لە جەعفەر عەسکەرییەوە بۆ جەمیل زەهاوی
جێ پەنجەی کورد بەسەر شارستانیی عێراقەوە
زۆرێک لە ناوداران و کەسێتییەکانی کورد، خزمەت و دەستکەوتی گەورەیان پێشکەش بە شارستانیی عەرەبی کردووە لە بوارەکانی ژیان (مرۆڤایەتی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتوری، ئاینیی و فیکری …هتد).
$جەعفەر عەسکەری$
لەدایکبووی ساڵی 1885، کەسێتییەکی سیاسی و سەربازیی کوردی عێراقە، سەرۆک وەزیران بووە لە سەردەمی پاشایەتی لە عێراقدا. سوپای عێراقی دامەزراندووە و بەخۆی سەرپەرشتی پڕچەککردنی کردووە. نازناوی عەسکەری بۆ گوندی عەسکەری سەر بە پارێزگای #کەرکووک# دەگەڕێتەوە. لە کودەتا سەربازییەکەی بەکر سدقی کە بەسەر وەزارەتەکەی یاسین هاشمیدا کرا و سەربازەکان بەرپەرچیان دایەوە، کوژرا.
$ئیبن سەڵاح شارەزووری$
لە ساڵی 557ی کۆچی لەدایکبووە. لە سەرەتاوە لەسەر دەستی باوکی لە #شارەزوور# خوێندویەتی و پاشان بۆ دەستخستنی زانست چۆتە ناوچە جیاجیاکانی جیهانی ئیسلامی. لە موسڵ نیشتەجێ بووە و پاشان چۆتە بەغداد و دواتر #هەمەدان# و نیشاپور و خوراسان و حەلە بۆ دیمەشق و دواجاریش قودس کە دەستی بە وانە وتنەوە کردووە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ دیمەشق تا سەرپەرشتی خوێند بکات لە خوێندنگەی ئەیوبی.
لە ساڵی 643 کۆچی و 1245 زاینیی، لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە.
$بەکر سدقی$
سوپاسالاری سوپای عێراق، فەریق ڕوکن بەکر سدقی عەسکەری، دایک و باوکی کورد بوون و لە گوندی عەسکەری سەر بە پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 1886 لەدایکبووە.
خوێندنگەی جەنگی لە ئیستانبوڵ تەواوکردووە بە پلەی ئەفسەر، لە ڕیزەکانی سوپای عوسمانی لە یەکەمین جەنگی جیهانی بەشداریی کردووە، پاشان چۆتە ڕیزەکانی سوپای عێراق لە کاتی دامەزراندنی لە ساڵی 1921.
$بڵند حەیدەری$
پێشەنگی نوێگەرییە لە شیعری عەڕەبیدا، لە ساڵی 1926 لە بەغدا و لە خێزانی حەیدەری کوردی کوردستانی عیراق لەدایکبووە.
حەیدەری بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی شیعری نووسیووە، سوربووە لەسەر ناوەکەی بڵند حەیدەری، کاتێک بە عەڕەبی شیعری نووسیووە، لە کاتێکدا کە بە کوردی قەسیدەکانی نووسیووە خۆی وەک عەلی حەیدەری ناساندووە. لە ساڵی 1996 کۆچی دوایی کردووە.
$جەمیل سدقی زەهاوی$
شاعیر لە خانەوادەی بابانەکانی کوردستانە کە چەند سەدەیەک حوکمڕانی شارەزوور و دەوروبەریان کردووە.
لە ساڵی 1863 لە بەغداد لەدایکبووە، بە زەهاوی ناسراوە کە شارۆچکەیەکی سەر بە ویلایەتی #کرماشان#ی کوردە لە ئێران.
لە بەغداد خوێندوویەتی و لەوێ کاری وانەبێژی کردووە، پاشان بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی مەعاریف و دواتر بە بەڕێوەبەری چاپخانەی ویلایەت و وەک هەواڵسازیش لە ڕۆژنامەی زەورا کاری کردووە، هەروەها دووجار بە ئەندامی ئەنجومەنی نێردەکانی عوسمانی هەڵبژێردراوە، لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیش بە ئەندامی ئەنجومەنی پیاو ماقوڵانی بەغداد هەڵبژێردراوە.
زەهاوی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و فەرەنسی بە باشی زانیووە، لەگەڵ زمانی کوردی کە زمانی خۆی بووە، بە هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی شیعری نووسیووە. لە ساڵی 1936 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی خەیزەران لە ئەعزەمییە بەخاک سپێردراوە.
$مەعروف ڕەسافی$
لە ساڵی 1875 لە بەغداد لەدایکبووە، باوکی کورد و دایکی تورکمانی شاری کەرکووک بووە. ڕەسافی لە ژیانی خۆیدا لەنێوان بەغداد و ئەستانە و دیمەشق و قودس و شوێنەکانی تر هاتوچۆی کردووە، لە بواری وانەبێژی و ڕۆژنامەگەریدا کاری کردووە، وەک هەواڵساز لە ڕۆژنامەی (سەبیل ئەلرەشاد) لە ئەستانە کاریی کردووە و دواتر ڕۆژنامەی (ئەلئەمەل)ی لە ساڵی 1923 لە بەغدا دامەزراندووە.
رەسافی لە ساڵی 1912 لە ئەستانە بە ئەندامی ئەنجومەنی نێردەکانی عوسمانی هەڵبژێردراوە، بۆ جاری دووەمیش لە ساڵی 1914 هەڵبژێردراوەتەوە. لە ساڵی 1945 لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە.
$ئیبن حەلەکان$
دادوەر و مێژوونووس و ئەدیبی کورد، لە ساڵی 608 کۆچی- 1211 زاینیی لە #هەولێر# لەدایکبووە، لەسەر دەستی گەورە زانایانی وەک موئەیەد توسی لە موسڵ و کەمال بن یونس لە شام عەلی بن شەداد خوێندویەتی، چاوی بە گەورە زانایان کەوتووە و لە بواری ئەدەبدا داهێنانی هەبووە.
زانا و ئیمام و فەقێیەکی بلیمەت بووە، زۆربەی ژیانی لە میسر و شام بردۆتەسەر، وەک دادوەر لە میسر و دیمەشق کاری کردووە، پاشان بۆتە دادوەری دادوەرەکان، لە ساڵی 681 کۆچی – 1282 زاینیی کۆچی دوایی کردووە.[1]