاتی خۆشمان نموونەیەکی زیندووە، بەهۆیەوە ژنان ڕوبەڕووی فشاری دەروونی زۆر دەبنەوە و ژیانێکی نائارمیان هەیە، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی زۆر جار لەترسی ئابڕووچون پەنا بۆ خۆکوشتن بەرن، یان زۆر لەو ژنانە وەک کاردانەوەیەک هانا بۆ خۆدەرخستنی زیاتر دەبەن، کە ئەمەش کێشەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و زیاتر دەکەونە بەر هێرشی ڕقلێبوونەوە و سوکایەتی پێکردن.
بە پێی بەدواداچوونەکانی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، دەکرێت میسۆژینی یان ڕقلێبوونەوە لە ژنان بە چەند شێوازێک وێنا بکرێت؛ لەوانە جیاکاری سێکسی، سوکایەتی بە ژنان و توندوتیژی کردن لە بەرامبەریان و ڕوانین لە ژنان وەک ئامرازێکی سێکسی.
ئەم دیارەدەیە بۆچی بەم ڕادە مەترسیدارە ڕوبەڕووی ژنان دەبێتەوە؟
بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە هۆکارەکەی بەڕێژەیەکی زۆر بۆ خودی ژنان خۆیان دەگەرێتەوە، کە وەک پێویست ئاستێکی هۆشیاری ئەوتۆیان نییە و نازانن چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەم ژینگەیەدا بکەن، تا تواناکانی خۆیان وەگەڕ بخەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن، لەبەر ئەوەی ژنان لەپێش بەروپێشچوونەکانی ئەم دوایەیی تەکنەلۆژیا، ئازادی دەرکەوتنیان بەم ڕادەیە نەبووە، ئێستا کە دەرفەتەێکی ئاوایان بۆ ڕەخساوە و دەتوانن بە یەک چرکە و بەموبایلەکەی دەستیان هەرچیان بوێت بیکەن، بۆیە بەهەموو شێوازێک هەوڵی خۆدەرخستن دەدەن، ئیتر گرنگ نییە بەلایەنەوە چی دەڵێن و چۆن دەردەکەون.
هۆکارێکی دیکە ئەوەیە ژنان زۆر جار بە هەڵە پەیامەکانیان دەگەیەنن و بەوردی لەو ڕاستی ئەو کۆمەڵگایەی کە تێیدا دەژین ورد نەبوونەتەوە، وتوێژینەوەیان لە سەر بنەما و پرەنسیپی کۆمەڵگا نەکردووە.
بۆ هۆکاری دووەم ئاماژە بە نموونەیەکی زیندوو دەکەم؛ لە ماوەی پێشوودا کۆمەڵێک ژنی چالاکوان کەمپینی (ناوی من ناوی دایکمە)یان ڕاگەیاند، لەناو سۆشیال میدیادا هەرایەکی یەکجار زۆری نایەوە، ئەگەر لە بنچینە وە ناوی کە مپینە کە بەم شێوەیە نەبوایە، ئەوا دڵنیام ئەو ژنانەی کە بیرۆکەی کەمپینەکەیان دانا و پاڵپشتی بوون بەو جۆرە مەترسیدارە ڕوبەڕووی دیاردەی مێسۆژینی نەدەبوونەوە.
کۆمە ڵگای ئێمە بە گشتی کۆمەڵگایەکی موسڵمانە کاریگەری ئاین بە سەریەوە زاڵە، میلەتێکین ئاستی هۆشیای و ڕۆشنبیریمان وەک پێویست نییە، بەگشتی مرۆڤەکان ماندووی دەستی ڕۆژگار و ئەم دەسەڵاتە چەوتەن، بە تەواوی توانای بیرکردنەوەیان نەماوە، ئیتر چۆن ئە م جۆرە پەیامانەیان پێ قبوڵ دە کرێت و لێی تێدەگەن؟! دە کرا کە مپینە کە ناوبنرایە (ئە گە ڕ هاتوو بە هە ڕ هۆکارێک باوکم نە بوو، با پاشناوی دایکم هە ڵبگرم)، لە و کاتە دا هە م کارەکە شوێنی خۆی دەگرت و هە م بە جوانیش دەتوانرا پەیامەکە بگات و ئامانجی خۆی بپێکێت، ئە م هەموو هەرایەشی نەدەنایەوە و هەر کەس بۆ خۆی هەڵبسێت و بە ئارەزووی خۆی لێکدانەوەی بۆ بکات، ژنانیش نەدەبوونە قوربانی و ڕوبەڕووی ئەو هەموو ڕقلێبوونەوە و سوکایەتی پێکردنە نەدەبوونەوە.
ئێمە کە دەڵێین ژنان خۆیان بەشێکی بەرپرسیارێتی ئەم هەلومەرجانە هەڵدەگرن، هەڵبەت گرنگە ئەوە بزانین کە دەسەڵاتی سیاسی و ناوەندەکانی دیکەی دەوڵەتی و فەرهەنگی پشکی گەورەیان بەردەکەوێت لە هۆکاری قورسبوونی ئاستەنگی و ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان، وێڕای ڕێگرییەکانی کلتووری باوی کۆمەڵگا.
ئەگەر لە مێژوو بڕوانین دەبینین پیرۆزی ژن گەیشتوو بە ئاستی بەخوداوەند سەیرکردنی ژنان، ئیتر ئەو وەرچەرخانە لە ڕوانینی پۆزەتیڤانە بۆ ژن بۆ ئەم ڕوانینە نیگەتیڤانە پێمان دەڵێت کۆمەڵگای مرۆڤ پێویستی بەدەربازبوونی زانستیانە هەیە، بۆ گەڕاندنەوەی ژن بۆ پێگە سروشتیەکەی خۆی، کە ئەویش ڕوانینە بۆ مرۆڤبوون و دوورکەوتنەوەیە لەجیاوازییە ڕەگەزییەکان.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!