چۆن فەلسەفە هاوکاری سوکرات بوو بۆ ئەوەی بەرگەی ژنەکەی بگرێت!
ڕۆزا حەمە ساڵح
سوکرات؛ لە نێوان ساڵانی (469ی پ.ز - 399 پ.ز) ژیاوە، فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بەیەکیک لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی دادەنرێت، فەیلەسوفێکی دانا، خاوەن وشە و وتە گەلێکی کاریگەر و بەهێزە، کەسایەتییەکی لێڵ و ناڕوونی هەیە لە مێژووی فەلسەفەدا، کەسێکی مادی نەبووە، بۆ ئەوەی لە دۆخی هەژاریدا بژی، لە بری وانە وتنەوەکانی پارەی لە قوتابیەکانی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی نەکردۆتە سەر دەروونی، چونکە بە هیچ شێوەیەک پەیوەست نەبووە بە موڵکایەتییەوە، بەدرێژای ساڵ تەنها عەبایەکی لە بەربووە، زۆر کاتیش بە پێی خاوسی گەڕاوە.
زۆری کاتەکانی ژیانی لە دەرەوەی ماڵ بەسەر بردووە، لە ناو خەڵکدا بووە، لە گەڵیاندا مشتومڕ و گفتوگۆی ئاڵوگۆر کردووە، زۆر کەمبوون ئەو کەسانەی کە بە شێواز و ڕوخساری ڕەزامەند بوون، باڵایەکی بچووکی هەبووە، ڕیشێن بووە، لەکاتی ڕۆیشتنیدا بەملاولا کەوتووە، کەسانی دەوربەری بە سەری قرژاڵ شوبهاندویانە، لوتێکی پان و لچولێوێکی ئەستور و گەورەی هەبووە و چاوەکانی دەرپۆقیو بوون.
جگە لە ڕوخساری ناپەسەندی، هەروەها بەهۆی پرسیارە شێتەکانیشی لەسەر بارودۆخییان، لەلایەن خەڵکییەوە ڕوبەڕووی ئازار و ستەم و جەوسانەوە بۆتەوە، زیندانی کراوە و ڕوبەڕووی دادگا بۆتەوە، بەهۆی ڕەتکردنەوەی بۆ تێگەیشتنی زۆر لە دیاردەکان، بەبێ ئەوەی بە شێوەیەکی چڕ تەماشای ناوەڕۆکی بکات.
سوکرات دەڵێت: (من هەموو ئەو شتە مادییانەم ڕەتکردۆتەوە، کە بەنیسبەت خەڵکییەوە گرنگ بوون، وەک: پارەی زۆر، خاوەندارێتی، بەدەستهێنانی پێگەی سەربازی یان بەڕێوەبەرییەتی لەناو دەسەڵاتدا، پەیوەندیکردن بە یانەکان و پارتە سیاسییەکان کە لە شارەکەماندا دروست بوو بوون، من هەوڵم دا لە گەڵ هەر یەک لەوانە، عەقڵ و ئەخلاقییان چاک بکەن، لە بڕی بیرکردنەوە بۆ بەدەست هێنانی کار).
سوکرات خۆی هیچ نوسراوەێکی لەدوای خۆی لێبەجێ نەماوە، ئەوەی کە ئەمڕۆ لە سەری دەیزانیین بە هۆی نووسراوەکانی نووسەرانی پاش خۆیەتی، بەتایبەت نووسراوەکانی قوتابییەکانی ئەفڵاتون و پڵاتۆن و زینۆفۆن.
$ئەفڵاتون بەم شیوەیە وێنای ژیانی سوکرات دەکات$
لەناو کەشێکی پڕ لەهات و هاوار و لێتێنەگەیشتن و توڕەیی و توند و تێژی لەلایەن ژنەکەیەوە ژیاوە، ئەم ژنە کە ناوی (زانتیپ) بووە، ژنێکی بەوەفا و دایکێکی باش بووە بۆ سێ منداڵەکەی، بەڵام بەرامبەر سوکرات زمان درێژ و زۆر بڵێ و زۆردار بووە، گرفت و ئاژاوەی زۆری دەنایەوە، سەرچاوەی بێزاری و یاخی بوونی فەیلەسوفی گەورە سوقڕات بووە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک لە بەرەبەیانەوە لە ماڵ بچێتە دەرەوە، هەتا دوای خۆر ئاوابوون نەگەڕێتەوە.
سوکرات لە گەڵ ئەوەشدا کە ڕەخنەی ڕادیکاڵییانەی لە کۆمەڵگای یۆنانی گرتووە، بەڵام ڕاڕا بووە لەوەی ڕەخنە لە ژنەکەی خۆی بگرێت، لەهەندێک کاتدا وا لێکدانەوەی بۆ کردووە کە وەک گاڵتە جاری دەیبینێت. کاتێک ئەفڵاتون پرسیاری ئەوەی لێدەکات، هۆکار چی بووە کە ئەم ژنەی هێناوە، لە وەڵامدا دەڵێت: (ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێت ببن بە سوارچاکێکی شارەزا، ناچن بە لای ئەو ئەسپانەی کە لەنگی و کەموکورتییەکیان هەیە، بەڵکو بەلای ئەوانەی کە کارامە و بەهێزن، چونکە وا دەزانن ئەگەر بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە ئەسپانەدا بکەن، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن مامەڵە لەگەڵ شتە محاڵەکانیشدا بکەن. ئەو ڕێگایەی منیش هاوشێوەی ئەمەیە، من بە گشتی ئارەزووی ئەوە دەکەم لەگەڵ هەموو جۆرە مرۆڤێکدا مامەڵە و گفتوگۆ بکەم، بۆیە هاوسەرگیریم لە گەڵ ئەم ژنەدا کرد. ئەم ژنە ئەوەی بۆ سەلماندم، ئەگەر بتوانم بگونجێم لەگەڵیدا و بەرگەی بگرم، ئەوا لە پەیوەندییەکانمدا لەگەڵ کەسانی تر دا دووچاری هیچ ئاستەنگییەک نابمەوە).
سوکرات بە مامەڵە خراپەکانی ژنە دەمهەڕاشەکەی، پێدەکەنی، کاتەکانی بە گاڵتە جارییەوە لەگەڵدا بەسەر دەبرد، لەستراتیژی خۆیدا وەک کەسێکی بێتوانا دەیبینی، لەهەر جارێکدا ژنەکەی کە ئاوی دەکرد بە سەریدا، ئەوا لە دڵەوە بەکوڵ پێدەکەنی، لەیەکێ لە ڕۆژەکاندا، کاتێک سوکرات لەگەڵ قوتابییەکانیدا دادەنیشێت، ژنەکەی وەک پێشەی ڕۆژانەی لەبەرچاوی قوتابییەکانیدا، بەدەنگێکی بەرز هاوار بەسەریدا دەکات و جنێو و سوکایەتی پێدەکات، بەڵام ئەم جارەیان سوکرات دەحەپەسێت، کاتێک ژنەکەی لەبەرچاوی قوتابییەکانی سوراحییە ئاوەکە دەکات بە سەریدا، سوکڕات ئاوەکە لە سەر ڕووخساری دەسڕێت و دەڵێت: دەبوایە چاوەڕوانی ئەوەمان بکردایە کەلەم هەموو هەوەرە گرمەیە، باران ببارێت.
جارێکی دیکە یەکێکی دی لە قوتابیەکانی لێدەپرسێت، هۆکاری بەرگە گردنی ئەم مامەڵە خراپەی ژنەکەت چییە؟ لەوەڵامدا دەڵێت: (لەگەڵیدا ڕاهاتووم، وەک چۆن لەکاتێکدا بەدەنگی قاز ڕادێین، هەر وەک چۆن دەقیڕێنێت و بێزارمان دەکات، لەهەمان کاتیشدا هێلکەشمان پێدەبەخشێت، ژنەکەی منیش هەمانشتە، ئەو دایکی منداڵەکانمە). وا دەردەکەوێت کە هیچ هەڵبژاردەیەکی تری نەبووە، لێرەدا سوکرات لێکدانەوەکەی دەشوبهێنێت بەوەی، کاتێک هەندێک لەپیاوان شکست دەهێنن لە پەیوەندییەکانیاندا، ناچار دەبن ڕەزامەندبن لە پێناو پاراستنی منداڵەکانیاندا.
$لەگەڵ ئەوەشدا سوکرات بەم شیوەیە لەسەر زانتیپی ژنی دەدوێت$
من قەرزار باری ئەو ژنەم، ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا من فێر نەدەبووم کە دانایی لە بێدەنگیدایە و خۆشبەختیش لە نووستندایە.
هێمن و بێدەنگی و لەسەرخۆیی سوکرات لە وەڵام نەدانەوەی ژنەکەیدا، کاریگەریی دەکاتە سەر ژنەکەی وای لێدەکات کە بە جەڵتەی دڵ بمرێت.
بەڵێ، هاوسەرەکەی سوکرات مرد، لەدوای ئەو هەموو ناکۆکییەی کە هەیبوو لەگەڵ سوکراتدا. سوکرات کەسێکی هێمن و بێدەنگ و بەحەوسەڵە بوو، بەڵام ژنەکەی وەک گڕکان وابوو، ئەمەش وای لە ژنەکەی کرد لەشەوێکدا ئازارێکی توند بدات لە دڵ و شانی و لە هەمان شەودا بمرێت.
باسکردن لەگۆشەیەکی کەم لەژیاننامەی سوکرات، لەوانەیە یارمەتی دەربێت بۆ تێگەیشتن لە مامەڵەکردنی ژنەکەی بەو شێوەیە لەگەڵیدا، ژنەکەی بیروباوەرێکی باوی هەبووە، پەیوەستبووە بە داب و نەرێتەوە، بە پێویستی زانیوە کە سوکرات بە شێوەیەکی گونجاو هەڵسوکەوت لەگەڵ چواردەوریدا بکات، وەک: هەڵبژاردنی جلوبەرگ بۆی، پارە بەهای خۆی هەبێت بۆ بنیادنانی ژیانیان، بایەخدان بە ژیانی کۆمەڵایەتی و سەردانی کردنەکانییان، ڕێزگرتن لە یاساکانی ژیان و پێگەی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا، زۆر شتی هاوشێوەی ئەمانە، بۆ ئەوەی بتوانن بژین و لەناو کۆمەڵگادا ڕێزییان لێبگیرێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!